کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی سیاسی، ئابووری و نێونەتەوەییدا گرفتارە، بۆ جارێکی دیکە ماشێنی سەرکوتی خۆی لە ئاستێکی بەرینتردا بەکارهێناوە و چالاکانی بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کرێکاران و موعەلیمان، ژنان، دایکانی گیان بەختکردووان، هۆگرانی فەرهەنگ و هونەرمەندانی کردووەتە ئامانج و خستوونیە زیندانەوە. ترسی ڕێژیم، پەرەسەندنی بەردەوامی ئاخێزی توێژەکانی خواروەوە و جموجۆڵی بەکۆمەڵی ئەو خەڵکەیە کە لە هەژاری و فەلاکەت و هەڵاواردن و زەبروزەنگ وەتەنگ هاتوون و دەیانهەوێ ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرستە بنێنە گۆڕی مێژووەوە.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی کرێکاران و موعەلیمان، جموجۆڵی کۆمەڵایەتیی نەسلێکی لاوی پەراوێزخراو کە هێزی سەرەکیی ئاخێزە گەورەکانی ساڵانی ڕابردوو بووە و نیگەرانی کار و داهاتوویەتی، خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان دژبە حیجابی ئیجباری و هەڵاواردنی جنسییەتی، خەباتی خوێندکاران دژبە کاڵایی بوونی پەروەردە و پادگانی کردنی زانکۆ، ناڕەزایەتیی زەحمەتکێشان و ڕاپەڕینی تینووەکان کە سیاسەتی وێرانگەری ڕێژیم و کەمبوونی ئاو ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە، خەباتی هۆگرانی فەرهەنگ و هونەرمەندان دژبە سانسۆری ڕێژیم و بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و خوڵقاندنی داهێنەرانەی کاری فەرهەنگی و هونەری، هەر هەموویان نیشانەی خۆف و وەحشەتی ڕێژیمە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و گەشەی بزووتنەوەکان لە خوارەوە. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە سەرکوت و زەبروزەنگ و زیندان چیتر کارایی نییە و تاکتیکێکی پرتووکاو و ژەنگاوییە و ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بکات. سیاسەتی سەرکوت بەڵام دەتوانێ ڕەوتی پێچەوانەی هەبێت و زەمینەسازی تەحەروکی زیاتری ئەم بزووتنەوانە بێت، قەیرانی ناو دەسەڵات و بۆشایی ناو دەزگای سەرکوت قووڵتر بکاتەوە و باروودۆخ بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەموار بکات.
لە وەها باروودۆخێکی گۆڕاودا، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست هەوڵ دەدات بە کەڵک وەرگرتنی ئامرازئاسا لە جموجۆڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە سات و سەودا لەگەڵ ئیمپریالیسم و بە میدیا گەورەکانی وابەستە بە پارەی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و هەروەها بە ناردنی پەیامی ئاشکرا و نهێنی بۆ ڕێبەرانی سپا و هێزە نیزامییەکان، دەزگای بوروکراتیک – نیزامیی سەرمایەداری بپارێزێت و لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشداری بکات. بەڵام لەم هەلومەرجە گۆڕدراوەدا، چالاکانی کرێکاری، پێشڕەوانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەوڵ دەدەن لەناو ئەم بزووتنەوانە و بە پشت بەستن بە هێزی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، خەبات دژبە چەوسانەوە و ستەم و سەرکوت پەرە پێ بدەن و ڕێگا بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، پێکهێنانی دەوڵەتی کرێکاری و شۆرایی و دامەزراندنی ئازادی و بەرابەری هەموار بکەن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەم دەستبەسەرکردنانە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو ئازادیخوازان دەکات کە لە دەستبەسەرکراوان دیفاع بکەن.
بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیسم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت
27.7.2022
05.05.1401