حەقدەستی هیچ کرێکارێک نابێ لە ١٦ ملیۆن کەمتر بێت!
کۆتایی ساڵە و کاتی دیاریکردنی حەقدەستی ساڵی داهاتوو. کۆبوونەوەی پشتی پەردەی شۆرای باڵای کار بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی نرخی حەقدەستی ئێمە کرێکاران دەستی پێکردووە. یەکەم قسەی ئێمە کرێکاران ئەوەیە کە ئێمە کۆیلە نین کە لەسەر سەرمانەوە سەبارەت بە حەقدەستمان بڕیار بدەن و ئێمە شۆرای باڵای کار و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە دەستسازەکانی حکوومەت کە لەژێرناوی “کۆمەڵگەی کرێکاری” بەشداری دەکەن بەڕەسمی ناناسین و قەبووڵمان نییە. لە لایەکی دیکەشەوە بە نەزەر دەگات کە لەجیاتی سەرەنجدان بە نرخی سەبەدی هەزینەی بژێوی کرێکاران وەک یەکێک لە پێوەرەکانی دیاریکردنی ئاستی لانیکەم حەقدەستەکان، بەنیازن تا هێڵی هەژاری بکەنە بنەمای لێکدانەوەی حەقدەستی کرێکاران و هەوڵ دەدەن کە ئەم ڕەقەمە ئەوەندە بێننە خوارێ تا بەستێنی داسەپاندنی حەقدەستی بێحورمەتانەی چەندین بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری ئامادە بکەن. ئەم بابەتە بە وتەکانی داریووش ئەبووهەمزە جێگری وەزیری کارەوە دیارە و ناوبراو سەرەڕای ئەوەیکە بۆخۆی زۆر جار باسی لە هێڵی هەژاریی دە و دوازدە ملیۆن تمەنی کردووە، لەئێستادا مامناوەندی نرخی هێڵی هەژاریی بەوپەڕی بێشەرمییەوە ٤ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندووە.
ئێمە کرێکارانی نەوت بەم وتانە ئیعترازمان هەیە. ئەمانە کاربەدەستانێکن کە خۆیان دەیان بەرابەری ئێمە حقووق وەردەگرن. ئێمە هەر وەک ساڵانی ڕابردوو خۆمان ئەم ڕەقەمە ڕادەگەیەنین و بەسەرنجدان بە هەموو داتاکان لەسەر ئەوەیکە نابێ حەقدەستی هیچ کرێکارێک لە ١٦ ملیۆن تمەن کەمتر بێت، تەئکید دەکەین.
لە حاڵێکدا کە قیمەتەکان بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دەچنە سەرێ، گەڵاڵەی پەسندکراوی بوودجە، هێرشێکی بەرینترە بۆسەر ژیانی ئێمە کرێکاران و خەڵک. گەڵاڵەیەک کە تێیدا بوودجەی سپا و سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی و ڕێکخراوەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کراون تا لەم ڕێگەوە بتوانن سندووقی بەتاڵیان لە گیرفانی ئێمە کرێکاران و خەڵک پڕ بکەنەوە. یەک نموونە لەم گەڵاڵەیە لابردنی دراوی دەوڵەتیی ٤٢٠٠ تمەنییە کە خودی کاربەدەستان لە شەڕی جەناحی و ناوخۆییدا باس لە دواهاتەکانی ئەم کردەوەیە و لێدانی شۆکی تەورەۆم لە کۆمەڵگا دەکەن.
نموونەیەکی دیکە بەدەستهێنانی داهات لە ڕێگەی ماڵییاتەوەیە بۆ قەرەبووکردنەوی کەسیری سندووقی دەوڵەت. ئەم ماڵیات بەستنە بەشێوەی پیلیکانی دەبێت و حقووقی ٥ ملیۆن و دە ملیۆن و هەروا بۆ سەرێ لەخۆدەگرێت و ئەم کەسرییە بەرۆکی ئێمە کرێکارانی نەوت و غەیرە نەوت و باقیی کرێکاران دەگرێت.
بە بڕوای ئێمە گەڵاڵەی بوودجە لەسەر هاتنەخوارەوەی ئاستی حەقدەستێک کە قەرارە بۆ ئێمە کرێکاران دیاری بکرێت و دابەزینی زیاتری ئاستی بژێو و ژیانمان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە. ئێمە ناڕەزایەتیی خۆمان دژبەم گەڵاڵە ڕیازەتیە ڕادەگەیەنین و ئەمە بە هێرشێکی هەمەلایەنە بۆسەر ژیان و گوزەرانی هەموو خەڵک دەزانین.
ناڕەزایەتی دژبە ئاستی لەخوارێی حەقدەست یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی ئێمە کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و جەماوەری ژێر هێڵی هەژاریی کۆمەڵگایە و ئەمە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی بە هەموو ئێمە خەڵکەوە هەیە. ئامار و ڕاپۆرتەکان باس لە هەژاریی مەسکەن، هەژاری دەرمان، هەژاریی خۆراک و هەموو جۆرە هەژارییەک دەکەن و هەژاریی بەگشتی بێداد دەکات. بە ملیۆن بنەماڵە دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری و ئەم ڕەوتە کۆتایی نایە.
پێویستە ئەمساڵ بەهێزتر و یەکگرتووتر لە هەموو ساڵێک بێینە مەیدان و لە ژیان و گوزەرانمان دیفاع بکەین. ئێمە کرێکارانی نەوت لەم کێشمەکێشانەدا هێزێکی گرینگین و لە پەنا باقیی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینکراوان و کادری دەرمان دەتوانین یەکگرتووانە دژبەم پەلامارە بێشەرمانەیە بۆسەر ژنانمان بەرەیەکی بەهێز پێک بێنین.
خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان داخوازیی یەکەمی ئێمە کرێکارانی نەوت بووە لە ناڕەزایەتییەکانی دوو سێ ساڵی ڕابردوومان دا. ئێمە لە مانگرتنی هەزاران کەسیی مانگی پووشپەڕی خۆماندا وێڕای دیاریکردنی ئاستی حەقدەست بە پلەی جۆراوجۆری پسپۆڕییەوە ڕامانگەیاند کە ئاستی حەقدەستی هیچ کرێکارێک نابێ لە ١٢ ملیۆن تمەن کەمتر بێت.
ئەمساڵ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە هێڵی هەژاری گەیشتووەتە سەرووی ١٦ ملیۆن تمەن، ڕەقەمی جێگای تەئیکدی ئێمەش ١٦ ملیۆنە.
بەتایبەت بەشێکی بەرین لە هاوکارانی ئێمە لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی نەوت کە بەشێوەی کرێکاری سادە خەریکی کارن ٣ تا ٥ ملیۆن حەقدەست وەردەگرن و ئاستی حەقدەستەکانیان یەکجار لەخوارێ.
هەروەها ئاستی حەقدەستێک کە هەموو ساڵێ لە لایەن شۆرای باڵای کار و لەسەر سەری کرێکارانەوە دیاری دەکرێت بنەمای حەقدەستی هاوکارانی ئەرکانی سالسی ئێمەشە. کەوابوو شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت کە چالاکانە لە م کێشمەکێشەدا بەشداری بکات و دەنگی ناڕەزایەتیی هەموو کرێکارانی نەوت و هەموو کرێکارانی کۆمەڵگا بێت.
بەکورتی ئێمە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە پێداگری دەکەین:
١ – شۆرای باڵای کار نوێنەری ئێمە نییە و قەبووڵمان نییە و ڕێگە نادەین کە وەک کۆیلە لەگەڵمان هەڵسووکەوت بکرێت. خۆمان بە هێزی یەکگرتوو و سەرتاسەریمانەوە دێینە مەیدان و ڕەقەم دیاری دەکەین.
٢ – پێویستە لانیکەمی حەقدەست ١٦ ملیۆن بێت و حەقدەستی هیچ کرێکارێک نابێ لەم ڕەقەمە کەمتر بێت.
٣ – گەڵاڵەی بوودجەمان قەبووڵ نییە و دژبەم گەڵاڵەیە ناڕازین.
٤ – دەرمانی بێبەرامبەری گشتی، خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو منداڵان و بەهرەمەندبوون لە مافی شوێنی نیشتەجێ بوون، مافی هەموو ئێمە خەڵکە.
داوا لە هەموو بەشە کرێکارییەکان دەکەن کە بە دانانی واژۆی خۆیان لەژێر ئەم بەیاننامەیە و بەیاننامەکانی دیکە کە بەم بۆنەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە ڕێزێکی یەکگرتوودا ڕاوەستن.
شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت
٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠