فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری تەسلیمی زۆروێژیی دەسەڵاتی ئیسلامی نابێت
پێنجشەممە ۲۶-۰۵-۱۴۰۲   |  17-08-2023

”هیچ کەس قەرار نییە ملکەچتان بێت”

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی قەتڵی ژینا “مەهسا” ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی کردەوەی سەرکوتگەرانەیان پەرەپێداوە. دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی سەرکوت بێجگەلە بەکارهێنانی هێزی ئەمنیەتی و نیزامی، لە باقی ناوەند و ئۆرگانەکانی حکوومەتیش کەڵک وەردەگرێ تا بەڵکوو بتوانێ لە سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتیی جەماوەر لەسەر شەقامەکان ڕێگری بکات. دەزگای ئەمنیەتی لە زانکۆکانی سەرانسەری ئێران بە حەراسەت و کۆمیتەکانی ئینزباتیی زانکۆکان ئیختیار و ئازادیی تەواوی داوە تا لەڕێگەی دەرکردن، تەحریم و تەعلیق و پەروەندەسازی فشار بخەنە سەر خوێندکاران و مامۆستایان. بەرینایی کردەوە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم نیشانەی ئەوپەڕی ترس و وەحشەتی دەسەڵاتە لە گەڕانەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام.

یەکێک لە گرینگترین مەیدانەکانی نەبەرد و بەرەنگاربوونەوەی ڕژیم بەرامبەربە خەڵک، بزووتنەوەی خوێندکاری و زانکۆکانە. لەم ڕووەوە ڕژیم لە گەلێک بواردا بۆ ئەم مەیدانە بەڕنامەڕێژی دەکات. دەمێکە هێزە ئەمنیەتییەکان لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپای پاسدران، حەراسەتی زانکۆکان، هێزە ئینتزامییەکان و باقیی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم دەست بەکار بوون تا بە وەڕێخستنی فەزای ترس و وەحشەت، خوێندکاران بخەنە ژێر گوشارەوە. خوێندکاران لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفونی، ناردنی پەیام بۆخۆیان و دایک و باوکیان هەڕەشەیان لێ دەکرێت و بانگ دەکرێن. یان بەشێوەی وەحشیانەی لەبەرچاوی خەڵک هێرشیان دەکرێتە سەر و دەستبەسەر دەکرێن. ڕژیم بە هێرشکردن و گوشارخستنە سەریان بەڵێنیان لێ وەردەگرێ کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری نەکەن. پەروەندەسازییان بۆ دەکات و ئەحکامی قورسی زیندان، بێبەریبوون لە خوێندن، تەعلیق و ئیخراجیان بۆ دەردەکات. ڕێکخراوی “شۆرای سیفیی خوێندکاران” گەلێک ڕاپۆرتی لە هەڕەشە و بانگکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بڵاوکردووەتەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کۆمەڵێک ڕاپۆرت لەسەر ڕەوتی سەرکوت و دەرکردنی مامۆستایان و خوێندکاران لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە زۆرێک لە زانکۆکان لەوانە لە زانکۆکانی تاران، بەهەشتی، عەلامەی تەباتەبایی، تەورێز، باهونەری کرمان، تەربیەت مودەرس، بەهارەکی ئەختەردانش، محەممەد مێهدی علومی، بڵاوکراوەتەوە.

کردەوەی ڕژیم دژبە خوێندکاران لەم ماوەیەدا بریتی بوون لە: ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو “کۆمیتەی بەدواداچوونی بارودۆخی دەسبەسەرکراوان” ناوی ١٤٧ خوێندکاری لە ٤٣ زانکۆ بڵاوکردەوە کە بەهۆی ئەحکامی ئینزباتی لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەدا لە مافی خوێندن بێبەریکراوان. لانیکەم ١٢ کەس لە خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەرس لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونیی گوماناویی کەسێکەوە بۆ وەزارەتی ئیتلاعات بانگکراون تا تەعەهودی کەتبییان لێوەرگرن. لە زانکۆی بوعەلیی هەمەدانیش زیاتر لە ٢٠٠ خوێندکاری کچ و لە کوردستانیش ژمارەیەکی زۆریان لە کەڵک وەرگرتن لە خابگاکانی خوێندکاران مەحروم کراون و پێیان وتراوە کە مەرجی لابردنی مەحرومیەت، دانی تەعەهودی کەتبییە بۆ بەشداری نەکردنیان لە ئیعتڕازاتدا. حکوومەتی ئیسلامی ئەم کردەوە قیزەون و زەبوونانەیەی لە زۆرێک لە زانکۆکانی دیکەش ئەنجامداوە. بێگومان ئەوە نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی پۆلیسی ئەمنیەتییە کە قانونی کەزایی خۆشی ژێر پێ دەنێت و هێزە ئەمنیەتییەکانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی خسووسیی کۆمەڵگا دەخاڵەت دەکەن. هەر ئەوانیشن کە بۆ قازییەکان جۆری دەرکردنی حوکم و ئاستی حوکمەکە دیکتە دەکەن. کردەوەیەکی دیکەی ڕژیم بۆ ڕێگری لە هەڵچوونی تووڕەیی خوێندکاران و جەماوەری خەڵک لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی “ژینا” کە تەقریبەن هاوکاتە لەگەڵ کرانەوەی مەدرەسەکان و زانکۆکان، ڕێگریکردن لە کرانەوەیان بۆ ماوەی دە ڕۆژ و بەڕێوەبردنی کلاسەکان بەشێوەی مەجازییە. بەم ئامانجە دەزگا ئەمنیەتییەکان، شارەداریی تاران و هاتوچۆی گشتیشیان بە خزمەت گرتووە تا بە بیانووی زۆربوونی ترافیک لەم ماوەیەدا، داوا بکەن کە کرانەوەی مەدرەسەکان وەدوا بخرێت. ئیسنا هەوانێریی خوێندکاریی ڕژیم ڕۆژی ٢٠ی مانگی گەلاوێژ لەسەر زاری مێهدی گوڵشەنی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ و ئومووری ناوچەکانی تاران باسی لە پێشنیاری داخستنی زانکۆکان و مەجازی کردنی کلاسەکانی دەرس بەبینانووی کەم کردنەوەی ترافیک لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەزبەر کرد.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە بزووتنەوەی خوێندکاری هەروا درێژە بە ناڕەزایەتییەکانی دژبە حکوومەتی ئیسلامی دەدات. زۆرێک لە خوێندکاران وڵامی بانگکردن و هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتییەکان نادەنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا، لە زیاتر لە ١٤٠ زانکۆ بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچووە و زیاتر لە ٧٥٠ کەس لە خوێندکاران بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەرکراون کە بۆ ژمارەیەکیان حوکمی قورسی زیندان دەرکراوە.

بارودۆخی دەسەڵاتی وەرشکستەی ئیسلامی هێندە شڵەژاو و لاوازە کە بە باوەڕی زۆرێک لە مەقاماتی ڕژیم، هاتنە سەر شەقامی جەماوەری ناڕازی و وەگیانهاتوو لە ڕژیمی ئیسلامی ئەمجارەیان چارەنووسی دەسەڵات دیاری دەکات. مستەفا ڕۆستەمی سەرۆکی ناوەندی نوێنەرایەتیی خامنەیی ماوەیەک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی دانشجویان و ئوستادانی بەکرێگیراوی بەسیجیدا هۆشداری دابوو کە: ”دوژمن پاشگەز نەبووە و لە ساڵڕۆژی بشێوییەکاندا زانکۆکان یەکەمین شوێنی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان دەبن” بەوتەی ئەم مۆرە ئەمنیەتییەی حکوومەت و بەپێی هەڵسەنگاندنی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، ئەگەر خەڵک لە ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا نەتوانن کارێک بکەن، شکست دەخۆن و خەیاڵی ڕژیم ئاسوودە دەبێت. بەر لەم کەسەش حسێن تائبی قاتڵ و ڕاوێژکاری نەزانی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانیش بۆ پەیوەنددانی بزووتنەوەی خوێندکاری بە دەرەوە وتبووی: ”ئەمریکاییەکان دەیانهەوێ کێشەکان بەرنە ناو زانکۆ و مەدرەسەکانەوە”.

بەڵام بەرامبەر بە وەها کردەوەگەلێکی سەرکوتگەرانەی ڕژیم کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەژێرناوی “هیچ کەس قەرار نییە ملکەچتان بێت”، وێڕای مەحکووم کردنی ئیقدامات و توندوتیژیی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم دژبە خوێندکاران لەسەر درێژەی ئیعتڕازاتی خۆیان بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان پێداگرییان کرد. لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ”لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هیچ ڕۆژێک جەوی زانکۆ ئارام نەبووە. حەراسەتی زانکۆ پێبەند بە هیچ چوارچێوەیەک نییە. بە مۆتۆر وەشوێن ئەو خوێندکارانە دەکەون کە لە حیجابەکەیان ڕازی نین. هەموو خوێندکاران دەخەنە ژێر گوشارەوە. خوێندکاران ئیعتڕاز دەکەن و وڵامیان بە شەپۆلی تەعلیق دەدەنەوە. ئێمە نەک زانکۆ بەڵکوو لە پایگای ئەمنیەتیی عەلامە تەباتەبایین و هەر لێرەوە بە بەرپرسانی سەرکوت دەڵێین: ”هیچ کەس قەرار نییە ملکەچتان بێت”. بێگومان ئەمجارەش وەک هەمیشە زانکۆ یەکێک لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شۆڕش دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی دەبێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co