بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی ڕێبەندان بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.٨ ڕیشتەر بەشێکی بەرینی لە ناوچەکانی باشووری تورکییە و باکووری ڕۆژئاوای سووریەی لەرزاند. دوای ڕوودانی ئەم بوومەلەرزەیە، پاش نیوەڕۆی دووشەممە چەندین پەسلەرزەی توند لە ناوچەکانی ناوەندی تورکییەش ڕوویاندا کە هێندێکیان تا ٧.٥ ڕیشتەر تۆمار کراون. بەهۆی ئەم بوومەلەرزانە هەزاران بینا لە ناوچەیەکی بەرین بە پانتایی چەند سەد کیلۆمتر، لە دیاربەکری ڕۆژهەڵاتی تورکیەوە تا حەلەب و حەما لە باکووری سووریە وێران بوون. تەنیا لە تورکییە لانیکەم ٤ هەزار بینا ڕووخان. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەتا ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، هەزاران کەس بریندارن و هەزارانی تریش لەژێر ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە. بەهۆی ئەم بوومەلەرزانەوە شوێنی ژیانی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە ئاوارەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریە کە لە بینا نیمە وێرانەکانی ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە دەژیان زیانێکی بەرینیان بەرکەوتووە. پێشبینی دەکرێ کە ژمارەی تەڵەفاتی ئەم ناوچانە زیاتر لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی تر بێت. دانیشتووانی ئەم ناوچە شەڕلێدراوانە کە هەموو پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان لەوانە خۆراک و ئیمکاناتی پزیشکی لەڕێگەی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەوە وەردەگرن، نیگەرانیی ئەوەی دروستکردووە کە ئەم بوومەلەرزەیە بووبێتە هۆی ئەوەیکە چیتر یارمەتییان پێ نەگات.
ئەگەرچی هەتا ئێستا زیاتر لە پەنجا وڵاتی جیهان ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ ناردنی تیمەکانی گەڕان و یارمەتیدان، ناردنی کۆمەکی پزیشکی و ماڵی بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، بەڵام یارمەتییەکان لەگەڵ پانتایی ئەم کارەساتە ئینسانییە یەک ناگرێتەوە. لەو نێوەدا لە ناردنی کۆمەکی ئیمدادی و پزیشکی بۆ ناوچە شەڕلێدراوەکانی سووریە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە میلیشیاکانی سەربە دەوڵەتی تورکییەدان هیچ خەبەرێک نییە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ کە ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەی باشووری تورکییە و باکووری ڕۆژئاوای سووریە لەوانەیە ٨ بەرابەر بێتەوە. ئەگەرچی تەڵەفاتی ئینسانی کارەساتە سرووشتییەکان بەتایبەت بوومەلەرزەی بەم توندییە چارەهەڵنەگرە، بەڵام ئەوەیکە وێرانکاری و تەلەفاتی ئینسانیی ئەم کارەساتانە هێندە بەرین و ناڕوونە، خۆی ڕیشەی لە موناسباتی چنیایەتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدایە. بەرینایی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، نائەمنیی کۆمەڵایەتی، ژیان لە بینا نیوە وێرانەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریە، ژیان لەناو ئەو ئاپارتومانانەدا کە لە کاتی سازکردنیاندا هیچ موقاومسازییەکیان لەبەرابەر ئەم بەڵایانەدا بۆ نەکراوە، نەبوونی خزمەتگوزاری لەلایەن دەسەڵاتەکان، هەر هەموویان لە زومرەی ئەو هۆکارانەن کە ڕووداوێکی سرووشتی دەکەنە کارەساتێکی ئینسانی.
ئەگەر بوومەلەرزە ڕووداوێکی سرووشتییە، بەڵام بەرینایی زیان و ئاکامەکانی مۆری کۆمەڵگای چینایەتیی پێوەیە. هەر ئەوەندە بەسە تا ڕێژەیەک لەو بوودجەیەی کە دەوڵەتی تورکییە دەیکاتە خەرجی ئەرتەشی تورکییە وەک دووهەمین ئەرتەشی بەهێزی ناتۆ و موداخلە لە شەڕە وێرانکەرەکانی ناوچەکە، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری و دابینکردنی مەسکەنی موناسب بەکاری بێنێت تا تەڵەفاتی ئەم جۆرە ڕووداوە سرووشتییانە کەم بنەوە. ئەگەر هێزە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە و جیهان، سووریەیان نەکردبایە مەیدانی شەڕی نیابەتی و دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ هێستا ملیۆنان کەس لە خەڵکی سووریە مەجبوور نەبووایەن لە ماڵە کاولەکاندا بژین بێگومان تەڵەفاتی ئەم بوومەلەرزەیە دەهاتە خوارێ.
کەوابوو لە هەموو کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریدا چۆنیەتیی کاردانەوەی دەوڵەتەکان بەرامبەر بە ڕووداوەکانی سرووشت و بوومەلەرزە تابعێکە لە ئاستی خەبات و ئاستی ڕێکخراوبوونی خەڵک و پێشڕەوانی لەپێناو بەڵێندارکردنی دەوڵەتەکان بەو ئەرکانەی کە دەبێ ئەنجامی بدەن. واقعییەت ئەوەیە کە خەبات بۆ هێنانەخوارەوەی تەڵەفاتی ئینسانی لە کاتی ڕووداوە سرووشتیەکان ئاستی خەباتی هەمەلایەنە دژبە نابەرابەرییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات. وادارکردنی دەوڵەتەکان بۆ دروستکردنی پێکهاتەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی وەک لافاو و تۆفان، ئاگرگرتنی دارستانەکان و بوومەلەرزە و دامەزراندنی ئەنباری پێداویستی و پەناگە و شوێنی مانەوە بۆ کاتی زەرووری و دابینکردنی ئیعتباراتی ماڵیی ئەم پڕۆژانە بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرمایەداری و خاوەنداریەتیی تایبەت، بەبێ هێنانەخوارەوەی بەرچاوی بوودجەی نیزامی و ئەمنی و دەزگا پان و بەرینەکانی بوروکراسیی دەوڵەتی مومکین نییە. لەبارودۆخی ئێستاشدا تەنیا لەڕێگەی فشاری بیروڕای گشتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە خوارەوە و بە هێزی هاوپشتی لەگەڵ بوومەلەرزەلێدراوانە کە دەکرێ دەوڵەتانی تورکییە و سووریە و زلهێزەکانی سەرمایەداری لەئاستی جیهان وادار بکرێن کە کۆمەکی گونجاو لەگەڵ ئاستی ئەم کارەساتە ئینسانییە، بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بنێردرێ. دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەدان ملیارد دۆلار کۆمەکی ماڵی و تەسلیحاتییەکان بۆ ئۆکراین ناردووە تا ئاگری شەڕێکی ئەمپریالیستی و وێرانگەر گەشاوە ڕابگرن. چۆن دەبێ نەتوانن بۆ ئەو ناوچە بوومەلەرزەلێدراوانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیای چەکدار لە سووریەدان یارمەتی بنێرن؟
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە