فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: جینۆساید و تاوانی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین
چوارشەممە ۱۰-۰۸-۱۴۰۲   |  01-11-2023

سێ هەفتەیە کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس، خەڵکی بێدیفاعی فەلەستینی لە کەرتی غەززە خستووەتە ژێر ئاگری بۆردومانێکی قورس و بێوەستانەوە و یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی جەنگ لە مێژوودا لەبەرچاوی خەڵکی جیهان ڕوودەدات. بەهۆی ئەم بۆردومانانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار کەس و لەناویاندا ٢ هەزار و ٨٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ هەزار کەس بریندار بوون، ٤٠ لەسەدی ماڵەکانی خەڵک زیانیان بەرکەوتووە و یان وێران بوون و یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. ئەم کۆمەڵکوژییەی خەڵکی فەلەستین لە حاڵێکدا لەئارادایە کە کەرتی غەززە بەتەواوی گەمارۆ دراوە، جەریانی بەرق قەتع بووە و دانیشتووانی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خۆراک و دەرمان یەکجار لە مەزیقەدان. بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی یەک لەسەر سێی نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان بەیەکجاری داخراون و لە نەخۆشخانەکانی دیکەش تەنها بەشی فریاکەوتنی خێرا توانای خزمەتگوزاریی هەیە. نەبوونی ئامراز و کەرەستەی نەشتەرگەری پزیشکانی خستووەتە دۆخێکەوە کە دەبێت لە هەر ساتێکدا هەڵبژێرن کە کام لە بریندارەکان زیندوو بمێنێتەوە. لەم بارودۆخەدا ئیدیعای ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە و ناردنی چەند کاروانی فریاگوزاریی سنووردار بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە بەرەوڕووی کارەساتێکی ئینسانین، تەنها فریوکارییەکی گەورەیە و هیچی تر. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ لە حاڵێکدا لەسەر درێژەی ئەم جەنایاتە جەنگییە پێداگری دەکات و ئازادیی بەبارمتەگیراوانی ئیسرائیلی و تەسلیمبوونی حەماسی کردووەتە پێشمەرجی ڕاگرتنی بۆمبارانەکان، کە خۆی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە غەززە بەبارمتەگرتووە و لە هەر شەو و ڕۆژێکدا سەدان کەسیان دەکاتە قوربانی.

دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، کانەدا، فەڕانسە، ئاڵمان و ئیتالیا و … بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لە دەوڵەتی ئیسرائیل و دژایەتی لەگەڵ پێشنیاری ئاگربەست، لەم جەنایەتە جەنگییە و لە وەڕێخستنی حەمامی خوێن لە غەززەدا شەریکن. ئەم دەوڵەتانەی سەرمایەداری و میدیاکانی سەربەوان بە سڕینەوە و نادیدەگرتنی بەستێنە مێژووییەکانی ململانێی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لەگەڵ نەتەوەی فەلەستین، هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبر بەهۆکاری ئەم شەڕە و قەیران پێناسە دەکەن و بەیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حەماس دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیان بۆ ئەم جینۆسایدە ئاشکرایە ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەموو یاساکانی “شەڕی پێشکەوتووانەی جیهانی ئازادی سەرمایەداری” و سەرجەم بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێکهاتنی دەوڵەتی فەلەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستینی پێشێل کردووە.

بێگومان ئەم شەپۆلە نوێیە لە تاوانی جەنگیی دەوڵەتی ئسیرائیل بەرامبەربە خەڵکی غەززە دوای هێرشی گرووپی کۆنەپەرستی حەماس دژی ئەرتەشی ئیسرائیل و کوشتاری دڵتەزێنی خەڵکی ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبر دەستیپێکرد، بەڵام شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین پێشینەیەکی دوورودرێژ و خوێناویی هەیە. ئەرتەشی پڕچەککراوی ئیسرائیل تەنها لەم ساڵی زایینییەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خەڵکی فەلەستینی لە لێواری ڕۆژئاوا کوشتووە و سەدان کەسی بریندار کردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل ١٦ ساڵە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە دانیشتووانی غەززە گەمارۆ داوە. بە داسەپاندنی سیاسەتی مشتی ئاسنین ژیانێکی کارەساتباری بەسەریاندا سەپاندووە و لەم ماوەیەدا چەندین جار بەبیانووی مووشەک هاویشتی حەماس و ڕێکخراوی جەهادی ئیسلامی خەڵکی ئەم کەرتەی بۆمباران کردووە و هەموو جارێ ژمارەیەکی زۆری لە خەڵک خەڵتانی خوێن کردووە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئسیرائیل زیاتر لە ٧٠ ساڵە کە بە پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی هاوپەیمانانی لە ئورووپا، بە شەڕنانەوە و میلیتاریسم و بە شارۆچکە دروستکردن لە وڵاتی فەلەستین، بەردەوام سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی بەڕێوەبردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو ئەم جەنایەت و داگیرکارییانە بە ئامانجی درۆیینی دابینکردنی ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئیسرائیل پاساو دەکات. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە ئەمنیەتی خەڵکی ئیسرائیل بە بێ “ئاشتیی پایەدار” و بە بێ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بە بێ بەڕەسمی ناسینی مافی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستین بۆ وڵاتەکەیان و بە بێ بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین و مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابین نابێت.

ڕێکخراوی ئیسلامیی حەماس کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسمی ئەم ڕێکخراوە، تاوانی جەنگیی بەرنامەڕێژیکراو دژبە خەڵکی فەلەستین بەڕێوە دەبات، لەڕاستیدا بەرهەمی سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئەگەر داگیرکاریی لەڕێگەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی مشتی ئاسنینەوە، بەستێنە بابەتییەکانی توندئاژۆیی و پێکهاتنی حەماسی لە ساڵی ١٩٨٧ واتە ماوەیەکی کەم دوای ئینتیفازەی یەکەم پێکهێنا، پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاسانکاری بۆ یارمەتی گەیاندن بەم ڕێکخراوە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ناو بزووتنەوەی فەلەستین بوو بەهۆی بەهێزبوون و پەرەسەندنی ئەم ڕێکخراوە. لەڕاستیدا ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس لەلایەکەوە لە سیاسەتی موماشاتخوازانانە و گەندەڵی دامەزراوەیی ناو حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری مەحموود عەباس و لەلایەکی دیکەوە لە هەمان هێزێکەوە تەغزییە دەکات کە سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی و داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆی پەرەردە کردووە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆش لە توندئاژۆیی و پەرەپێدان بە تەعەسوباتی کوێری مەزهەبی و لە تیرۆریسمی حەماس بۆ پاساوی ئەم جەنایەتە جەنگییانەی تەغزییە دەکات.

تاوانەکانی شەڕ دژبە خەڵکی فەلەستین و حەمامی خوێنێک کە لە غەززە کەوتووەتە ڕێ بیروڕای گشتی مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی لە سەرانسەری جیهان دژبە دەوڵەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل هانداوە. لەژێر گوشاری ئەم بزووتنەوە جیهانییە دژبە تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتووەتەوە حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەوانە ئۆردۆن، میسر، عەرەبستان، قەتەر و عێراق و … فریوکارانە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین دەکەن. لەو نێوەدا ئەردۆغانی فاشیست و دەوڵەتی تورکییە کە تەنها لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لە سایەی بێدەنگیی میدیاکانەوە سەدان ژێرخانی خزمەتگوزارییان لە کوردستانی سووریە بۆمباران کردووە و سەدان کەس لە خەڵکی کوردستانییان کوشتووە و بریندار کردووە، بە ڕشتنی فرمێسکی درۆیین بۆ خەڵکی فەلەستین دەرسی ئەخلاقی “شەڕی قانونمەند” بۆ نەتانیاهۆ دیکتە دەکات. ئەم حکوومەتانەی سەرمایەداری کە لەسەر دەریایەک لە سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایانە دەسەڵاتداری دەکەن و هۆکاری هەژاری و بێبەشی و بێمافیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشن، لەماوەی ئەم ساڵانەدا هیچ دەرفەتێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و دژبە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لەدەست نەداوە.

سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا بە بیانووی تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانیی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئورووپا لەم جەنایەتانە و بە درۆنانەوەیان سەبارەت بە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین هەوڵ دەدەن بێجگەڵە بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانیان، بیروڕای گشتیش لە ئاست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لەئاست جەنایاتێک کە دژبە خەڵکی ئێران ئەنجامی دەدەن بەلاڕێدابەرن. بەڵام لە کرێکاران و خەڵکی ئێرانیش شاراوە نییە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نە لە خزمەت بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین، بەڵکوو لە خزمەت بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێکخراوی حەماس دایە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی ڕژیمی ئیسلامی لە حەماس ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاستترین حزبەکانی ناو ئیسرائیل پێکهێناوە تا بە گەورەکردنەوەی مەترسیی حەماس و کۆماری ئیسلامی ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی بگرنە دەست. ئەوان بە بیانووی حەماس، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵای لۆبنان و باقیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، کرێکارن و خەڵکی لایەنگری ئاشتییان لە ئسیرائیل و فەلەستین سەرکوت کردووە. ئاکامی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناوچەکە ئەوە بووە کە وڵاتانی حەوزەی کەنداو بوونەتە ئەنباری چەکی ئەمریکا و بەردەوام داهاتە نەوتییەکانی ئەم وڵاتانە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاواوە تاڵان کراوە.

ئەمڕۆ لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە و … بەنیشانەی هاوپشتی لەگەڵ دەوەڵەتی ئیسرائیل ئاڵای ئەم دەوڵەتەیان لەسەر کۆشک و بینا حکوومەتییەکانیان هەڵکردووە و بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نەیتانیاهۆ دەستی ئەویان بۆ جەنایەتی جەنگی دژبە خەڵکی غەززە ئاواڵە هێشتووەتەوە، لە بەرامبەردا بزووتنەوەیەکی مەزنی جەماوەری بۆ پشتیوانی و دیفاع لە ئازادیی فەلەستین بە خواستی کۆتایی دەستبەجێی شەڕ، ڕاگرتنی دەستبەجێ بۆمباران و ناردنی خێرای یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە هاتووەتە مەیدان. جەماوەری ناڕازی بێسەبرانە خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاوانی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلن. ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە جیهانییە، گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی کرێکاران و نەتەوەی ستەمدیدەی فەلەستین و لاوازکردنی هێژمۆنیی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیلی خستووەتە ئاسۆوە. پێویستە ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە بەهێز بکرێت. کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری ئێران پێویستە بەم بزووتنەوە جیهانی و ئازادیخوازانەیە پەیوەست بن. حمایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و ئەو مەراسیماتە حەقیرانەیەی کە بۆ دیفاع لەم ڕەوتە دەیخاتە ڕێ، نابێ کرێکاران و جەماوەری ناڕازی لە ئێران بۆ پشتیوانی لە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و ڕەوتی پێشکەوتنخواز و دژەشەڕ و دژەداگیرکاری لە ئیسرائیل تووشی گومان و سەرلێشێواوی بکات. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە هەر شوێنێک بن، لە فەلەستین، ئیسرائیل و ئێران و شوێنەکانی تر، قوربانیی نیزامی سەرمایەدارین. بێگومان کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەتوانن یەکێک لە گرینگترین پێگەکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریسم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕیشەکێش بکەن و زەمینە بۆ گەشە و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و ڕزگاریبەخش لە فەلەستین و گشت ناوچەکە ئامادە بکەن. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ڕێگایەکی تریان لەپێش نییە.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢

٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣