فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەندکراوی سیاسی بێ شەرت و مەرج پێویستە ئازاد بکرێت
دوشەممە ۱۶-۰۸-۱۴۰۱   |  07-11-2022
بەندکراوی سیاسی بێ شەرت و مەرج پێویستە ئازاد بکرێت

لە هەشتەمین حەفتەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا داین. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگە شایەدی قارەمانیەتی و ئازایەتیی جێی ستایشی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بووە. شایەدی ئەوە بووە کە چۆن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە هەنگاو بە هەنگاو سەنگەرە تازەکان دەگرێتەوە. شایەدی ئەوە بووە کە هەموو ڕۆژێ شاری دیکە بەم ئاخێزە پەیوەست دەبن. شایەدی ئەوە بووە کە زانکۆ و مەدرەسەکان نەتەنیا بوونەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی خوێندکاران بەرامبەربە سەرکوتگەران، بەڵکوو بوونەتە مەیدانی هێرش بۆسەر هێماکانی کۆیلەتیی ژن و داسەپاندنی ئیرادەی لاوانی شۆڕشگێڕ بەسەر کارگێڕانی دەسەڵاتی ئیسلامی. کۆمەڵگە شایەدی ئەوە بووە کە چۆن لاوانی شۆڕشگێڕ لە بەرامبەر پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکاندا، ناوەندە نیزامی و فەرماندارییەکانی ڕێژیم ئاگر تێبەردەدەن. هاوکات شایەدی ئەوەش بووە کە چۆن هێزەکانی دوژمن سینگی لاوان و منداڵان دەدەنە بەر گولـلە و سەرکوتی خوێناوییان وەڕێ خستووە. بەڵام سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەک ڕێوڕەسمەکانی چلەی گیان بەختکردووانی ئەم ئاخێزە خۆی بووەتە تاکتیکێکی کاریگەر بۆ جەماوەری بوونەوەی هەرچی زیاتری ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە.

حکوومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی لەماوەی نزیک بە دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە دە هەزار ژن و پیاوی ئازادیخواز و منداڵی دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە و شوێنە بێ ناو و نیشانەکان کردووە. ئەم شەپۆلەی دەستبەسەرکردن لەلایەن ڕێژیمێکەوە کە جەنایاتی خۆفناکی کوشتاری زیندانییانی سیاسی، قەتڵە زنجیرەییەکان، کوشتاری ئاخێزی خەزەڵوەر و جەنایاتی کەهریزەکی لە کارنامە دایە، خەڵکی ئێران و بەتایبەت بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی یەکجار نیگەران کردووە.

خەڵک دەزانن کە چۆن پاسەوانانی زیندانی ئەم ڕێژیمە ڕۆڵەکانیانی لەناو زینداندا بەحاڵی خۆیان ڕەها کرد تا بە کۆرۆنا بمرن و “لەدەستیان نەجاتیان بێ”. خەڵک داسەپاندنی مەرگی تەدریجییان بەسەر زیندانییانی سیاسی لەبیر نەکردووە. ئەم کۆمەڵگایە مەرگی “ئابتین”ەکان فەرامۆش ناکات. هێستاش تەراحیی سووختەی ئیسماعیل بەخشی و هاوڕەزمەکەی سپیدە قولیانی لەبیر نەکردووە. زەینەب جەلالییان، ڕەسووڵ بۆداغی، ئیسماعیل عەبدی، جەعفەر ئیبراهیمی، ئیسکەندەر لوتفی وتەبێژی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سینفیی مامۆستایان و سەدان کەس لە ئەندامانی ئەو شۆرایە لە شارەکانی ئێران، ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی، کەیوان سەمیمی چالاکی کرێکاری، کەیوان باژن، ڕەزا خەندان مەهابادی، ئارەش گەنجی و دەیان و سەدان چالاکی ناسراوی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان هەروا لە بەندیخانەکاندا ڕاگیراون. تەنیا لە بەربەرییەتی ئیسلامیدا دەگونجێت کە ژنێک بەتاوانی مافخوازی نزیک بە دوو دەیە لە بەنددا ڕابگیرێت. یان نووسەرێک بەخاتری نووسینی چیرۆکی قارەمانیەتیی ژنێکی بوێر لە ڕۆژاوا، زیندانی بکرێت. یان لەوەش گاڵتەجاڕانەتر، ڕێبەری سەندیکای واحید و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی شۆرای سینفیی مامۆستایان بەخاتری دیدار لەگەڵ هاوکارانی فەرانسەوییان، بە تۆمەتی “پیلانگێڕی دژبە ئەمنییەتی ڕێژیم” بە بەند بکێشرێن و پەروەندەسازییان بۆ بکرێ. لەم دوایانەشدا زیندانی کردن و ئەشکەنجەدانی ڕەپێری ئیعتڕازی تووماج ساڵحی و ئیعتراف وەرگرتن لێی، ئەوپەڕی داماویی ڕێژیمی نیشان دا.

کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!

ئایا دەبینن کە چۆن هەرکات دوژمنانی ئێمە هەست بە مەترسیی دەسەڵات و گوشاری هێزی خەباتی ئێمە دەکەن، هەرکات زانییان لە شەقام کۆدەبینەوە و پێکەوە هاوپەیمان دەبین و دێینە مەیدان، چۆن وەک گورگ پەلامار دەدەن و بەنهێنی و بە ئاشکرا ئێعدام دەکەن و ترس و خۆف دەنێنەوە و دەستبەسەرکردن و زیندان و ئەشکەنجە دەخەنە بەر ڕێگامان.

وشیار بن کە ئەمڕۆش لە وەحشەت و ترسدا، ترس لە تووڕەیی و نەفرەتی پنگخواردووی دەیان ساڵەی ئێمە، لەوەیکە مەبادا شکست و لاوازی و زەبوونییان، ئەمجارەیان بە قازانجی ئێمە تەواو بێت و کاریان یەکسەرە بکەین، هێرشەکانیان دەست پێکردووە. دەستبەسەر دەکەن، زیندانی دەکەن و ئێعدام دەکەن. دەست بەکار بن و ڕایگەیەنن کە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە و ئێعدام دەبێ قەدەغە بکرێت! بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت.

دەسەڵاتێک کە بەمجۆرە داماو و داوەشاوە، نابێ دیسان بۆ جارێکی دیکە دەرفەتی پێبدرێت تا بە چەکی زیندان پاشەکشە بە ڕیزەکانمان بکات. پێویستە لەبەر خرۆشی هاواری ئێمە بۆ هێنانەدەری دیلە بەندکراوەکانمان، دوژمنان بکەونە لەرزە، بتۆقن و باش حاڵی بن کە زیندان جێگای خودی ئەم جەنایەتکارانەیە.

بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی ڕاپەڕن! هیچ کەس نابێ بەخاتری باوەڕ و چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەسەر شەقام و خۆپیشاندان و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان بە ناڕەزایەتیی شەقام پەیوەست بین! لە بەرامبەر دەستدرێژیی پۆلیسیی حکوومەتی جەنایەتکاراندا ڕاوەستن و دەنگی ناڕەزایەتی دژبە پێشێلکردنی ئەم مافە ڕەوا ئینسانییانە بەرز بکەنەوە. لێبڕاوانە پەیگیری چارەنووسی بەندکراوانی سیاسی بن و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجیان بن.

لەئاست باروودۆخی زیندانەکان ناڕەزایەتی دەربڕن، لە بەرامبەر یاسای زەبر و زەنگی دەسەڵاتی جەنایەتکاراندا تەسلیم مەبن. لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co