فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

به‌رده‌وامبوونی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بە ئێعدامی محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی
چوارشەممە ۰۴-۱۱-۱۴۰۲   |  24-01-2024

ڕێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ لە ڕاگه‌یندراوێكدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا بە ڕێژەیەکی مەترسیدار و بەرچاو جێبەجێکردنی سزای لەسێداره‌دانییان پەرە پێداوە و رایگەیاند؛ كه‌ پێویستە وڵاتانی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە سزای ئێعدام گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.
ئەم ڕێکخراوە هۆشداریی دا كه‌ لانیکەم ١١ بەندکراوی دیکە بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنیەتی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەرگیز نابێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێت و ئەمەش پێشێلکارییەکی جیددی مافی ژیانە.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤی “هەوڤار هێڵپ” لە ئاڵمان، بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی و شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، داوای لە حکوومەتی ئاڵمان کرد کە پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی لەگەل ڕژیمی ئیسلامی بپچڕێنێ.
بەڕێوەبەری دامەزراوەی مافی مرۆڤی هەوڤار هێڵپ، داوای کرد کە یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسداران بخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانییەوە.
هەروەها نۆربێرت ڕۆتگن، ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی پەرلەمانی ئاڵمان ڕایگه‌یاند كه‌ ئەستەمە بەرگەی ئەم نادادپەروەرییە بگرین، هەروەها سەختە بەرگەی ئەوە بگرین کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە زۆر وڵاتاندا پێشوازییان لێ دەکرێت.
له‌ سێداره‌دانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ لایه‌ن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە بێجگه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی دەوڵەتان و كه‌ساییه‌تیه‌ سیاسییه‌كان، كاردانه‌وه‌ی چین و توێژه‌ جۆراوجۆرەکانی كۆمه‌ڵگای لێ كه‌وته‌وه‌.