کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی شەپۆلێکی دیکەی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازیی خەڵک خستە ڕێ. ئەم ڕاپەڕینە کە ئاکامی دەیان ساڵ خەبات بوو، بە “ژن، ژیان، ئازادی” ناوبانگی دەرکرد. ژنان ڕووسەرییەکانیان سووتاند و بوونە پێشەنگ، خوێندکاران خۆڕاگرییەکی لەبیرنەکراوەیان نواند. هاواری ئازادیخوازی و پێویستیی وەدیهێنانی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتە دەنگی دایەوە. دەستبەسەرکردنی بێ ئەژمار و بەرینایی ناڕەزایەتییە گشتییەکان بوو بە هۆی ئەوەیکە حکوومەت ناچار بە نمایشی “بەخشین” بێت. گەشتەکانی ئیرشاد لە شەقامەکان کۆبکاتەوە و لەڕێگەی باسکە تەبلیغاتییەکانییەوە باس لە “سەهلگیری” بکات.
نزیک بە دوو سال لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تێپەڕیوە. بەڕواڵەت شەپۆلی ناڕەزایەتییە گشتییەکان دامرکاون. بەڵام حکوومەت لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا لە بەرینایی سەرکوتگەریی خۆی کەمی نەکردووەتەوە و ئێستاش شمشیری لە ڕووەوە بەستووە تا نەکا “خودای دەیەی شەست” لەبیربچێتەوە. گەشتەکانی ئیرشاد ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان و بێجگەلە توندوتیژی و لێدان، پەتۆپێچکردنیشیان خستووەتە بەرنامەوە تا “تەرحی نوور” بێ کەم و کاست بەسەر ژناندا بسەپێت و ڕۆژگاریان تەباه بکات. فەزای زانکۆکان زیاتر لە ڕابردوو پادگانی بووەتەوە. تەسفیە و دەرکردن هەروا درێژەی هەیە. دوایین نموونەشی زیندانیکردنی ژنانی زانکۆی خاجە نەسیرە کە بە بیانووی تەسلیم نەبوون بەرامبەر بە “حیجابی ئیجباری” لە چوون بۆ زانکۆ و چوونەدەر لە خوابگا مەنع کراون و بەم جۆرە زانکۆ بووەتە زیندانی هێندێک لەم خوێندکارانە. دەستبەسەرکردن و بانگکردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام درێژەی هەیە و هەتا ئێستا زۆرێک لە ئەکاونتەکان بە حوکمی دادستان بەستراون. ئەویش بە بیانووی بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک بە پۆششی ئیخیتارییەوە. یان بە بیانووی بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ئێستا. وە یان بە بیانووی “زامدارکردنی بیروڕای گشتی”. واتە کاتێک خەڵک هەستی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوێک بەیان دەکەن. بۆ نموونە لەم دواییەدا ژمارەیەک لە خەڵک بە هۆی دەربڕینی هەستی خۆیان سەبارەت بە مەرگی ئیبڕاهیم ڕەئیسی دەستبەسەرکراون. پێویستە بەم نموونانە ئەزیەت و ئازاردانی بەردەوامی چالاکانی سینفی و مەدەنیش زیاد بکرێت. هەروەها ئازاردانی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و بنەماڵەکانیان. بێگومان هەمووی ئەمانە باس لە پەرەستاندنی زەبروزەنگ دەکات.
ئەوانەی کە نابێ بەئازادی بیر بکەنەوە، قسە بکەن و بنووسن، بپۆشن، ناڕەزایەتی دەربڕن، مافی خۆیان داوا بکەن و هەستیان دەربڕن، لەڕاستیدا جەستەیەکی بێ گیانن کە تەنها لە ژمارە و ئاماردا بەزیندوو حیساب دەکرێن. حکوومەتیش ئەمجۆرە مردن و نابوود بوونەی دەوێ. خەڵکی ئازادیخواز هێندێک جار “زبڵ و خاشاک”، هێندێک جار “ئاژاوەگێڕ”، هێندێک جار “دوژمن” و هێندێک جار “دەست و پەیوەندی بێگانە” ناو لێدەنێت و لەم ڕێگەوە بەردەوام هەوڵی کپ کردنی دەنگیان دەدات.
ئەم زەبروزەنگە گەرووی ئەو خەڵکە دەگوشێت کە هاوکات ئێسقانیان لەژێر باری فشاری ئابووریدا خەریکە ورد دەبێت. ئەو خەڵکەی تەنانەت بە شایەدیی ئامارەکانی حکوومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبن و زیاتر لە ڕابردوو توانای دابینکردنی نان و ئاو و سەپەنا لەدەست دەدەن. مەگەر بە بێ سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، بە بێ پەتۆپێچکردن و ڕفاندنی ژنان، بە بێ زیادکردنی فشار بۆسەر کرێکاران و خوێندکاران و بەبێ پڕ کردنی زیندانەکان لە خەڵکی ناڕازی، دەتوانن گەندەڵیی ڕێکخراو و چەوساندنەوە درێژە بدەن؟ هەربۆیە زاری نوێنەران و مەئموورانی حکوومەت تەنها بۆ هەڕەشەکردن و ترساندن دەکرێتەوە و بەردەوام باس لە توندکردنەوەی زەبروزەنگ دەکەن. تا بەمجۆرە بەر بە هەناسەدانی خەڵک بگرن و لەبەرامبەردا دەستی تاوانکاران و گەندەڵان ئاواڵەتر بێت. لەم پەیوەندییەدا یەکیان ڕاشکاوانە وتی: “نیزام دەبێ سەنگەری حیجاب وەربگرێتەوە”.
لێرەدا تەنها وشەی “سەنگەر” نیشانی دەدات کە حکوومەت بەرامبەر بە ژنان و خەڵک، خۆی لە شەڕێکی بەردەوامدا دەبینێت. ئەو خەڵکەی کە “دوژمن”ن و سەرکوتگەران لە شەقامەکان، لە زانکۆکان، لە ڕیزەکانی ناڕەزایەتییە سینفی و مەعیشەتییەکان، لە ماڵەکان و تەنانەت لە زیندانەکان دەبێ سزایان بدەن. بەڵام بێگومان ئەم هەڕەشانە، شتێک نین بێجگەلە درێژەی تەقەلایەکی بێهوودەی چل و چەند ساڵە. کە نیشانەی شکستێکی بەتەواو مانایە. تەنانەت خۆشیان دان بەوە دادەنێن کە ئەم سەنگەرە وەک زۆر سەنگەری تر لەمێژە فەتح کراوە. بێزاری و تووڕەیی گشتی لە سەرکوتگەریی حکوومەت لە کۆڵان و شەقام، لە پشت دیواری سانسۆڕ و لە تووڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆی سەلمێنەری ئەم شکستەیە. ئەگەرچی حکوومەت بڕیاری داوە کە بە زەبری هێز و پڕوپاگەندە ئەم تووڕەیی و بێزارییە دامرکێنێت، بەڵام مێژووی بزووتنەوەکانی خەڵک نیشانی داوە کە ئازادیخوازی هەمیشە زیندوویە و سەرهەڵدەداتەوە. تەنانەت ئەگەر لە هەڵکشان و داکشانەکانیدا زۆرێک لە ئازادیخوازان خەڵتانی خوێن بکرێن و گیانیان لەدەست بدەن.
لەئێستاشدا، خەباتی ڕۆژانەی ژنان، درێژەی خۆڕاگریی خوێندکاران، بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان و کاردانەوەی بەرینی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەڕای سانسۆڕ و بەربەستە ئینتێرنێتییەکان، سەلمێنەری درێژەی ئازادیخوازییە. وە بێگومان دەبێ بڵێین کە لەم ڕێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەدا، بەشداری و خۆڕاگریی ژنان بەردەوام بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری بووە. ژنان سەرەڕای ساڵەها سەرکوتی سیستماتیک، قەدەغەکردن و هەڵاواردنی ڕێکخراو و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان هەرگیز لە بەشداری لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕاگەیاندنی خواستەکانیان پاشەکشەیان نەکردووە و لەم ڕۆژانەدا هەر ژنێک کە بە پۆششی ئیختیارییەوە دێتە کۆڵان و شەقامەکان هێمای ئەم موقاومەت و پایدارییەیە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران بەردەوام لەسەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین، بە بێ سنوور و جیاوازی بۆ هەمووان، پێداگریی کردووە. ئێستاش بە حوکمی ئەم ئەسڵە بنەڕەتییەی مەنشوورەکەی خۆی، وێڕای پشتیوانیکردن لە داخوازییەکانی ژنان، سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن حکوومەتەوە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندانی ئازادیخواز دەکات کە تا ئەوپەڕی توانا دەنگی خەڵکی ناڕازی و سەرکوتکراو بن.
ناوەندی نووسەرانی ئێران
١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی