ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، لانیکەم حەوت کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە شۆفیر ئۆتۆمبێلەکانی “دیزلی”، بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای ئۆستانداری زابل، لە ئاست کەمبوونەوەی سەهمییەی سووتەمەنییەکەیان و کەمبوونی وێستگەی سووتەمەنی ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەروەها کۆمەڵێک لە پەرەستارانی نەخۆشخانەی “تەجریش” لە تاران و پەرەستارانی ئەراک، لە ناڕەزایەتیی بە پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان، لە شوێنی کارەکەیان و بینای ئۆستانداری ئەراک دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی ڕەسمی شیرکەتی هەڵێنجانی نەوت و گازی ئاغاجاری، بۆ جارێکی دیکە دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، ژمارەیەک لە خانەنشین کراوانی سەنعەتی نەوت، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، لە بەرامبەر سندووقی خانەنشینی نەوتی پارێزگای ئەلبۆرز لە شاری کەرەج، دەستیاندایە کۆبوونەوە. هەروەها ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی گرووپی میللی سەنعەتی فوولادی ئێران لە ئەهواز، بە وتنەوەی چەندین درووشمی ئێعتڕازی، لە شوێنی کارەکەیان دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە ماڵبەتاڵانچووانی شیرکەتەکانی “ڕەزایەت خۆدرۆ” و “تەراوەت نوڤین”ی قەزوێن، لە ناڕازایەنیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان بۆ جارێکی دیکە، لە بەرامبەر بینای دادگوستەری ئەمشارە، دەستیاندایە کۆبوونەوە. وە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری “ئەنابەد” لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە ناڕەزایەتیی بە پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان، لە بەرامبەر بینای شیرکەتی “کێشت و سەنعەت”ی ئاستان قودسی ڕەزەوی لەمشارە، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری جێبەجێ کردنی خواستەکانیان بوون.