لە درێژەی ئەو هەواڵانەی پێشتر و بەردەوامیی گوشاری هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئاژەڵدارانی ناوچە شاخاوییەکانی ورمێ، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠٠ سەر مەڕی ئاژەڵدارەکان لە لەوەڕگەی بەرزایییەکانی “داڵانپەڕ و بۆزی سینا”، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێشتریش لە ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان و لە ڕاپۆرتێکدا دیکەدا وێڕای ئاماژەدان بە گوشاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ورمێ و تۆپباران کردنی ئەو ناوچانە لە لایەن ئەم هێزانەوە، دامودەزگاکانی سپای پاسداران و بەسیج گوشاریان خستووەتە سەر ئاژەڵدارانی ناوچەی “سیلوانا”ی ورمێ و ئەم گوشارانەش کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر بژێویی ژیانی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە بووە. شیاوی ئاماژە پێدانە، سپای پاسداران هەڕەشەیان لە ئاژەڵدارانی ناوچەی “سیلوانا” کردبوو کە ئەگەر نەبنە ئەندامی بەسیجی سەر بە سپای پاسداران ڕێگەیان پێ نادرێت کە ئاژەڵەکانیان ببەنە لەوەڕگەکان.