سیروان شەریفی، کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز، بەهمەن مەعرووفی نژاد تەمەن ١٩ ساڵ، محەممەد کەریمنژاد خەڵکی بانە و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی فەردین نازداری تەمەن ٣٣ ساڵ، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم برینداربوون. ڕۆژی دووشەممە ٦ی سەرماوەز، فەردین نازداری، خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بووە. فەردین نازداری بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە و بارودۆخی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. بەیانیی رۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز، سیروان شەریفی، منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە شاری بانە دەست و لاقی بە سەختی بریندارکراوە. هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی بانە بە ناوی محەممەد کەریمنژاد، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لاق و پشتی بریندارکراوە. پێشتر واتە ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی بەهمەن مەعرووفی نژاد، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە گوللەی ساچمەیی پێکراوە و لاقی بە سەختی برینداربووە.