سێ کۆڵبەری لاوی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “ستار شێخی”، “ئەیووب محەممەدزادە” و “عەتا سادقی” و هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوی “بورهان ڕەحمانی”، لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی عەتا سادقی و تەمەن ٣۵ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم دەستی بە سەختی بریندار بووە و دواتر بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی “شیفا” گووستراوەتەوە. هەروەها ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی ستار شێخی، تەمەن ٢٧ ساڵ و ئەیووب محەممەدزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەیووب محەمەدزادە بەهۆی قووڵیی برینەکەی و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە. هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوی بورهان ڕەحمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار بووە.