سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢۶ی ڕەشەممە، سزای سێدارەی حسێن سولتانی عەلی ئاوایی بەندکراوی تەمەن ۵١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن ناوەندی دادوەری ڕژیمەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو دوو مانگ لەمەوبەر لە زیندانی ناوەندی شاری بۆکانەوە گواسترابوویەوە بو زندانی ورمێ. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەشێوەی هاوکات پێنج بەندکراوی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی “فرووهەر عەباس نژاد، محەممەد ئەیوسبیان، جەهانبەخش ڕادلوویی، حسێن عومەری و یاسین ڕەشیدی” کە بە هەمان تۆمەت بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە، حوکمەکەیان بەکردەوە دەرهات. هەروەها سزای بەندکراوێکی ژن بە ناوی نەسرین (نەسیم) نیازی، کە لە بەندی ژنان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە جێبەجێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢۶ی ڕەشەممە، سزای سێدارەی “مەحیەدین ئیبراهیمی” بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئاڵکاوێ”ی سەر بە شاری شنۆ لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا. شایانی باسە، رۆژی هەینی بەندکراویکی دیکە بە تۆمەتە جیاوازەکان لەم زیندانە ئێعدام کراوە.