ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، پاش بانگەواز و ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان و ئێران و هەروەها درێژەی ڕاپەڕینەکان دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان و هەروەها ڕژانە سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتگەرەکان بوونەوە.
ڕۆژی سێشەممە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە تایبەتی شارەکانی”سنە، سەقز، مەهاباد، کرماشان، بانە، کامێران و چەند شاری دیکە مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو و شەوەکەشی بە ئاگرکردنەوە و دروشمدان خۆپیشاندان کرا.
لە شاری سنە ، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانیی لە مانگرتن و ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی خەلکی ئێران، لە هەوڵێکی سەمبولیکدا بە هەڵواسینی دروشمی نا بۆ سێدارە و هەڵواسینی تەنافی ئێعدام بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندکاری دەسبەسەرکراو “سەرکاو غوڵامی” دژایەتیی خۆیان بۆ سزای ئێعدام دەربڕی.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بەدەستمان گەیشتووە، لە شارەکانی تاران و کەرەج خەڵک پاش مانگرتن ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، دژی کوشتن، سەرکوت و ئێعدامی خەڵکی ناڕازیی، بە دروشمی بڕووخێ کۆماری پەت و سێدارە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.
لە گوڵشەهری کەرەج خەڵکی ڕاپەڕیو سەرەڕای ئاگرکردنەوە و داخستنی ڕێگا سەرکییەکانی شار بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها لە تاران لە شەقامەکانی”شارەکی ئێکباتان، شەقامی سەلسەبیل، شەقامی ئینقلاب، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی هێزکانی ڕژیم، بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، برووخێ کۆماری پەت و سێدارە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
هەروەها لە شاری بوشێهر، خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی حەوزەی عێلمییەی ئەو شارەیان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئاگر تێبەردا.
هاوکات کۆمەڵیک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی بە شۆڕکردنەوەی تەنافی ئێعدام لە سەرپردی”هیمەتی تاران” ناڕەزایەتیی خۆیان لە ئاست لەسێدارەدانی خەلکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەربڕی.