فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرگرتن لەخوێندنی کچان: نوێترین دەستکەوتی تاڵەبان
دوشەممە ۰۸-۰۱-۱۴۰۱   |  28-03-2022

کاترین راسێڵ، سکرتێری رێکخراوی یونیسێف لەراگەیاندنێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کەرۆژی چوارشەممە بەملیۆن کچ لەئەفغانستان لەمەدرەسەکان رێگەیان پێ نەدراو گەڕێندرانەوە ماڵەکانیان. هاوکات سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەراگەیاندنێکدا “نیگەرانی و بێ هیوایی زۆری” خۆی لەهەڵسوکەوتی تاڵیبان لەمەڕ فێرکردن و بارهێنانی کچان لەئەفغانستان دەربڕی. کچانی ئەفغانستان لەپۆلی حەوتەم بەولاوە بۆیان نییە بخوێنن. ئەو هەواڵە لەئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا کاردانەوەیەکی زۆری بەدواوە بوو. کچانی ئەفغانستان کە دوای هەشت مانگ چاوەڕوانی لەبەر دەرگای مەدرەسەکانیان ئامادەبوبوون، بەگریانەوە بۆ ماڵەکانیان گەڕانەوە کە لەقووڵایی کۆمەڵگای ئەو ووڵاتەدا نەفرەت و بێزارییەکی قووڵی لێ کەوتەوە. لەئەفغانستان رۆژ بەرۆژ بارودۆخ بۆ کچان و ژنانی ئەو ووڵاتە نالەبارتر دەبێت، بارودۆخێک کە لەلایەن جیهادییەکانی تاڵەبانەوە بەسەر ژنانی ئەو ووڵاتەدا سەپاوە.

چەند سەعات پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە “دیورا لاینز”، سەرۆکی لێژنەی جێگری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ وەزیری کارباری دەرەوەی تاڵەبان نارد. ناوبراو لەو نامەیەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاڵەبان جێگای سیقە نەماوەو داوای خوێندنی کچان و کوڕانی لێکرد. ئەمانە جۆرێک قسە دەکەن کە گۆیا تیپ و تاقمی جەنایەتکاری تاڵەبان دیاردەیەکی نوێیەو بەوەرگرتنی ئەم یان ئەو بەڵێن تاڵەبان مل بە رەچاوکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئەو ووڵاتە دەدات. لەکاتێکدا زلهێزە ئەمپریالیستییەکان و راوێژکارەکانیان لەکاتی پاشەکشەی گاڵتەئامێز لەئەفغانستان بەدەستی ئاوەڵە بەملیۆن خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستانیان بەدەستی جەهادیستەکانی تاڵەبان دا، دەسەڵاتی تاڵەبان و یاساکانی دیاردەیەکی ناسراوە.

بەکاربەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوەو وتوویەتی: “ئەمڕۆکە بەبینینی فرمێسکی کچەکەم کە کەلاسی حەوتە، شەرم دەکەم.” ناوبراو دەڵێت: “لەماوەی ئەم هەشت مانگەدا خۆم و هاوسەرەکەم و کوڕەکەم هەوڵماندا یارمەتی بەکچەکەم بگەیەنین بۆ ئەوەی لەماڵەوە دەرس بخوێنێت، بەڵام هەمیشە بیری لەلای قووتابخانەکەی بوو و لەچەند رۆژ لەوەپێشەوە خۆی ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی لەیەکەمین رۆژی ساڵی خوێندندا بۆ مەدرەسە بڕوات. ئەو بەچاوێکی گەش و بەدەم بەپێکەنین لەگەڵ هاوپۆلەکانی بۆ مەدرەسە چوو. دوای ماوەیەکی کورت گەڕایەوەو لەئامێزی گرتم و ووتی: رێگەیان نەداینە ناو مەدرەسە. چەندە بۆ دایک و باوک گرانە کە منداڵەکانی بۆ قووتابخانە بڕۆن، بەڵام تاقمێک پەیدا بێت و بەر بەخوێندنیان بگرێت.” ئەم باوکە لەدرێژەدا دەڵێت: “پێویستە لەتاڵەبان پرسیار بکرێت بۆچی رێگە بەخوێندنی کچان نادات. تاڵەبان پێشووتر وتبووی کە مەدرەسەکانی کچان دەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆمان روون بووەوە کە درۆی کردو کڵاوی لەسەر خەڵک نا.” ئەم باوکە دەڵێت: “من لەکچەکەم شەرم دەکەم.!”

لەوانەیە ئەم بەکاربەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاڵەبانی نەناسیبا، لەوانەشە بەپڕووپاگەندەی بڵێندگۆکانی ئەمپریالیستەکان خۆشباوەڕ بووبێت کە دەیانووت تاڵەبان گۆڕاوە. بەڵام ئێستا ئیتر ئەم خۆشباوەڕیە ڕواوەتەوە. تاڵەبان هەر لەجۆری کۆماری ئیسلامی لەئێرانە کە ماوەیەکی کورت لەدوای بەدەسەڵات گەیشتن هێرشی هێنایە سەر ژنان و حیجابی زۆرەملی کردەوە. تاڵەبان و ئەلقاعیدەو تاقمەکانی تری لەچەشنی موجاهید لەئەفغانستانیش هەر بەو شێوەیە هەڵسووکەوتیان کرد! داعشیش لەسووریەو عێراق، بووکووحەرام لەسوودان و سووماڵی و مالیش هەر ئەوەی کرد. خەڵک لەعێراق قەد تاوانەکانی داعش دژ بەژنانی یەزیدی لەبیر ناچێتەوە. ئەمڕۆکە مێژوو لەئەفغانستان جارێکی دی دووپات بووەتەوە. ئەوانەی تەمەنیان رێگە دەدات لەبیریان دێت کە چۆن ئەمپریالیستەکان لەرۆژئاوا لەناو ئەفغانستان یان لەقووتابخانەکانی پاکستان جیهادییەکانیان بار دەهێنا بۆ ئەوەی لەگەڵ داگیرکەرانی رووسی شەڕ بکەن. لەبیرمانە کە لەدوای پاشەکشەکردنی سووپای رووسیا هەر ئەمانە لەئەفغانستان بەدەسەڵات گەیشتن و کۆمەڵگای ئەو ووڵاتەیان سەدان ساڵ بۆ دواوە برد. بۆ لەبیرمان دەچێتەوە کە تاڵەبان هەر لەیەکەمین دەورەی دووساڵەی دەسەڵاتەکەیدا ژنان و کچانی بۆ ماڵەوە نارد.

لەدۆحە ووتەبێژی تاڵەبان لەسەر مێزی دانووستان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمپریالیزمی ئەمریکا رووهەڵماڵاوانە ووتی: “ئێمە ئەو مافانەی ئیسلام بۆ ژنانی دیاریکردووە رەچاو دەکەین، بەوانەش کە نیگەرانن دەڵێم ئەو ئازارانەی ژنان لەم سەردەمەدا کێشاویانە لەچاو سەردەمی دەسەڵاتداری ئێمە هیچ نییە. لەسەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا لەسەدا یەکی ئەو بارودۆخە لەئارادا نەبوو. ئێمە لەگەڵ مافەکانی ژنان بەپێی یاساکانی ئیسلام رازین.” هەڵبەت ژنان لەگشت ئەو ووڵاتانەی رەوتە ئیسلامییەکان بەدەسەڵات گەیشتوون، باش دەزانن “مافەکانی ژنان بەپێی یاساکانی ئیسلام” چییە. ئەوانەی بۆ ماوەی بیست ساڵ خوێنی خەڵکی ئەفغانستانیان لەشیشە کردبوو، ئەمەیان باش دەزانی. ئەوانەی بیست ساڵ لەوەپێش تاڵەبانیان لەئەفغانستان راو نا، دوای بیست ساڵ تاڵەبانیان سەرلەنوێ بەدەسەڵات گەیاندەوە. ئەمانە مافە سەرەتاییەکانی ژنان و خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستانیان کردە قوربانی ئامانجەکان و ستراتێژی ئەمپریالیستیان. ئەو کات گرینگترین کێشەی ئەمریکا پێکهێنانی سیستەمێکی نوێی ئەمپریالیستی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو. بۆ بەدیهێنانی ئەم ستراتێژییەش شیرازەی کۆمەڵگای ئەفغانستانیان تێکدا. ئەگەر لەژێر ناوی شەڕ لەدژی “تیرۆریزم و ئازادی” هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان، لەسووریەو لیبی بەبیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ “دیکتاتۆرەکان” بۆمبەکانیان بەسەر خەڵکی ئەو ووڵاتانە رژاند. لەعێراقیش بەبیانووی “چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژ هێرشی سەربازییەکان کردە سەر ئەو ووڵاتە.

ئەوە روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە تەنیا رێگا رزگاری لەبەردەم خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەتی ژنان، خۆڕاگری لەبەرانبەر ئەم سیناریۆ کۆنەپەرەستانەی هێزە ئیمپریالیستییەکان و گروپە ئیسلامییەکانە. ژنان لەئێران بۆیان دەرکەوتووە کە دەبێ بەهەموو تواناوە بێنە مەیدان بۆ ئەوەی لەلایەکەوە بەرنگاری یاساو ریسای دە ژنی کۆماری ئیسلامی بنەوەو لەلایەکی ترەوە بەگژ هەر چەشنە شێوەیەک لەچەوسانەوەی ژنان لەکۆمەڵگای سەرمایەداری و کولتووری پیاوسالارانەدا بچنەوە. ژنان لەئەفغانستان و ئێران لەخەباتەکەیان لەدژی دەسەڵاتە ئیسلامییەکان ئەزموونی بەنرخیان بەدەستهێناوە: هاوچارەنووسییان، بوار بۆ هاوپشتی خەباتکارانەیانی خۆشکردووە.

https://alternative-shorai.tv