هێزە چەکدارەکانی رژیم جێگیر لە سنووری بەسامی سەقز ١٥ کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا پێنج کەسیان بە سەختی بریندار بوون و ١٠ کەس لەو کۆڵبەرانە بۆ دادگا گواستراونەتەوە و پێنج کۆڵبەرە بریندارەکە بە ناوەکانی سیامەک سوهرابی، هیوا، خالید، عەبدوڵڵا و کەیوان، بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، هێزەکانی هەنگی سنووری بەسامی سەقز، پێنج کۆڵبەریان بەناوەکانی سیامەک سوهرابی، هیوا، خالید، عەبدوڵڵا و کەیوان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندارکردووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکان دوای تەقەی ڕاستەوخۆ، لەسەر ڕێگەی گواستنەوەیان بەرەو نەخۆشخانەی شەفای سەقز ئەو کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و لە ئاکامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی هیوا بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی سیامەک، کە لە پشتی سەرەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللەی ساچمە بارودۆخی ناجێگیرە. هەروەها، ئەگەری گواستنەوەی یەکێک لەو کۆڵبەرە بریندارانە بەناوی عەبدوڵڵا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز لە ئارادایە. هەروەها دە کۆڵبەری دیکە کە دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ دادگا گواستراونەتەوە، دۆخی یاسایی و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان نادیارە. ئەو کۆڵبەرانە لە حاڵێکدا لە لایەن هێزەکانی هەنگی سنووری بەسامی سەقز دەستبەسەر و بریندار کراون کە دوای سێ ڕۆژ هەوڵدانی بێ ئاکام بۆ بژێوی ژیانیان، بێ ئەوەیکە هیچ شت و مەکێکیان پێبێت خەریکی گەڕانەوە بەرەو سەقز بوون.