فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی کۆبوونەوەی ناڕەزاییەتی خانەنشینکراوان لە پارێزگاکانی ئێران
چوارشەممە ۱۹-۰۷-۱۴۰۲   |  11-10-2023

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینکراوان لە ٥ پارێزگای ئێران هاوشێوەی ڕۆژانی سێشەممەی دیکە بەڕێوە چوو. ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە خانەنشینان لە سەرتاسەری ئێران، دیسان وەکوو ناڕەزایەتی هەموو ڕۆژانی سێشەممە و لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان، لەوانە جێبەجێکردنی یەکسانکردنی حەقدەست، هەڵاوسان و چارەسەرنکردنی کێشەکانی بیمەی تەندروستی، لە بەردەم بینای سندوقی خانەنشینی لە ناوەندی پارێزگاکان دەستیان دایە کۆبوونەوەی نارەزایەتی. خانەنشینان لە پێنج پارێزگای “کرماشان، سنە، خوزستان، هەمەدان و قەزوین”  کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. لەو کۆبوونەوانەدا خانەنشینانی ناڕازی دروشمی “دادپەروەریمان نەبینیوە، تەنها درۆمان بیستووە”، “بژێوی ژیان، کەرامەت مافی ڕەوای ئێمەیە”، “بەڵێنی بەسە، سەفرەکانمان بەتاڵە”یان وتەوە. هەروەها خانەنشینانی ناڕازی پارێزگای “کرماشان” پلاکاردیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو: “ئێمەی خانەنشینان دەمانەوێت یەکسانکردنی حەقدەست لەسەر بنەمای ٩٠ لەسەد جێبەجێ بکرێت” و “داواکاریی خانەنشینان کەرامەت، خۆشبژیوی، بژێوی ژیان، بیمەی کارا و جێبەجێکردنی تەواوی یەکسانکردنی حەقدەستەکانە” داوایان کرد کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت. خانەنشینان جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ژیانیان بەردەوام دەبن.