بەپێی هەواڵی گەیشتوو، کۆمەڵێک لە دۆستان و لایەنگرانی کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە ئامادە بوون لەسەر گڵکۆی هاوڕێ فوئاد موستەفا سوڵتانی و گیانبەختکردووانی دیکەی کومەڵە لە گوندی ئاڵمانەێ سەر بە شاری مەریوان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم هەواڵە، ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ ڕەمزی هاوپشتی جیهانیی چینی کرێکار دەستی پێکردووە و پاشان بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالێزم، یەک دەقە بێدەنگیان ڕاگرتووە. لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، یەکێک لە بەشداربووان وێڕای ئاماژە یەکی کورت بە چۆنیەتی ڕەوتی پێکهاتن و مێژووی حزب و بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران و کوردستان، جەختی لەسەر پێویستی پەرەسەندی خەباتی کرێکاری و ڕۆڵ گێڕانی زیاتری حزب لەم خەباتەدا کرد. دواتر بەشداربووان سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری و هەروەها دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک قسەوباسیان کرد و بە تایبەت جەختیان لەسەر داکۆکی لە بەندکراوانی سیاسی و کرێکاری و هەروەها پشتیوانی لە بنەماڵەکانیان کردوە. لەکۆتاییدا، ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی شێعر و سروودی حەماسی لەکەش و هەوایەکی شاد و هیوا بە داهاتویەکی گەش کۆتایی پێ هات.