فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: درێژەی جەنایاتی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دژبە مرۆڤایەتی لە سەروبەندی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ
یەکشەممە ۱۹-۰۹-۱۴۰۲   |  10-12-2023
بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: درێژەی جەنایاتی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دژبە مرۆڤایەتی لە سەروبەندی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ

١٠ی دێسامبر بەرابەر لەگەڵ ١٩ی سەرماوەز ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە. ٧٥ ساڵ پێش ئێستا لە وەها ڕۆژێکدا “جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ” وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی جیهانی گرینگ، له‌ لایه‌ن “ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان” پەسند کرا. ئەگەرچی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە بەشێک بووە لە مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەڵام بیرۆکەی کردنی ئەو مافانە بە بەڵگەیەکی داڕێژراو و پەسندکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جیهانیدا دوای جەنگی جیهانی دووەم پێشنیارکرا و بە زۆرینەی دەنگەوە لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامی ئەوکاتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکرا. لە ڕاستیدا بیرۆکەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کارەساتەکانی شەڕ و لەدژی شەڕەوە سەریهەڵدا و دەیهەویست حورمەتی ئینسان و مافەکانی ئینسان وەبیربێنێتەوە و لە دووپاتبوونەوەی پێشێلکردنی ڕێگری بکات. بەڵام ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە سەروبەندی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ داین کە مرۆڤایەتی شایەدی شەپۆلێکی تازە لە جینۆساید و جەنایەتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززەیە. دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل دوای هێرشی ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبر کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی ئیسرائیل کوژران و یان بەبارمتە گیران، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی تیرۆریسمی حەماس، نزیک بە دوو مانگە شەو و ڕۆژ خەڵکی فەلەستین لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە بۆمباران دەکات. بەهۆی ئەم بۆردومانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٦ هەزار کەس و لە ناویاندا زیاتر لە ٦ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە. دەیان هەزار کەس بریندار و زیاتر لە یەک و نیو ملیۆن کەس ئاوارە بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئامانجی پەرەپێدان بە ناوچە داگیرکراوەکان دەیهەوێ خەڵکی فەلەستین بە زەبری کوشتار لە وڵاتەکەیان دەربکات. دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان، ئیتالیا و فەڕانسە و … کە هەر لە سەرەتای ئەم شەڕەوە بێ شەرت و مەرج لە جەنایاتی دەوڵەتی ئیسرائیل پشتیوانییان کردووە لەم جەنایاتە بەدژی مرۆڤایەتی هاوبەش و هاودەستن. ئەگەرچی هەتا ئێستا خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بە خۆڕاگری لەژێر ئاگری بۆمبارانی بەردەوام و وێرانکاری، بە بەهای لەدەستدانی هەزاران کەس لە ئازیزانیان، بە تەحەمولکردنی برسیەتی، توونیەتی و تاریکی و بە هێزی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دەوڵەتی دەستی ڕاستی ئیسرائیل و ناوەرۆکی درۆینە و فریوکارانەی دیموکراسییەکانی بورژوازیی ئەمریکا و ئورووپایان لەئاست بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە هەموو کاتێک ئاشکرا و ڕسوا کردووە، وە ئەگەرچی تەنانەت ئاگربەستی شەش ڕۆژەیان لەم هەڵمەتە جەنگیەدا بەسەر دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلدا سەپاند، بەڵام ئەم جینۆساید و کۆمەڵکوژییە هەروا درێژەی هەیە.

بێگومان ناوەرۆکی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ سەرەڕای ماهییەت و بەربەستەکانی، بەرهەمی خەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی جیهانە. هه‌ر هه‌نگاوێكی پاشه‌كشه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، به‌ خه‌بات و فیداكاری به‌رده‌وام هاتووه‌ته‌ دی و بورژوازی جیهانی سه‌ره‌نجام ناچار بووه‌ به‌ هاوئاهه‌نگ كردنی ئه‌و خواستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، له‌ مێژوودا به‌ناوی خۆی تۆماری بكات. ئەم جاڕنامەیە ئەگەرچی بناغەی سەرەکیی نیزامی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیارەوە و ڕێز لە ئەساسی خاوەندارییەتیی تایبەت و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ دەگرێت، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا دەستکەوتی خەباتی مرۆڤەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی لەم سەردەمەدا و هێستاش لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریش بۆ بەکردەوە دەرهاتنی هەمەلایەنەی، پێویستە خەبات بکرێت. دەوڵەتانی سەرمایەداری لە ئەمریکا و ئورووپا و شوێنەکانی تری جیهان، لە یەکەمین ڕۆژەکانی پەسندکردنی ئەم جاڕنامە جیهانییەوە، مافە سەرەتاییەکانی ناو ئەم بەڵگەیان لە بارودۆخی جەنگی و ئاساییدا پێشێل کردووە و ئەم بەڵگەیان کردووەتە ئامرازی سات و سەودای نێوان خۆیان.

٧٥ ساڵ لەمەوبەر، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لەسەر وێرانەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم ئامادەکرا تا بەناو پێوەرێکی جیهانی پێکبێت کە بێحورمەتی بە مافی ئینسانەکان تەحەمول نەکات. لەئێستادا کە پتر لە ٧٥ ساڵ بەسەر شەڕی جیهانی دووهەم و پەسەندکرانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا تێپەڕ بووە، ڕەنگبێ نەکرێ شایەدێکی زیندوو لە شەڕ و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم بدۆزینەوە، بەڵام خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و هەموو ویژدانێکی بەخەبەر کە دیمەنە دڵتەزێنەکانی جەنایاتی دەوڵەتی ئیسرائیل لەم وڵاتەدا دەبینێت، خەڵکی ئۆکراین، لاوانی سووریە، عێراق، یەمەن، لیبی، ئەفغانستان، بووسنی، ڕەواندا و شوێنەکانی تر، ئەو شایەدە زیندووانەن کە پێمان دەڵێن بە فەرمانی دەوڵەتانی واژۆکاری جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، چییان بەسەر هاتووە و شار و وڵاتیان چۆن بە بۆمب و گولـله وێران کراوە و چۆن برا و خوشک و کەسوکاریان لە پەنایانەوە خەڵتانی خوێن کراون. هێستا لە زۆرێک لە وڵاتان، بەئاشکرا سەرەتاییترین مافی ئینسان کە مافی ژیانە، پێشێل دەکرێت. پێشێلكردنی مافی ئینسانه‌كان له‌ قالبی بێکاری و برسییەتی و نه‌خۆشیی په‌ره‌ستێن و بازرگانی سێكس و قاچاخی مادده‌ی هۆشبه‌ر و هیتر، ته‌نانه‌ت له‌ناو جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤیشدا ئاماژه‌یه‌كی پێنه‌كراوه‌. سەرەڕای بوونی ئەم جاڕنامە نێونەتەوەییە، لە زۆر شوێنی جیهان ژنان لەژێر گوشاری پیاوسالاریدا نەتەنیا لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بەهرەمەند نین، بەڵکوو هەموو ڕۆژێ دەبنە قوربانیی توندوتیژی. ژنانی کرێکار لەبری کاری یەکسان حەقدەستی یەکسانیان پێنادرێت. لە هێندێک ڵە وڵاتە مسوڵمان نشینەکان، ژن بەڕەسمی ڕەگەزی خواردەست بەئەژمار دێت. هێستا منداڵ بە مرۆڤی کامڵ ناناسرێت و گشت مافەکانی لەبەرچاو ناگیرێ، هێستا نەتەوەکان لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەهرەمەند نین، سزای ئێعدام لە زۆر وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت، هێستا دینداری و بێ دینی ئینسانەکان پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکانە، هێستاش هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەشکەنجە لە وڵاتەکاندا پاساوی یاسایی هەیە و هێستاش ئازادیی ڕادەربڕین لەژێر تیغی سانسۆڕدایە.

لە ئێران پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە باڵاترین ئاستی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییانی بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین لەئاست ئەم بێمافییانە کوشت. چاوی زۆر کەسی کوێر کرد و هەزاران کەسیشی خستە بەندیخانەوە. یەکێک لە شانازییەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە ئەندامی لیژنەی مەرگی هەزاران بەندکراوی سیاسی بووە. هەر ئێستا و لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا لە زیندانەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران هەزاران مرۆڤی شەریف بەخاتری بیروبۆچوون و مەرام و عەقیدەیان لە سیاچاڵەکاندا ڕاگیراون و لە کەمترین مافی ئینسانی بێبەرین و تارمایی مەرگ بەردەوام بەسەریاندا دەسوورێتەوە. ئەشکەنجە لە زیندانەکان و شەللاق لێدانی ئینسانەکان لەبەرچاوی خەڵک و لە شوێنی گشتی بابەتێکی ڕۆژمەڕەیە. کۆماری ئیسلامی باڵاترین پلەی ئێعدامی لە جیهاندا بەخۆی تەرخان کردووە و ڕژیمێکە کە منداڵی کەمتر لە ١٨ ساڵیش لە دار دەدات. لەم وڵاتەدا ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئایینی بووەتە یاسا و کۆماری ئیسلامی بە فەرمی و لەڕووی یاساوە دەسەڵاتێکی دژی ژنە. بەڵام سەرەڕای ئەم کارنامە پڕ لە تاوانەی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ئەم داکۆکیکارە دووڕۆو و درۆیینانەی مافی مرۆڤ، لە سات و سەودایەکی بێشەرمانەدا ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییان وەک “سەرۆکی کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتیی شۆرای مافی مرۆڤ”ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرد.

پێوه‌ری پاراستن و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پێویسته‌ به‌ پێی یه‌كسانی ئینسانه‌كان و به‌هره‌مه‌ند بوونیان له‌ نیعمەت و بەرهەمی ئینسانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌رئاورد بكرێت. كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری به‌ پێی جه‌وهه‌ر و ماهییه‌ته‌كه‌ی، كه‌ له‌سه‌ر جیاوازیی چینایه‌تی دامه‌زراوه‌، ناتوانێ داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ بێت. مافی مرۆڤ ته‌نیا كاتێك به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه‌ جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو چووبێت و ئینسانه‌كان ئه‌و ئیمكانه‌یان بۆ خوڵقابێت كه‌ له‌ ئاسایشی ته‌واودا، به‌ یه‌كسانی بژین. دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان دامه‌زراوه‌ و ئامانجی به‌رهه‌مهێنان نه‌ك دابین كردنی پێداویستیی ئینسانه‌كان، به‌ڵكوو قازانجی زیاتره‌، هیچ کات وه‌دی نایەت‌ و زەمانەت ناکرێت. ته‌نیا كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستیه‌. بۆ دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ تێیدا مافی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، پێویسته‌ به‌رده‌وام خه‌بات درێژه‌ی بێت. به‌ڵام تا ئه‌وكات كه‌ كۆمه‌ڵی ئینسان به‌ ته‌واوی له‌ سه‌رمایه‌داری ڕزگاری ده‌بێت، له‌به‌رچاوگرتنی مافی سه‌ره‌تایی ئینسان كه‌ به‌شێكی له‌ “جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ” دایه‌، پێویسته‌ به‌ ڕه‌سمی بناسرێت و به‌كرده‌وه‌ ده‌ربێت. بەڵام جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەلەبەرچاوگرتنی بەربەستەکانی، بەسەرەنجدان بە ماهییەتە بورژواییەکەی ناتوانێ ئاڵای خەبات دژبەم هەڵاواردن و بێمافییانە بێت. خەبات دژبە توندوتیژیی دەوڵەت بەرانبەر ئینسانەکان، خەبات بۆ جیایی دین لە دەوڵەت و دژبە دەخاڵەتی دین لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکان، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و لە وەها لێکدانەوەیەکی سنووردار لە مافی ئینسان، بانترە. تەنیا سۆسیالیسم دەتوانێ ببێتە ئاڵای خەباتی لێبڕاوانە بەدژی هەموو جۆرەکانی نایەکسانی و هەڵاواردن و بێمافی.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سەرماوەزی ١٤٠٢

دێسامبری ٢٠٢٣