ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مانگی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک بەناوی “سۆران شەریفی” خەڵکی بۆکان بەمەبەستی بەڕێوەچوونی حوکمی بەندکرانی بۆ زیندانی ئەم شارە گوازرایەوە.
ناوبراو بەتۆمەتی “ئەندامیەتی لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی” و “تەبلیغ دژبە نیزام” لە لایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی بۆکان بە ٧ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢٠ی مانگی خەرمانان بەشێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو.
ڕۆژی دووشەممە سێی مانگی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی حوکمی قەزایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کرد و دواجار بە بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە “دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر” و “دیدار لەگەڵ بنەماڵە” بێبەری کراوە و هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هێندێک لە کەرەستەی کەسیی لەوانە مۆبایل و کۆمپیۆتێر و کتێبیان لێ زەوت کردووە.