فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەبۆنەی هەشتادەمین ساڵیادی گەورەترین رەگەزکوژی لە مێژووی مرۆڤ!
دوشەممە ۱۱-۱۱-۱۴۰۰   |  31-01-2022

لەمانگی ژۆئەنی ساڵی ١٩٤١ جێگری هیتلێر، هێرمەن گورینگ، گەڵاڵەی “هەمەلایەنە لەسەر ئامادەکاری رێکخراوەیی و لۆجێستیکی بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەکێشەی جولەکەکان”ی بەسەرۆکی گشتی پۆلیس “رێنهارد هایدریش” دا. شایانی باسە کە ئەم گەڵاڵەیە پێشووتر لەلایەن رژیمی فاشیستیەوە پەسەندکرابوو و تەنیا چۆنیەتی جێبەجێکردنی روون نەبوو. دەوڵەتی فاشیستی وردەکارییەکانی ئەم گەڵاڵەی بەشاراوەیی راگرتبوو. ناوبراو لەساڵی ١٩٣١ەوە لەنێو دام و دەزگای رێبەرایەتی رژیمی فاشیستیدا بەرپرسی “پرسی جولەکەکان” بوو و گەلێک بابەتی لەسەر ئەم پرسە بڵاوکردبووەوە. شەش مانگ بەر لەدەرکردنی فەرمانی “گورینگ” لەرۆژی بیستەمی مانگی ژانویەی ١٩٤٢ لەسەر بانگهێشتی ناوبراو پازدە کەس لەبەرپرسیانی پلەبەرزی رژیم لەویلای “وانزە” لەبێرلین کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوەیە لەراستیدا بۆ “چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی جولەکەکان”، واتە کوشتنی بەکۆمەڵ و سیستەماتیی جولەکەکان بەڕێوەچوو. لەو کۆبووبوونەوە ٩٠ دەقەییەدا چۆنیەتی گواستنەوەو لەنێوبردنی جولەکەکان درایە بەر باس و بڕیاری خۆیان لەسەر دا. چەند مانگ دوای ئەو کۆبووەوەیە کوشتنی بەکۆمەڵ و رێکخراوی زیاتر لە شەش ملیۆن جولەکە لەکەمپەکانی ئاشۆیتس، بیرکناو و تێربلینکاگ دەستیپێکرد. 

هەرچەند مێژوونووسان لەسەر ئەم قۆناغە بۆچوونی جیاوازیان هەیەو هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەم کۆنفڕانسە کۆتایی پڕۆژەیەک بوو کە دەمێک بوو دەستیپێکردبوو (ئەویش هێرش بۆ سەر جولەکەکان یان بەقەولی خۆیان وەڵامی “رادیکاڵ” بۆ پرسی جولەکە بوو( لەراستیدا کۆمەڵکوژی جولەکەکان لەهاوینی ساڵی ١٩٤١ و لەدوای هێرشی ئەڵمانیای نازییەکان بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت دەستیپێکێرد. لەوێدا تاقمەکانی “ئێس ئێس” دەستیان بەکۆمەڵکوژی کردو هەر لەو ساڵەدا کورەکانی مەرگیان وەڕێخست. تەنیا لەناوچەیەکدا لەئۆکراین لەمانگی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٤١ سی و سێ هەزار جولەکە کۆمەڵکوژ کران. شایانی باسە کە هەر لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەوە گواستنەوەی جولەکەکان بەشەمەندەفەر دەستیپێکردبوو. دەوترێت هەتا کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی “وانزە” لانیکەم نیو ملیۆن جولەکە بەکۆمەڵ کوژران. لەبەر ئەوەی کاربەدەستانی نازییەکان پێیان وابوو ئەم کۆمەڵکوژییە لەبواری داراییەوە بۆیان قورس دەبێت و پێویستیان بەماوەیەکی زیاتر هەیە، بۆ یەکەمین جار کورەی گازییان ساز کرد بۆ ئەوەی رەوتی لەناوبردنی جوولەکەکان خێراتر بکەنەوە. لەراستیدا ئەو گەڵاڵەیەی “هایدریش” لەکۆنفڕانسی “وانزە”دا پێشکەشیکرد، لەچەند مانگ لەوەپێشەوە لەناوچە داگیرکراوەکان و کەمپەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپادا لەئاستێکی بەرین بەڕێوەدەچوو. ئامانجی کۆنفڕانسەکە ئەوەبوو کە رەوتی رەگەزکووژییەکە لەکەمپەکان خێراتر بکەنەوە.  

پڕۆتۆکۆڵی ئەم کۆنفڕانسە بەڵگەیەکی گرینگە کە ئاستی دڕندەیی و بەڕبەڕیەتی رژیمی فاشیستی دەردەخات. لەو بڕیارنامەیەدا تەنیا چەند رستەی ووشک و فەرمی لەسەر چۆنیەتی لەناوبردنی بەملیۆن جوولەکە نووسراوە. شایانی باسە کە هیچکام لەبەشداربووانی ئەو کۆنفڕانسە هیچ رستەیەکی بەرانبەر بەو گەڵاڵەیە نەوتووە، بەڵکوو پێشنیاری ئەوەشیان دابوو رەوتی رەگەزکوژی جولەکەکان خێراتر جێبەجێ بکەن. شایانی باسە بڕیار لەسەر جیاکردنەوەی جوولەکەکان لەخەڵکی تر لەساڵی ١٩٣٥ دەرکراو بەیاسای “نۆرێنبێرگ” ناسراوە. لەراستیدا ئەم یاسایە پێشەکی ئەو کارەساتە مرۆییە بوو کە دواتر لە کۆمەڵکوژی هۆلۆکاستدا بەلوتکەی خۆی گەیشت.

“هۆلۆکاست” بەروتی کۆمەڵکوژی جولەکەکان دەوترێ کە لەساڵی ١٩٣٩وە تا ١٩٤٥ لەلایەن نازییەکانەوە بەکردەوە دەرهات. لەئاکامدا بەملیۆن کەس یان بەگازی ژاراوی یان بەدەسڕێژی گوللە یان لەئاکامی قات و قڕی لەکمپەکانی کاری زۆرەملێ و پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا کوژریان. هەر لەمانگی مارسی ساڵی ١٩٤٢وەوە ناردنی جولەکەکان بۆ کەمپەکان دەستیپێکردو کورەکانی گاز لەکەمپی “ئاشۆیتس” ئامادە کرا بۆ لەناوردنی ئەو خەڵکە بەشمەینەتە. هەر لەم کمپەدا زیاتر لەیەک ملیۆن جولەکە کوژران. لەم کۆمەڵکوژییەدا نزیکەی شەش ملیۆن کەس لەجولەکەکان لەسەرتاسەەری ئەوروپا کۆمەڵکوژکران. شایانی باسە کە هەر لەو سەردەمەدا نازییەکان بەملیۆن خەڵکی دیکەی کۆمەڵکوژ کرد کە جولەکە نەبوون. کومۆنیستەکان، رێبەران و ئەندامانی یەکێتییە کرێکارییەکان ، ٢٥٠ هەزار کەسی کەم ئەندام، ئێسلاوەکان لەرووسیاو پۆڵۆنیاو یوگوسلاوی لەزوومرەی قووربانیانی سیاسەتی کۆمەڵکوژی فاشیزم بوون. کەسانی کەڕ و هاوڕەگەزخوازەکان یەکێکی تر لەقوربانیانی فاشیزم بوون. جێگای باسە کە هیچ کەمپێک بەقەد ئاشۆیتس درڕندەیی فاشیزمی هیتلێری بەخۆیەوە نەدیوە. کاتێک حەفتاو حەوت ساڵ لەوەپێش سووپای سوور کەمپی ئاشۆیتس لەپۆڵۆنیای رزگارکرد، لەیەک ملیۆن و سێسەد هەزار جوولەکە تەنیا چەند هەزار کەس مابوونەوە. ئەوانەش کۆمەڵێک تەرمی زیندوو بوون کە هێشتا بۆیان قابلی باوەڕ نەبوو نازییەکان نەماون. لەتەواوی ئەم سەردەمە تاریکەدا، رژیمی فاشیستی سەرمایەداری هەوڵی دا لەرێگەی لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە سیستەمی جێگای سەرنجی خۆی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداری فاشیستیدا جێبخات. پاکتاوی رەگەزی جوولەکەکان و زیندانی و کووشتن و بڕینی نەیارانی سیاسی جوولەکەو خەڵکی تر و دوورخستنەوەیان، هەمووی لەخزمەت راگرتنی سیستەمی سەرمایەداری لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای فاشیستیدا دابوو. هەرچەند دەمێکە لەو سەردەمە تاریکەی مێژووی مرۆڤ تێدەپەڕێ، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە هەشتا ساڵ لەدوای رزگاری جوولەکەکان لەکەمپەکان مەرگ، راسیزم و بیرۆکەی دژ بەجوولەکە لەزۆربەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ سیمای ناشیرینی خۆی نیشان دەدات. 

وتەی رۆژی تەلەویزیۆنی کۆمەڵەو حیزبی کومۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv