فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمەڵێک لە ژنانی سنە بە بۆنەی ٢٥ی نۆامبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەی توندووتیژی لەدژی ژنان
دوشەممە ۰۵-۰۹-۱۴۰۳   |  25-11-2024

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز، گرووپێک لە ژنانی شاری سنە، بەبۆنەی ٢٥ی نۆامبر، بە ئامادەبوون لە سەر مەزاری ژمارەیەک لەو ژنانەی کە بە دەستی حکوومەت و پێکهاتەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگا کوژراون، وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژیی حکوومەتی و سیستماتیک دژی ژنان، پێداگرییان لەسەر درێژەدان بە خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە هەر دۆخێکدا کردەوە.
ئەم گرووپە لە ژنان لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە “توندتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی ئاڵۆز و تێکئەڵاو لەگەڵ تانوپۆی نیزامی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییە و ژنان پەراوێزخراو و کەمینەیەکن کە لەژێر هەڵاواردن و ستەمی چەند قاتدان.” ئەوان وێڕای ئاماژە بە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی هەموو ژنانی ئێران، سەبارەت بە بەربڵاوی توندوتیژیی حکوومەتی لە دژی ژنان و تێکەڵاوبوونی ئەمە لەگەڵ هەڵاواردنی نەتەوەی و فەرهەنگی قسەیان کرد. ئەم ژنانە لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا پێداگرییان لەسەر خەبات و بەرخودانی ژنان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەندیخانەکاندا کردەوە و دەڵێن: لە میانەی سەرکوتی سیستماتیک و توندوتیژیی هەمەلایەنەدا، ژنان توانیویانە چەمکەکانی هۆکاربوون و خۆڕاگری پێناسە بکەن. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە ئاگایی بەکۆمەڵ، تۆڕەکانی هاوپێوەندی پێک دێن و لە بەرانبەر توندوتیژیدا ڕادەوەستن و درێژە بە ڕێکخستن و خەبات بۆ خولقاندنی ژیان و ئازادی دەدەن.