فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامی دەستبەسەر کردنەکان لە شارەکانی کوردستان
یەکشەممە ۲۶-۰۶-۱۴۰۲   |  17-09-2023

مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ بە ناوی “کاوان ڕەزایی” خەڵکی شاری سنە و پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “محەممەدباقر مۆرادیان”، “بابەک زولفەقاری”، خەڵکی شاباد، “بەختیار نەزەری”، خەڵکی مەریوان، “ڕەحیم عەزیزی”، خەڵکی جوانڕۆ و “فەرزاد ڕەحمەتی”، خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، دوکتۆر ڕەحیم عەزیزی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی “بیاشۆش”ی سەر بە شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراوە. هاوکات ڕۆژی شەممە، “محەممەد باقر مۆرادیان” و “بابەک زولفەقاری”، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون. هەر لەو ڕۆژەدا “بەختیار نەزەری”، تەمەن ٤٣ ساڵ، وێنەگر و کامێرامانی (ڤیدیۆگرافەر) خەڵکی شاری مەریوان دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگ کراوە و سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییەی کردووە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. لە درێژەی دەسبەسەر کراوانی ڕۆژی شەممە، “فەرزاد ڕەحمەتی” خەڵکی شاری سەقز بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بۆ بارودۆخی ناوبراو هیچ ئاکامێکی نەبووە. هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، کاوان ڕەزایی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای دەستبەسەر کردنی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.