فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزەکانی گه‌شتی ئێرشاد كچێك چووە‌ نێو كۆمای
پێنجشەممە ۲۴-۰۶-۱۴۰۱   |  15-09-2022

ژینا ئەمینی (مەهسا ) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان، لە لایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووەتە کۆما و ئاستی وشیاری لە خوارەوەیە و لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران گیراوە و بە بەتووم لە سەریان داوە و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزەرای ئەو شارە. یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە بە باتۆم لە سەریان داوە و بە توندی بریندار بووە. دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک چێتوە و بە ئەمبوڵانس گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و تا ئێستا ئاستی وشیاری ٣ ڕاگەیەندراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینیان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک و دڵ بووە و هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە. بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا ڕاگیراوە،بەڵام ئیزنیان نەدا فیلم هەڵبگرن، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە جەستەی ژینا ڕەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە. ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕاگەیاند، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیا دەرەکیەکان قسە بکەن.