ئێوارەی ڕۆژی سێ شەمە ۲٥ی ڕێبەندان و ۱٥۲ ڕۆژ دوای دەست پێکردنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، بیست ڕێکخراوی پیشەیی لە ناوخۆی ئێرانەوە بە واژۆ کردنی مەنشوورێکی هاوبەش، “لانیکەمی داخوازییەکانی ڕێکخراوە سەربەخۆ پیشەیی و مەدەنییەکانی ئێران”یان لە دوازدە خاڵدا بڵاو کردەوە. واژۆکارانی ئەم مەنشوورە هاوبەشە بە ئاماژە کردن بە ئامادەیی گرووپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا نووسیویانە: “ئاڵای ناڕەزایەتییە بنەڕەتییەکان کە ئەمڕۆ بە دەستی ژنان، خوێندکاران، قوتابیان، مامۆستایان، کرێکاران، دادخوازان، هونەرمەندان، کویرەکان، نووسەران و سەرجەم خەڵکی ستەملێکراوی ئێران لە سەراسەری وڵات لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلووچستان بەرز کراوەتەوە و بێوێنەترین پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی بۆخۆی ڕاکێشاوە، ناڕەزایەتی دەربڕینە بە دژی ژنکوژی و هەڵاواردنی جنسی، نائەمنی بێکۆتایی ئابووری، کۆیلایەتیی هێزی کار، هەژاری و بێدەرەتانی و ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوەیی و ئایینی، و شۆڕشێکە بە دژی هەموو شێوەکانی ستەمکاریی ئایینی و نائایینی کە لە درێژەی یەک سەدەی ڕابردوودا، بەسەر ئێمە -جەماوەری خەڵکی ئێران-دا سەپێندراوە.”