فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی شەماڵ خەدیری پوور لە مهاباد
هەینی ۰۴-۰۹-۱۴۰۱   |  25-11-2022

شەماڵ خەدیری پوور، خەڵکی مەهاباد، کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپەرینی خەڵکی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بە سەختی بریندارکرابوو، سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان بۆ چارەسەرکردنی لە کۆتاییدا گیانی بەختکرد.

شەماڵ خەدیری پوور، تەمەن ٣٢ ساڵ، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، لەکاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئازاد حوسێن پوور، یەکێک لە گیانبەختکردووانی هەفتەی ڕابردوو، لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم برینداربوو.
شەماڵ ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەز لە نەخۆشخانەی “خومەینی” شاری ورمێ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی بەختکرد. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، شەماڵ خەدیر پوور، لە گۆڕەپانی ئیستقلالی شاری مەهاباد، کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ڕژیم و گوللە بەر سینگ و سکی کەوتبوو.

شایانی باسە کە درەنگانی شەوی ڕابردوو، تەرمی شەماڵ خەدیری پوور بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی جومعە ٤ی سەرماوەز لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەسپەردە کراوە.