شەڕێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە؛ شەڕێکی وێرانکەر و پڕ لە مەرگی مرۆڤەکان و منداڵانێک کە هێستا ژیانیان ئەزموون نەکردووە. ٧٠ ساڵە دەسەڵاتی داگیرکەری ئیسرائیل بە داگیرکردنی وڵاتی فەلەستین و بە وێرانکاری و جەنایەت، ژیانی ئەم خەڵکە لەناو دەبات. بەڵام ئێستا حەماس کە ساڵەهایە لە فەلەستین چالاکی دەکات و حکوومەتی ئێران بە هەموو شێوەیەک لەم گرووپە پشتیوانی کردووە لە هاودەستی لەگەڵ گرووپە ئیدئۆلۆژیکە ئیسلامی و یەهوودییەکان ئاگری شەڕیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیرساندووە. ئێمە خانەنشینان، کرێکاران، مامۆستایان بە واتایەکی تر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا دژی هەموو جۆرە شەڕێکی زێدەخوازانە و ستەمکارانەین. چونکە بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە کە شەڕ ماشێنێکی کوشتارە کە بەردەوام بێ دیفاعترین و ژێردەستترین ئینسانەکان دەکاتە قوربانی.
توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕژیمی ئیسرائیلمان هەمیشە لەبەرچاو بووە و هەرگیز ئاواتی ئاشتیی فەلەستین نادیدە ناگرین. بەڵام ژیانی پڕ لە توندوتیژی و هەڵاورادن و سەرکوت لەماوەی تەمەنی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتێک کە هیچ مافێک بۆ ناڕەزایەتی و داخوازی و جیابیری بێجگەلە سڕینەوە و دوورخستەوە ڕەوا نابینێ، بە ڕەنج و ژانەوە فێری کردووین کە سرووشت و ماهیەتی کۆنەپەرستانەی حەماسیش بە بیانووی ئاواتی فەلەستینەوە دانەپۆشین. ئێمە هەرگیز خۆڕاگریی خەلکی فەلەستین بەرامبەر بە ڕژیمی ئاپارتاید، لەگەڵ حەماس بە یەک نازانین. حەماس گرووپێکی مەیلەوفاشیستی، ئیسلامی و دژەیەهوودە و هاوسانکردنی لەگەڵ موقاومەتی فەلەستین بۆ ئێمە هاوشێوەی گاڵتەیەکی کوشندەیە. شۆڕشی ساڵی ٥٧ بە قیمەتی خوێنی گیانە ئازیزەکان فێری کردین کە لە قۆناغە هەستیارە مێژووییەکاندا بە وردی بڕوانینە هەڵسووکەوتی گرووپە سیاسییەکان و هەرگیز دژایەتیی هاوبەش بە نیشانەی هاوئاراستەبوون نەزانین. پێوەرەکانمان ئەمڕۆ بۆ خۆمان زۆر ڕوونتر بووەتەوە:
ئێمە تەنها لەگەڵ ئەوانەین کە باوەڕیان بە ئازادی، بە عەداڵەت، بە ئارمانە دیموکراتیکەکان، باوەڕیان بە بەرابەریی کامڵی هاوڵاتییان بە هەر بیر و ئاراستە و ڕگەزێکەوە بێت و ئەم باوەڕەیان لە کردەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا نیشان دابێت.
ئێمە لەگەڵ حەماس و ڕژیمی ئاپارتاید دەریایەک لە خوێنی باشترین ڕۆڵەکانمان لە نێواندایە.
ئێمە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەلەستین ئاواتی ئاشتیمان لەسەر دایە. بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ مرۆڤێکدا نییە و ئێمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و هەر تایبەتمەندییەکی دیکە، ڕێز لە مافی ژیانێکی سەربەرزانە بۆ هەموو مرۆڤەکان دەگرین و دەیپارێزین.
ئێمە لەگەڵ “رشا حلوە”، نووسەری فەلەستینی و واژۆکاری بەیاننامەی فەلەستنییەکان بۆ پشتیوانی لە “ژن، ژیان، ئازادی”، یەکدەنگین. ڕەنجی ئێمە وەک ئێرانی، هاوشێوەی قوتبنەمایەک ئێمەی بەرەو هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ڕەنجدیدەی شوێنەکانی تری جیهان هیدایەت کردووە. ئەو خەڵکانەی خوازیاری ژیانی ئازاد و کەرامەتی ئینسانین.
یەکیەتیی خانەنشینان
٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی