بەپێی ڕاپۆرتەکان، وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە چوارەمین شەوی ناڕەزایەتیەکان لەم وڵاتە، ٥٠٠ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە کە بە هەژمار کردنی دەستبەسەر کراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس.
ئەم وەزارتەخانەیە ڕایگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو ٥٠٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە ک لە چاو شەوی پێشتری کە ٩١٧ کەسیان دەستبەسەر کردبوو، دەرخەری هێوەر بوونەوەی ناڕەزایەتییەکانە لەم وڵاتە. ئەم ئیدیعایە لە حاڵێکدا هاتووەتە گۆڕێ کە ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری نانتێر، لە زۆربەی شارەکانی فەڕانسە بە تایبەت مارسی کە بە دووهەم گەورە شاری فەڕانسە دێتە ئەژمار پەرەیسەندووە و تەنیا لەم شارە ٨٧ کەس دەستبەسەر کراون. شایانی باسە، شارەداری مارسی داوای لە دەوڵەت کردووە کە هێزێکی زیاتر لە پۆڵیس بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی لە گەڵ ناڕازییان تەرخان بکات. ئەمە لەحاڵێکدایە کە زۆربەی دەستبەسەر کراوان تەمەنیان خوار ١٧ ساڵە.