فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لە پایەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا
چوارشەممە ۱۳-۰۷-۱۴۰۱   |  05-10-2022
بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لە پایەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا

هێستا سێ ڕۆژ لە دەستپێکی ئاخێزی ژینا تێپەڕ نەببوو کە خوێندکاران لە یەکەمین ڕاگەیاندنی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە بەم بزووتنەوەیە پەیوەست بوون. واتە بزووتنەوەیەک کە تێیدا ژنانی ئازادیخواز گرنگترین بنەمای ئایدیۆلۆژیکی ڕێژیمیان کردبووە نیشانە. کوشتنی وەحشیانەی ژینا توانای مەزنی ناڕەزایەتیی ژنانی خستە گەڕ. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز شەقامیان کرد بە سەنگەر و مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوتگەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. گومان لەوەدا نەبوو کە خوێندکارانی ئازادیخواز و یەکسانی خواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن بەم نەبەردە پەیوەست دەبن.

مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری، لانیکەم لە سەردەمی کودتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی و لە سەردەمی گەڕاندنەوەی پەهلەوی دووهەم بۆسەر کورسیی دەسەڵات لەڕێگەی کودتای ئیمپریالیستییەوە، ئەوەمان پێ دەڵێ کە خوێندکاران وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سیاسی و وەک شاخەکی هەستیاری کۆمەڵگە، ڕەنگدانەوەی  داخوازیی توێژ و چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بوون و بەپێی  ئاستی خەباتی چینایەتی، بەخێرایی لە هێزی سیاسیی چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری وەردەگرن.

ئەم بابەتە لە سەردەمی بە دەسەڵات گەیشتنی دژە شۆڕش لە بەفرانباری ٥٧ەوە هەر بەم شێوەیە بووە. لە حاڵێکدا کە کێشمەکێشێکی قووڵ لەسەر چۆنیەتیی درێژەی شۆڕش لەئارادا بوو، زانکۆ یەکێک لەو شوێنانە بوو کە هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان لە بەرامبەر یەکتریدا بەڕیز بوون. بەم جیاوازییەوە کە هەموو ڕێبوارێکی سادەش دەیتوانی ئەوە ببینێت کە زانکۆکان بوونەتە جێگە و پێگەی ئەو هێزە چەپ و ڕێکخراوانە کە خۆیان بە داکۆکیکاری چینی کرێکار و کۆمۆنیزم دەزانی. ڕێژیم تەنیا لەڕێگەی بەناو “ئینقلابی فەرهەنگی” و پەلاماری هەوسارپچڕاوی باندە حیزبوڵڵاییەکان و زیندانی کردنی هەزاران خوێندکار و مامۆستا توانیی بۆ دەورەیەک بێدەنگییەکی گۆڕستانی بەسەر زانکۆکاندا زاڵ بکات. بەڵام لە ١٨ی پووشپەڕی ٧٨دا بۆ جارێکی تر خوێندکارانی زانکۆکان، شەقامیان کردەوە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی دژبە ڕێژیمی ئیسلامی. ئەم ناڕەزایەتییە ئەگەرچی بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا، بەڵام لە جەرگەی ئەم شکست و سەرکوتەدا بۆ جارێکی دیکە نوتفەی بزووتنەوەی چەپی خوێندکاری بەسترا و هەروەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە سەری هەڵدەداوە. لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە زانکۆکانی ئێران بوون بە مەیدانی ناڕەزایەتی دژی پادگانی کردنی  زانکۆ و دیفاع لە ئازادیی ڕادەربڕین. خوێندکاران لە ئاخێزی مانگی بەفرانباردا هاوڕێ لەگەڵ خەڵک بە وتنەوەی درووشمی “ئسیلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا” گۆڕانکارییەکی گرنگیان لە وشیاریی جەماوەری خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکهێنا.

بزووتنەوەی خوێندکاری لەو کاتەوە بەرەو ئەملا بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایان، بۆ دیفاع لە کرێکارانی مانگرتووی حەوت تەپە و فوولادی ئەهواز و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی کەوتە خۆ. درووشمی “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانییانین”، “خوێندکار و کرێکار، یەکگرن یەکگرن” هەڵوێستی ستراتێژیکی بەشێک لە چەپی خوێندکاریی نیشان دەدات. لە خەزەڵوەری ٩٨دا دەڕۆنە ناو دڵی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بێبەشانی شارەوە و نوقمی خوێن دەکرێن. بەڵام تەنیا چەند حەفتە دواتری لە شازدەی سەرماوەزدا بوێرانە دێنەوە مەیدان و لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا دەنووسن: „ئێمە خوێندکار نین مەگەر  نیسبەتی خۆمان لەگەڵ خوێنە ڕژاوەکان و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاوکلاسییەکانمان و لەگەڵ کەشوهەوای ئەمنییەتیی زانکۆ دیاری بکەین. بێدەنگی لەم بارودۆخەدا یانی هاودەستی لەگەڵ سەرکوت، هاودەستی لەگەڵ بکوژانی هاوڕێیانمان. ئێمە دڵنیاین لەوەیکە بۆ جارێکی تر مشتی گرێدراومان دژبە کوشتاری خوێناویی ناڕازییان، دەسبەسەرکردنی هاوڕێیانمان و درێژەی ستەم و چەوسانەوە، زانکۆ  پڕ دەکا لە دەنگی ڕزگاری و یەکسانی.“ ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاخێزی مەهسا، خوێندکاران بەڵێنی خۆیان بردووەتە سەر  و بوونەتە “دەنگی ڕزگاری و یەکسانی”. ئەگەر ئەوکات دەیانگوت “لە حەوت تەپەوە تا تاران، زەحمەتکێشان لە زیندان” ئێستا دەڵێن لە کوردستانەوە تا تاران، خوێناوییە هەموو ئێران”، “لە زاهیدانەوە تا تاران، خوێناوییە هەموو ئێران”. ئەگەر ئەو کات دەیانگوت “هەڵاواردنی ڕەگەزی مەحکوومە”، ئێستا هاوار دەکەن “ژن، ژیان، ئازادی”. ئەگەر ئەوکات دەیانگوت “خوێندکار وشیارە، هاوڕێی کرێکارە”، ئێستا دەڵێن “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”.

لە دەستپێکی ئەم ئاخێزەوە هەتا ئێستا دەیان کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری دەسبەسەرکراون. خوێندکاران لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە نەچوونەوە سەر کلاسەکانی دەرس. هەروەها خوێندکاران خوازیاری ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و هەموو زیندانییانی سیاسی بوون. چالاکانی خوێندکاری لە زیاتر لە سەد و یازدە زانکۆ هاودەنگ لەگەڵ یەک لە بەیاننامەی جیاجیادا، لە ناڕەزایەتی دژبە سەرکوتی بێڕەحمانەی زانکۆکان و لە ناڕەزایەتی دژی توندوتیژیی بەرین بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی، داوایان لە سەرجەم خوێندکاران کرد کە نەڕۆنەوە سەر کلاسەکان و داواشیان لە مامۆستایانی خۆیان کرد کە پشتیوانییان لێ بکەن.

ئێستا لە حەفتەی سێهەمی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسادا سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم،  بزووتنەوەی خوێندکاران لەم ئاخێزە جیا ناکرێتەوە. خوێندکاران نەک هەر لە زۆربەی زانکۆکان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، نەک هەر بانگهێشتی مامۆستایان دەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو مانگرتنەکە و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئێستا بکەن، بەڵکوو بەشێکی هەمیشەیی لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام پێکدەهێنن. لە هەر کوێ پێویست بووە دەرگای زانکۆکانیان شکاندووە و هاتوونەتە سەر شەقام. هاواری ڕەسای خوێندکاران بە درووشمی “ئازادی، ئازادی، ئازادی”، “پێی مەڵێن ئیعتڕاز، ناوی بنێن ئینقلاب”، “قەرارمان هەموو ڕۆژێیە، وا مەزانن ئەمڕۆیە”، “هەژاری و گەندەڵی و بێداد، مەرگ بۆ ئیستبداد”، ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” لە هەموو شوێنێک دەنگ دەداتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی مانگی ڕەزبەر سەرکوتگەران زانکۆی شەریفیان گەمارۆ  دا و هێرشێکی وەحشیانەیان کردە سەر خوێندکاران و دەیان کەسیان دایە بەر گولـلە و دەیان کەسی تریشیان زیندانی کرد، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە، خوێندکاران بە عەزم و ئیرادەوە لەسەر درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان پێداگرییان کرد.

واقعییەت ئەوەیە کە لانیکەم لەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بە قازانجی حاشیەنشینان و بە قازانجی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێکهاتووە، بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بە دەنگی ڕەساوە ڕایگەیاندووە کە لە بەرەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی پێشڕەوی کۆمەڵگادایە، و ئێستاش کە شەقامەکان بوونەتە سەنگەری ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی دەسەڵاتدار، خوێندکاران  پایەیەکی هەمیشەیی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەن. بێگومان خوێندکارانی مانگرتوو چاوەڕوانی هاتنە مەیدانی بەهێزی چینی کرێکارن لە ڕێگەی مانگرتنی گشتی و سەرانسەرییەوە بۆ زەمانەتکردنی پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دژبە ڕێژیم. فەرامۆشی نەکەین کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هێزی چەپ و پێشکەوتنخواز چاوی هیوای لە چارەنووسی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بڕیوە. زیاتر لە هەمووانیش ئەوە ژنانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە لە کێشمەکێش و بەرەنگارییان دژبە ئیسلامی سیاسی و ئاپارتایدی جنسییەتی، ئاواتەکانیان لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ژێروژوورکەری ئێستای ئێراندا دەبینن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co