بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە سەرتاسەری ئێران دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن ڕووی لە زیاد بوونە و نوێنەرێکی مەجلیس دەڵێت: لە هەر ١٠٠ خوێندکار، ٤٠ کەسیان ناتوانن بڕوانامەی کۆتاێێ ئامادەیی بەدەیت بهێنن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ناوبەناو لە زاری بەرپرسانی ڕژیمەوە بڵاودەکرێنەوە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەو وڵاتەدا دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن ڕووی لە زیادبوونە و بەشێک لە پارێزگاکانیش، لەوانە سیستان و بەلووچستان بەشدارییەکی زۆریان لەم بوارەدا هەیە.
زۆرینەی خوێندکارانی سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران بەهۆی کەمی قوتابخانە، نەبوونی مامۆستا و نەبوونی ئامرازی گواستنەوە، ناچارن ڕێگای دوور بپێون بۆ ئەوەی منداڵانی چەندین گوند لە قوتابخانەی گوندێکدا کۆببنەوە. نوێنەری شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونی ڕێژەی دەستهەڵگرتنی منداڵانی ئەو پارێزگایە لە خوێندن “گرفتی هاتووچۆی قوتابیانە”.
موعینەدین سەعیدی دەڵێت، لە هەر ١٠٠ خوێندکار، ٤٠ کەسیان ناتوانن بڕوانامەی کۆتایی ئامادەیی بەدەست بهێنن و نزیکەی سەدا ١٠ی ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری ئێراندا دەرفەتی خوێندن لەدەست دەدەن، خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن. ئاشکرایشی کردووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکەدا دەرفەتی خوێندنیان نەبووە، کچانن. پێشتر ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم لە راپۆرتێکیدا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی گشتیی ئەو کەسانەی لە ساڵی خوێندنی ١٣٩٣١٣٩٤، لە سەرتاسەری ئێران دەرفەتی خوێندنیان نەبووە ٧٧٧ هەزار و ٨٢٦ کەس بووە، ئەو ژمارەیە بۆ ساڵی خوێندنی ١٣٩٩١٤٠٠ زیادی کردووە بۆ ٩١١ هەزار و ٢٧٢ کەس. واتا لە ماوەی پێنج ساڵدا له سەدا ١٧ی منداڵانی ئێران لە خوێندن بێبەش بوون. هەر لەم دواییانەدا هادی مووسەوی نیک، پسپۆڕی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس ڕایگەیاندبوو، ١٤ ملیۆن منداڵی ئێرانی لەو بنەماڵانەدا دەژین کە توانای دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی ٢١٠٠ کالۆرییان نییە کە وەکوو لانیکەمی خۆراکی پێویست لە لایەن بانکی جیهانییەوە پەسند کراوە.