دوو کۆڵبەر خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “پێدرام ڕەحیمی” تەمەن ١٨ ساڵ، “بێهنام سەرشیوی” تەمەن ١٩ ساڵ و هەروەها “سینا ڕەشیدپوور” کۆڵبەری خەڵکی بانە و “زانا ڕاهپەیکەر” کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی بانە و سەقز بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، “سینا ڕەشیدپوور”، کۆڵبەری خەڵکی گوندی “زەلی”ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ناوچەی سنووریی نزیک لەو گوندە بریندار بووە و پاشان بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی شاری بانە گواستراوەتەوە. پێشتریش واتە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “بێهنام سەرشیوی”، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “زانا ڕاهپەیکەر” و خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی ئەو هێزانە لە سنووری “سەرشیو”ی شاری سەقز بریندار بوون. جێگای ئاماژەیە، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش، واتە ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “پێدرام ڕەحیمی” تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری شاری بانە بریندار کرابوو.