فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا
چوارشەممە ۰۲-۱۲-۱۴۰۲   |  21-02-2024

هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری ئاودانان دوای دروستکردنی دۆسییەکی نوێ بۆ ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە بەمەبەستی دەستبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان.
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەمە، هێزەکانی ئیتلاعات و کەڵانتەری بۆ دەستبەسەرکردنی ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە بە چەند ماشینێکەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان و کاتێک زانیان لە ماڵەوە نییە، هەوڵی دەستبەسەرکردنی براکەیان دا.
لە ڕەوتی شۆرشی ژینا هێزەکانی ڕژیم بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە ئەمیرحوسێن بۆ دەستبەسەرکردنی، برایەکی بە ناوی ئەمیرڕەزایان بە بارمتە گرت و بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ دەستبەسەریان کرد و ئەشکەنجەیان دا تا ئەمیرحوسێن خۆی ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکات.
لەئێستادا ئەم بنەماڵەیە لە دووبارەکردنەوەی سێناریۆی بارمتەگرتنی ناوەند ئەمنییەتییەکانی ڕژیم و دووبارە دەستبەسەرکردنەوەی ئەمیرڕەزا بۆ ئەوەی دەستیان بە ئەمیرحوسێن بگات، زۆر نیگەرانن.
ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، لاوی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی ئاودانان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ”ژن، ژیان، ئازادی” لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی “چالاکیی تەبلیغی دژی ڕژیم، سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەندامبوون لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیم بە ٢٤ مانگ بەندکران سزا درا.
هەروەها دادگا بەهۆی نەبوونی پێشینەی کەیفەری، ماوەی هەڵپەساردنی ١٣ مانگ لە  ١٦ مانگ بەندکرانی ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەر کردووە و سێ مانگی دیکەی زیندانی بۆ پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن گۆڕی.