ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی سەرماوەز “سێرگێی لاڤرۆڤ” وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە مەراکش بەشداریی کرد و بەیاننامەی هاوبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەی واژۆ کرد. لە بەشێک لەم بەیاننامە هاوبەشەدا سەبارەت بە حاکمیەتی سێ جەزیرەی تۆنبی گەورە، تۆنبی چکۆلە و ئەبوموسا، لەسەر مافی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەپێی مافی نێونەتەوەیی و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەدژی کۆماری ئیسلامی تەئکید کراوە و ڕاگەیەندراوە کە ناکۆکی لەسەر بابەتی حاکمیەتی ئەم سێ جەزیرەیە لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان لەوانە “دیوانی نێونەتەوەیی داد” بە لەبەرچاوگرتنی مەشرووعیەتی نێونەتەوەیی چارەسەر دەکرێت. هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە کە لەمبارەوە ڕووسیە بە قازانجی ئیمارات هەڵوێست دەگرێ. لە مانگی پووشپەڕدا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی “شۆرای هاوکاریی کەنداو” لە مسکۆی ڕووسیە بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەشدا بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بەیاننامەیەکی هاوشێوە واژۆ کرا. لەو بەیاننامەیەشدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە هەوڵی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە لەپێوەند لەگەڵ چارەسەرکردنی حاکمیەتی ئەم جەزیرانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لەسەر بڕیاری “دیوانی نێونەتەوەیی داد” تەئکید کرا. لە بەیاننامەیەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی مسکۆدا، بەرنامەی پێنج ساڵەی کردەوەی هاوبەش لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٨ واژۆ کرا. بەرنامەیەک کە بەهۆی پڕسوودبوونی بۆ ڕووسیە بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی ئابووریی ڕووسیە بەهۆی درێژبوونەوەی شەڕ لە ئۆکراین توندتر بووەتەوە، یەکجار سەمەربەخشە. بەڕێوەچوونی ئەمجۆرە کۆبوونەوانە لەلایەن میسکۆوە و دەربڕینی ئەم هەڵوێستانە سەبارەت بە حاکمیەتی جەزیرەکان، لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە یەکێک لە هاوپەیمانانی ڕووسیە و چین دەزانێ، نیشانەی بایەخنەدانی دەوڵەتی ڕووسیەیە بە کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر دەوڵەتانی عەرەبیدا. بێ تەوەجوهیی ڕووسیە بە موناسباتی دیپلۆماتیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بوارەکانی دیکەشدا خۆی نیشان داوە. بۆ نموونە ڕووسیە لە ڕێکەوتنی کریدۆری ترانزیتی باکوور-باشوور لەگەڵ ئێران کە لە دوو دەیە لەمەوبەروە واژۆکراوە تەبەعیەتی نەکردووە و بۆ ڕاگواستنی کاڵا لە نێوان ڕووسیە و ئیمارات ئێرانی هەڵنەبژاردووە و هەموو تجارەتی خۆی لەگەڵ ئیمارات لە مەسیری دەریای ڕەش و کاناڵی سۆئێز و دەریای سوورەوە ئەنجام دەدات.
پێویستە بوترێ دەوڵەتی چینیش کە کۆماری ئیسلامی ئیدیعای هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم وڵاتە دەکات، سەبارەت بە ناکۆکی لەسەر حاکمیەتی ئەم سێ جەزیرەیە هەڵوێستێکی هاوشێوەی ڕووسیەی هەبووە و لە هەوڵەکانی ئیمارات بۆ حاکمیەتی ئەم سێ جەزیرەیە پشتیوانیی کردووە. “شی جین پینگ” سەرۆک کۆماری چین سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە سەفەر بۆ وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی حاشیەی کەنداو بەتایبەت عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات، وێڕای واژۆکردنی قەراردادی کەڵانی ئابووری لەگەڵیان، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە دەخاڵەت نەکات و حورمەتی دراوسێیەتی بپارێزێت و پابەند بە قەراردادی ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت و لەگەڵ ئاژانسی نێوەدەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هاوکاری بکات.
کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەڵوێستی تێکەڵ بە سووکایەتی دەوڵەتی ڕووسیە تەنها ئیقداماتی فۆرماڵی وەک دەرکردنی سەفیری ڕووسیە لە تارانی ئەنجام داوە. هەر ئەووکات “ئیرنا” هەواڵنێری دەوڵەتی ڕژیم ڕایگەیاند کە لە جەریانی ئیحزاری سەفیری ڕووسیە لە تاران کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە داوای کردووە کە هەڵوێستی خۆی بە نسبەت سێ جەزیرەکە بگۆڕێت. بەڵام تا ئەو جێیەی کە بە تەبلیغاتی ڕژیم بۆ مەسرەفی داخڵی دەگەڕێتەوە هەڵوێستی جیاواز لە زمانی کەسانی دیکەوە بڵاوکرایەوە. ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری کاروباری نێونەتەوەیی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی مانگی سەرماوەز لەم پێوەندەدا وێڕای دەربڕینی نەزەری لاواز و پارێزکارانە وتی کە هێندێک هەڵوێستی ڕووسیە سەبارەت بە سێ جەزیرەکە جێگای داخەو دەبێ ڕووسیە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی زیاتر دیقەت بکات. ڕۆژنامەی کۆماری ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە هەڵوێستی سیاسیی چین و تکراری هەڵوێستی ڕووسیە لە پشتیوانی کردنی لە ئیماراتی عەرەبی لە قەباڵ حاکمیەتی جەزیەرەکان نووسیی: «دوو حەفتە دوای ئەوەیکە پووتین دەستی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی لە کرێملین گوشی، مسکۆ خەیانەتی پێکردین. ڕووسیە و چین تەنها بیر لە قازانجی خۆیان دەکەنەوە و سەرەڕای ژێستی ساختەی دۆستانە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هیێچ گرینگییەک بە ئێران نادەن.» بەڵام بەم حاڵەوە کۆماری ئیسلامی لە دانی درۆن و کەرەستەی نیزامی و ئەمنیەتی بە ڕووسیە بەردەوامە و لە دیداری ڕەئیسیی قاتڵ لەگەڵ پووتین هیچ باسێک لە هەڵوێستی ئەم دەوڵەتە سەبارەت بە جەزیرەکان نەکراوە. هەر لەم پێوەندەدا سەرپاسدار موحسین ڕەزایی “دەبیری شۆرای باڵای هاوئاهەنگیی سەرانی سێ دەزگای ڕژیم” بە هەڵوێستێکی درۆینەوە ڕایگەیاند: «دەخاڵەتی نادۆستانەی ڕووسیە لە پێوەند لەگەڵ سەروەریی خاکی ئێران نابێ دووپات بێتەوە”.
لە ڕەقابەتە ناوخۆییە جەناحییەکاندا ڕووی ڕەخنەکان زیاتر بەرەو دەوڵەتی ڕەئیسی بوو. بەڕێوەبەری پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە پەیوەندی ڕژیم لەگەڵ چین و ڕووسیە وتی: ”لە کۆبوونەوەکەی شۆرای هاوکاریی کەنداوی فارس لەگەڵ ئۆرووپاییەکانیش ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوویداوە. دۆستانی ئێران گرینگی بە داخوازیی ئێران نادەن و داخوازیی دەسەڵاتە ڕەقیبەکان زیاتر بەلایانەوە گرینگە”.
لەڕاستیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندی نێونەتەوەییدا تووشی سەرلێشێواویی ستراتێژیک بووە. دەوڵەتی ڕووسیە بە ئاگاداربوون لە سەرلێشێواویی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی ئامرازەکانی پاراستنی هاوسەنگیی لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەرهێناوە. ئەم بارودۆخە بەر لە هەموو شتێک ڕەنگدانەوەی پێگەی ناوخۆیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ڕژیمێک کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕووخاندنی سێ جار کەوتووەتە ژێر گوشاری بزووتنەوەی مەزنی جەماوەری ئێرانەوە و لە بواری ئابوورییەوە لەبەردەم مەترسیی وەرشکسەیی دایە، ناتوانێ لەبواری سیاسەتی دەرەوە لە بەرابەر دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا پێگەیەکی لەمە باشتری هەبێت. گوشاری بزووتنەوەی ژینا بە بەرینایی و پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانەی بەجۆرێک چارەنووسی نیزامی ئیسلامی بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە کە کادری ڕێبەریی سپا و خامنەیی بۆ دەربازکردنی ئەم نیزامە هەموو هێزی خۆیان لە بەرەی شەڕ لەگەڵ ناڕازیاندا چڕ کردووەتەوە. سیاسەتی لابردنی گرژی و سازانی مەسڵەحەتگەرایانە لەگەڵ دەسەڵاتە ڕەقیبە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تا بەر لەم شۆڕشە جەماوەرییە لە هەموو ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە لەگەڵیان دەرگیری شەڕ بوو، سەما کردن لە بەرابەر پووتین و فرۆشتنی پەهباد و ناردنی ڕاوێژکاری نیزامی بۆ بەرەی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بە ئامانجی گوشار خستنە سەر ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بۆ ئازادکردنی پووڵی بلۆکەکراو، هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی دەسەڵاتی ڕووسیە گۆڕیوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەمجۆرە خستووەتە پێگەیەکی سووک و لاوازەوە.