یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران لە بەیانییەکدا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە درێژەی دەستبەسەر کرانی “ئیسماعیل عەبدی” دەبیری پێشووی کانوونی سێنفی موعەلیمانی ئێران، خوازیاری ئازادی بێ شەرتومەرجی ناوبراو بوو.
لەم بەیانییەدا هاتووە: “ئیسماعیل عەبدی لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی ئێعتڕازی موعەلیمان، نزیکەی ٨ ساڵە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە زیندانی کراوە. سەرەڕای ئەوەیکە ناوبراو ساڵی ٩٩ بە سەرنج دان بە کۆتایی مەحکومییەتەکەی دەبوایە لە زیندان ئازاد بکرایە، بەڵام بەدوای ئیجرایی بوونی حوکمی هەڵپەسێردراوی نایاسایی لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتی، پێش بە ئازاد کرانی گیراوە. لەم بەیانییەدا هەروەها وتراوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە پەروەندەی ئیسماعیل عەبدی، ناوەندەکانی ئەمنییەتی و قەزایی یاساکانی خۆیان پێشێل کردووە و پێشگرتن بە ئازادکردنی ئیسماعیل عەبدی، لە خزمەت بە پێشێل کردنی یاسایە.” یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی شوڕای هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی سێنفی موعەلیمانە و درێژەی دەستبەسەر کردنی ئیسماعیل عەبدی بە توندی مەحکووم دەکات.