فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆشایی نێوان جەماوەری ناڕازی و ڕژیم ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە
دوشەممە ۲۲-۰۹-۱۴۰۰   |  13-12-2021

لەگەڵ گەشەی بەردەوامی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران و جووتیاران، کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە هیچ ڕێگایەک بێجگەلە سەرکوت لەبەردەم خۆیدا نابینێت. سەرکوت، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی حوکمی زیندانی درێژماوە دژبە چالاکان بەجۆرێک پەرەیسەندووە کە لە لایەکەوە نیشانەی ترسی سەرانی ڕژیمە و لایەکی دیکەشەوە نیشانی دەدات کە جەماوەری ناڕازی بەهیچ شێوەیەک لە دەربڕینی خواستەکانیان پاشگەز نابن. جەماوەری خەڵک ئەگەرچی لە دژوارییەکانی زیندان، ئەشکەنجە و حوکمی درێژماوە ئاگادارن، بەڵام لە هەمان حاڵدا بەوەش گەیشتوون کە هێز و توانای جەماوەر لە سەرکوتێک کە سەرانی ڕژیم ڕۆژانە بەسەریاندا دەسەپێنن، یەکجار زیاترە. هەر ئەم مەسەلەیە گەلێک بواری بەنرخ و جێگای سەرەنجی پێکهێناوە. هاوکاریی جەماوەر لە ناوخۆ و دەرەوی وڵات بۆ پشتیوانی لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە گرفتاری دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بوون یەکێک لە بوارەکانی ئەم هاوپشتییە کۆمەڵایەتییانەیە. 

بۆ کۆماری ئیسلامی دەمێکە دەرکەوتووە کە ناتوانێ ئەو کوشتارەی کە لە ڕۆژانی پاش هاتنەسەرکاریدا وەڕێیخست و لە ماوەی دەیەی ٦٠دا بەوپەڕی خۆی گەیاند، درێژە پێبدات. هەربۆیە بەناچار هەڵوێستی نەرمی سەرکوت و هەوڵ بۆ جێخستنی کلتووری ئیسلامیی گرتووەتە و تا بە ئەمڕۆش هەزینەی یەکجار زۆری بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە. هەوڵ بۆ جێخستنی کلتووری جەهادی ئیسلامی لە بەرەی بەناو حەق دژبە باتڵ، بوو بەهۆی ئەوەیکە ئۆرگانەکانی وەک ئێرشاد و تەبلیغاتی ئیسلامی پێکبێن و هەوڵیان دا بە هەزینەکردنی بوودجەی بەرین خەڵک بەو باوەڕە بگەیەنن کە پێگەی دایک و باوکێک کە ڕۆڵەکەیان لە ڕێگای ئیسلامدا فیدا دەکەن چەندە بەنرخە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکیی چینایەتی و دوور کەوتنەوەی بەرچاوی چینی مامناوەند و ئەو توێژانەی کە بەرژەوەندییان بە بەرژەوەندی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامییەوە گرێی خواردبوو و بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا پاش کوشتاری بەرینی ٩٦ و ٩٨ و ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەهان وەک یەکێک لە شارە گەورەکانی ئێران کە خاوەن زۆرترین کوژراوەکانی شەڕی ئێران و عێراقە، هاوسەنگی بەقازانجی خەڵک و دژبە دەسەڵات گۆڕدراو. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە هەموو ئەو خۆشباوەڕییانەی کە دەرخواردی خەڵکیان دابوو کە گۆیا ئیسلام تەنیا ڕێگای ڕزگارییە و ڕزگاریی ئیسلام ڕزگاریی مرۆڤایەتییە و ئەوە ئەرکی سەرشانی شیعەکانی ژێر فەرمانی خومەینییە کە بە لەبەیکی خۆیان یارمەتیی جیهانی ئیسلام بدەن، بوو بە گاڵتەجاڕی. ئاواژوو نیشاندانی واقعییەتە کۆمەڵایەتییەکان لە جەرگەی ناکۆکیی چینایەتی و کێشمەکێشی بەرژەوەندی ماددیی جۆراوجۆر، لە ماوەی پتر لە ٤ دەیەدا ئاکامێکی پێچەوانەی بۆ دەسەڵات لێکەوتووەتەوە. هاواری یەکێک لە ناڕازیان کە وتی ئاوی ئێمە دەدزن تا ئەو سەرمایەدارانەی کە خاوەنی کارخانەکانی فوولادن بە قازانجی ملیۆنی بگەن ماناکەی دیکەی ئەوەیە کە ئەگەر لە دەیەی ٦٠دا لە شارەکانی وەک ئیسفەهان ژمارەیەکتان بۆ شەڕ دژبە شۆڕشگێڕانی کوردستان و تورکەمەن سەحرا نارد، مێژووتان جەعل کرد و دەستان کرد بە هەڵیت و پڵیت، ئەمجارەیان زایەندەڕوودی ویشک بوو، دەستی پینەبەستووی جووتیار و موعەلیمێک کە حەقدەستی چەندین بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری وەردەگرێت، خاڵی پێکگەیشتنی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتە. ئەمڕۆ هیچ جێگایەک بۆ هەڵیت و پڵیت وتن و ساختەکاری نەماوەتەوەوە  و خەڵک بۆ ساتێکیش ڕاناوەستن و  ماڵی تاڵانکەرانێک کە ڕوو بە خەڵک تەقە دەکەن، ئاگر تێبەردەدەن. 

وەڕێخستنی ڕێوڕەسمی گاڵتەجاڕیی ژنانی سپی و سەوز پۆش لەشاری سنە درێژەی هەمان داستانی سەرکوتی نەرم دژبە خەڵک و بەتایبەت دژبە ژنانە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و دەورونەخشێک کە ژنان لەم خۆڕاگرییەدا بوویانە و ترسی ڕژیم لە وشیاریی هەرچی زیاتری خەڵکی باقیی شارەکان، ئەویش لە باروودۆخێکدا کە دەمێکە زەنگی مەترسی بۆ ڕژیم هاتووەتە دەنگ، لە گاڵتەجاڕیی ڕێکخراوی ژنانێکدا کە ڕازی بوون ببنە ئامرازی ناو دەستی پیاو، خۆی نیشان دەدات. ئەم گاڵتەداڕییە لە ڕێگەی ڕەگە مەزهەبییەکانی ناو کۆمەڵگاوە، بەنیازە زەربە لە مێژووی خوێناوی و گیانفیدایانەی ژنانی خەباتکار و شۆڕشگێڕی کورستان و باقیی شوێنەکانی دیکەی ئێران بدات. ترسی ڕژیم لە ژنانێکی وەک “شەهێن باوەفا”، “شەهلا کۆلاەقووچی”، “سووسەن فەریقی”، “ئارەزوو دووستکامی”، “عەتیە شەریفی”، فەرەنگیس شاهۆیی”، بەیان بەرقڕوو”، “نەزیفە لۆتفوڵڵاهی” و سەدان کادری کۆمۆنیست و تێکۆشەرە  کە سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و دژواری و سەختییەک هەروا دژبە کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەی ژنانی بوێر کە زیندانیان کردووەتە گۆڕەپانی خەبات، زیاد دەبێت. ئەم ڕێژەیە، نیشانەی ترس لە تووڕەیی و هیوایەکە کە دایکانی گیان بەختکردووانی دەیەی شەست، لە کوردستان و خاوەران بە دایکانی ئەمڕۆیان داوە تا نیشانی بدەن کە خۆڕاگری و خەبات هەر لە سەرەتاوە لە ئارادا بووە و تا بە ئەمڕۆش درێژەی بووە. 

گومان لەوە دا نییە کە دەست و پێ لێدانی کۆماری ئیسلامی چ بە شێوەی کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە و یان لەڕێگەی وەڕێخستنی کارناواڵی گاڵتەجاڕی بە یارمەتیی بەکرێگیراوانێکی وەک “نەهرۆ کەسنەزانی” کە هەم لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تەغزییە دەکرێت و هەم لە لایەن ڕەوتەکانی ناوچەکە، ناتوانێ لە تووڕەیی و بێزاریی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی کەم بکاتەوە. هەرچەند نابێ واقعییەتی حاشاهەڵنەگری بیروباوەڕی مەزهەبی لەبەرچاونەگرین و لەبیرمان بچێتەوە کە هەر ئەم ڕەگە کۆنەپەرستانەیە، لەسەر بەستێنی بەرژەوەندی ماددی دەتوانێ مەترسیدار بێت و ببێتە ڕەوتی تیرۆریستی مەزهەبیی وەک داعش، بەڵام لە هەمان حاڵدا ئاشکرایە کە  کۆماری ئیسلامی، بە پێگەی ڕوولە لاوازبوونییەوە وەک یەکێک لە پێگەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە، ئیتر ناتوانێ بە هیچ تاکتیکێک جەماوەری ناڕازی لە شەقامەکانەوە بەرەو خانەقا و تەکیەکان ڕابکێشێت.