فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بوومەلەرزەی وێرانکەر لە خۆیەوە تا تورکیا و سوریا؛ پەیامی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان‌!
شەممە ۲۲-۱۱-۱۴۰۱   |  11-02-2023

بوومەلەرزەی وێرانکەر لە خۆیەوە تا تورکیا و سوریا؛ پەیامی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان‌!

ڕۆژی دووشەممە دوو بوومەلەرزەی توند بە گوڕی حەوت و نیو ڕیشتەر ناوچەیەکی بەرینی لە باشووری تورکیا و باشووری ڕۆژئاوای سوریا لەرزاند و زەرەر و زیانی گیانی و مادیی بەرینی لێ کەوتەوە. ئەم بوومەلەرزەیە لە ئێران، عێراق و لۆبنانیش هەستی پێکرا. بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، هەتا ئێستا نزیکەی دە هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان هەزار کەس بریندارن و ئاماری تەڵەفات سەعات بە سەعات لە حاڵی زیادبووندایە. ڕژیمی تورکیا لە کۆمەڵگەی جیهانی داوای یارمەتیی خێرای کردووە و هەتا ئێستا نزیکەی حەفتا وڵات و بیست ناوەندی نێونەتەوەیی وڵامی ئەرێنیان پێ داوەتەوە.

یەکێک لە ناوچە زیاندیتووەکانی سوریا، ئەو بەشەیە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەیارانی جەهادیستی دەوڵەتی سوریادایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی فریاکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم گرووپە لە چوونی یارمەتی بۆ ئەم ناوچەیە ڕێگری دەکات. ئەم ناوچەیە لەماوەی شەڕی ناوخۆیی دە ساڵە لەگەڵ ڕژیمی بەشار ئەسەد تووشی وێرانیی بەرین و هەژاری و فەلاکەتی زۆر بووە و بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەشەوە دانیشتووانی ناوچەکە کەوتوونەتە بارودۆخێکی دڵتەزێنەوە و لە یارمەتی و کۆمەکی نێونەتەوەیی هیچ خەبەرێک نییە.

نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەریش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی شەش ڕیشتەر شاری خۆی و ناوچەکانی دەوروبەری لەرزاند و هەزاران کەس لە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە سەرمای زستاندا بێ ماڵ و سەرپەنا مانەوە. بێتوانایی ڕژیم لە یارمەتی گەیاندنی خێرا بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی خۆی، دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم ناوچەیە و گشت خەڵکی ئێرانی بەرز کردەوە. ڕژیم بەربەستی زۆری بۆ ڕێگری لە ناردنی یارمەتیی سەربەخۆی خەڵک پێکهێنا و لەجیاتی ناردنی هێزی فریاکەوتن و دروستکردنی سەرپەنا و دابینکردنی کەرەستەی گەرمکەرەوە و خۆراک و پێداویستیی پزیشکی، یەگانی ویژەی دژەشۆڕشی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و بۆ بڵاوەپێکردن بە خەڵکی ناڕازی ماشێنی ئاوپاشی بەکارهێنا. ئێستا بەوپەڕی بێشەرمییەوە ئیدیعا دەکات کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەکی زۆری ڕەوانەی تورکیا و سوریا کردووە.

کارەساتی بوومەلەرزە لە ئێران و تورکیا و سوریا بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ڕژیمە سەرمایەدار و کۆنەپەرستەکان، گیانی خەڵک بەلایانەوە هیچ گرینگ نییە.

مرۆڤ ئەگەرچی هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەربە ڕووداوە سرووشتییەکانی وەک بوومەلەرزە بگرێت، بەڵام توانیویەتی و دەتوانێ بە ڕەچاوکردنی ستانداردەکانی دروستکردنی خانوو و موقاومکردنیان لەبەرامبەر بوومەلەرزە، بەربە وێرانی و لەوەش گرینگتر بەربە تەڵەفاتی ئینسانی بەرین بگرێت. بەڵام شیرکەتەکانی بیناسازی و بورژوازیی مەسکەن لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج و هێنانەخوارەوەی ئاستی خەرجییەکانیان، هەوڵ دەدەن بەشێوەی جۆراوجۆر ستانداردەکان ڕەعایەت نەکات و لەو نێوەدا، ڕژیمە کۆنەپەرست و بوروکرات و گەندەڵەکانیش لە خزمەتیان دان تا بە گیان و ماڵی ملیۆنان کەس کایە بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا خورافاتی مەزهەبی بۆ نموونە ئەوەیکە بوومەلەرزە “خواست و ئەزموونی ئیلاهی”یە دەبێتە یارمەتیدەری دەوڵەتە دژەخەڵکی و کۆنەپەرستەکان تا داماوی و بێتوانایی خۆیان لەئاست پاراستنی گیانی ئینسانەکان پاساو بکەن.

پێشکەوتنی زانست لەبواری بیناسازی لە هێندێک لە وڵاتان، نیشانی داوە کە دەکرێ بیناکان بەجۆرێک دروست بکرێن کە تەنانەت بوومەلەرزەی دە ریشتەریش تەحەمول بکەن. کەوابوو ئەگەر ناکرێ بەربە بوومەلەرزە بگیرێت، بەربە خەسارات و کارەساتە ئینسانییەکەی دەکرێ بگیرێت و ئەمەش بەبێ خەبات دژبە قازانجپەرستیی نیزامی سەرمایە و دەوڵەتانی گەندەڵی پشتیوانی مومکین نییە.

ئێمە وێڕای تەئکید لەسەر ئەو حەقیقەتە و زەروورەتی خەبات لەدژی مافیای مەسکەن و بوروکراسیی گەندەڵ، باوەڕمان وایە ئەوەیکە لەئێستادا ملیۆنان کەس لە بوومەلەرزەلێدراوان لە تورکیا و سوریا و خۆی پێویستییانە، ڕەوانەکردنی بەرینی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی، دابینکردنی سەرپەنا بۆ خەڵکی ئاوارە و ناردنی دەسبەجێی تیمی فراکەوتنی دەورەدیدەیە لە سەرانسەری جیهانەوە تا بتوانن ئەو هەزاران کەسەی کە لەژێر ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە نەجات بدەن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، وێڕای دەربڕینی هاودەردیی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی بوومەلەرزەکانی ئەم دوایانە، خوازیاری هاوپشتیی جیهانییە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو کە ملیۆنان کەسیان هەر ئێستا پێویستیان بە کۆمەکی خێرایە. بە بێ ناردنی کۆمەکی دەستبەجێ و فراوان، گەلێک ڕووداوی دڵتەزێن چاوەڕێی خەڵکی ئەم ناوچانە دەکات.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستیەکان

١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ – ٨ی فێوریەی ٢٠٢٣

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت