بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی یۆرۆنیووز، تەقەکردنی پۆلیسی فەڕانسە لە لاوێکی ١٧ ساڵ تەمەن بە ناوی “ناهێڵ” لە شارێ نانتێر لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی پووشپەڕ، بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی گشتی لە شارەکانی فەڕانسە دژبە پۆلیس و دەوڵەتی ئەم وڵاتە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو شەقامەکانی نانتێر بووەتە مەیدانی ناڕەرایەتیی خەڵک و لە ئەنجامیدا چەندین ئۆتۆمبێل لە لایەن ناڕازییانەوە ئاگر تێبەردراوە. شایانی باسە، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، لانیکەم ٧٧ هاووڵاتیی ناڕازی لە شاری پاریس و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکە لە شارەکانی فەڕانسە، لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها ١٥٠ کەس لە هێزەکانی پۆلیس لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناڕازییان برینداربوون. جێگەی ئاماژەیە، ناڕازییان لە شاری نانتێر زیاتر لە ١٢ ئۆتۆمبێلیان ئاگر تێبەرداوە و لەسەر دیوارەکانی ئەمشارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بەم هەوڵەی پۆلیس نووسیویانە، “دادپەروەری بۆ ناهێڵ” و “پۆلیس دەکۆژێت”.