ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردان ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش (کامیۆن ڕیو) ڕێگای گۆڕیوە و لە کاروانە نیزامییەکەی جیابۆتەوە و لە شەقامی سیلۆی شاری سەقز بێهزاد قەیسری کردووەتە ژێرەوە و کووشتوویەتی.
بەوتەی شایەتحەڵان، ئەم لاوە لەکاتێکدا کراوە بەژێرەوە کە لەسەر ماتۆڕەکەی لە پاڵ بەنزینخانەیەکدا لە شەقامی سیلۆ ڕاوەستاوە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە، کە ئەم ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەی کە بێهزاد قەیسەری کردووەتە ژێرەوە پێش ئەوەی بەرەو شاری سەقز ڕیگا بگۆڕێت، لەگەڵ ستوونێکی نیزامی لە ورمێەوە و بەرە و سنووری باشماخ لە مەریوان لە ڕێگادابووە و لە کەمەربەندی شاری سەقزەوە تێدەپەڕین.
لەدوای کوژرانی بێهزاد قەیسەری، شۆفێری ئەم زرێپۆشە لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە دەستگیرکراوە بەڵام، بەهۆی دەستتێوەردانی بەپەلەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شوێنە دوورخراوەتەوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. هەتا ئێستا ناوی ئەو شۆفێرە نەزانراوە و ناوەندە حکوومەتییەکان زانیاری ناڕاست لەمبارەوە بڵاودەکەنەوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە تەرمی بێهزاد قەیسەری، لە هەمان ڕۆژدا لە زێدەکەی خۆی، گوندی “پارسانیان” ئەسپەردە کراوە.