فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تارمایی شۆرشە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر جیهانەوە
سێشەممە ۲۳-۰۱-۱۴۰۱   |  12-04-2022

لەگەڵ شەڕ و کوشتار لە ئۆکراین و توندبوونەوەی کەش و هەوای جەنگ و کێبەرکێی ئیمپریالیستی لەئاستی جیهان، دواهاتە جیهانییەکانی ئەم شەڕەش قووڵتر و بەرینتر دەبێت. لە جەرگەی ئەم هەلومەرجە مەترسیدارە، شەپۆلێکی تازە لە شۆڕشی کرێکاران و بێبەشان سەری هەڵداوە و شەقام سەرلەنوێ بووەتە گۆڕەپانی خەبات دژبە هەژاری و نەهامەتی و بێعەداڵەتیی زاڵ بەسەر ئەم کۆمەڵگایانـە. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە هێندێک لە وڵاتان، نیشانە سەرەتاییەکانی خۆڕاگری و خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەئاست ئەم باروودۆخە نیشان دەدات. ناڕەزایەتیی جەماوەری و ئاخێزی سەر شەقام لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لە پێروو، بەڕازیل، یوونان و فەڕانسەوە بگرە تا سوودان و سریلانکا، دەوڵەتانی سەرمایەدار و دیکتاتۆری زاڵیان بردووەتە ژێر پرسیارەوە و خوازیاری باشترکردنی باروودۆخی ژیان و گۆڕینی وەزعییەتی فەلاکەتباری ئێستان.

دواهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ لە ئۆکراین، لەوڵاتی پێروو و بەڕازیل ڕەنگدانەوەی بووە. قەیرانی سیاسی و چوونەسەرەوەی نرخی سووتەمەنی و کوودی شیمیایی لە وڵاتی پێروو، بوو بەهۆی ناڕەزایەتیی سەر شەقام دژبە دەوڵەتی دەسەڵاتدار. نائارامییەکان لە حەوتووی ڕابردوودا لە حاڵێکدا دەستی پێکرد کە جووتیاران و شۆفیر کامیۆنەکان جادەکانی لیما، پایتەختی پێروویان بەست و ئەوەش چوونەسەرەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکانی پەرەپێدا. مانگی پێشوو بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان لە پێروو گەیشتە باڵاترین ئاستی خۆی لەماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوودا. لە کاردانەوە بەم باروودۆخە، سەرۆک کۆمار باری نائاسایی و قەدەغەکرانی هاتووچۆی لە لیما و شاری بەندەریی کالائۆ ڕاگەیاند تا ناڕەزایەتیی سەرتاسەری سەرکوت بکەن. بەڵام دواتر ناچار بە هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە بوو. هەروەها دەوڵەت هەوڵی دا تا نرخی سووتەمەنی بە چاوپۆشی لە دانی ماڵیات بێنێتە خوارێ. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە لەسەر بانگەوازی کۆنفێدراسیۆنی گشتیی کرێکارانی پێروو و یەکیەتیی کرێکارانی پەروەردە و بارهێنان، هەزاران کەس هاتنە سەر شەقامەکانی لیما و خوازیاری بردنەسەرەوەی لانیکەمی حەقدەست بوون. ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانە و بەرینی سەرشەقام، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرە دەوڵەتییەکانەوە بە توندوتیژی کێشرا و هەتا ئێستا کوژرانی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی لێ کەوتووەتەوە. وڵاتی پێروو هەناردەکاری سەرەکیی ماددەی موغەزیی خاکە و لەو جێگەوە کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن کوودی شیمیایی هاوردە دەکات، بەهۆی چوونەسەرەوەی نرخی کوود لەئاکامی شەڕی ئۆکراین و سزای ئابووریی ڕۆژاوا دژبە ڕووسیە، ئەم وڵاتە لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕوو بووەتەوە.

لە بەڕازیلیش، بولسۆنارۆ، سەرۆک کۆماری ڕاستی توندئاژۆی ئەم وڵاتە هەوڵی دا تا لە هێرشی نیزامیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین و بەبیانووی بڕیاری ڕووسیە بۆ ڕاگرتنی هەناردەی ئەو کوودانەی کە بۆ بەشی کشتوکاڵی بەڕازیل پێویستن، بەئامانجی خێراتر پەسندکردنی یاسای دەرهێنانی مەعدەنی تەجاریی لە زەوییە خۆجێییەکان کەڵک وەربگرێت. لە ناڕەزایەتی بەم سیاسەتانە، حەوتووی ڕابردوو هەزاران کەس لە چالاکانی خۆجێیی لە پایتەختی بەڕازیل کۆبوونەوە تا کەمپەینێکی ناڕەزایەتیی ١٠ ڕۆژە بۆ ڕێگری لە پەسەندکرانی یاسای مەعدەنکاری بەرپا بکەن. سەرۆکی جێبەجێکاری چاوەدێریی ئاووهەوای بەڕازیلیش لەمبارەوە گوتی: “کارێک کە بۆلسۆنارۆ ئەنجامی دەدات ئەوەیە کە لە شەڕی ئۆکراین بۆ جێخستنی بۆچوونێکی هەڵە و خێراترکردنەوەی دەنگدان بەم یاسایە کەڵک وەربگرێت، زەوییەکان لەدەست کۆمەڵگەی خۆجێیی دەربێنێت و بیانکاتە خسووسی.” یەکێک لە ڕێبەرانی ئەم کەمپەینە ناڕەزایەتییە، لە حاڵێکدا کە لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی خۆجێیی بەڕازیل دەچوونە پایتەخی ئەم وڵاتە، گوتی: “ئێمە پاشەکشە ناکەین.”

بەهۆی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، نرخی سووتەمەنی لە ئەورووپا تا ٦٠ لەسەد چووەتە سەرێ. لە یوونان نزیک بە ١٠ هەزار کەس لە کرێکارن و خەڵکی ناڕازی لە ئیعتراز بە حەقدەستی کەم و گرانیی کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بەتایبەت خۆراک و سووتەمەنی، دەستیان دایە مانگرتنی گشتیی یەک ڕۆژە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئاتێنی پایتەختی ئەم وڵاتە و زیاتر لە ٧٠ شاری دیکە بەڕێوەچوو. هەروەها لە گەرمەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە فەڕانسە، شاری پاریس شایەدی قۆناغێکی تازە لە ناڕەزایەتیی “جلیقە زەردەکان” دژبە دەوڵەتی ماکڕۆن بوو. ئەم خۆپیشاندانە کە بە درووشمی “ڕێپێوان بۆ داهاتوو” و بە ئامانجی دەربڕینی نیگەرانی لەئاست قەیرانی کەشوهەوا و گۆڕینی سیاسەتی ژینگەیی بەڕێوەچوو، بەخێرایی بوو بە ناڕەزایەتی لەدژی دەوڵەتی ماکرۆن و وەزعییەتی نالەباری ئابووری. ئەو نیگەرانییانەی کە خەڵکی ناڕازیی فەڕانسەی هێنا سەر شەقامەکان، ئەساسەن ناڕەزایەتی بە کاریگەریی مەترسیداری پەتای کۆرۆنا لەسەر ئیمکانات و خزمەتگوازریی تەندرووستی، چوونەسەرەوەی هەوسارپچڕاوی نرخی خۆراک و سووتەمەنی، بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەزینەکانی ژیان و بەهای بیمە بووە.

وڵاتی سوودانی هەڵکەوتوو لە ئەفریقاش لە ساڵانی ڕابردوودا دیمەنی ناڕەزایەتی و گرژیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرین بووە. دوای ئەوەیکە ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢١دا بە کوودتایەک دەوڵەتی غەیرە نیزامیی لەسەرکار لابرد و دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە گرت، سوودان بەردەوام شایەدی ناڕەزایەتی و موقاومەتی هەزاران کەس دژبە حکوومەتی نیزامی بەڕێبەری ژێنێڕاڵ “عەبدولفەتاح بۆرهانـ”ـە. خۆپیشاندەران وێڕای وتنەوەی درووشمی وەک “دەسەڵات بۆ خەڵک” و “ئێمە حکوومەتی مەدەنیمان دەوێت”، خوازیاری پێکهێنانی دەوڵەتی غەیرە نیزامی بوون. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی کۆمیتەی پزیشکانی سوودان، ژمارەی کوژراوانی چەند مانگی ڕابردوو گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٠ کەس. لە کێشمەکێشی نێوان ناڕازیان و ئەرتەشی ئەم وڵاتەدا، دەوڵەتی نیزامی پشتیوانی لە دەوڵەتی ڕووسیە دەکات و ناڕازیانی سەرشەقامیش لە خەڵکی ئۆکراین. شەڕی ئۆکراین لەم وڵاتەش قەیرانی سیاسی و گرژییەکانی توندتر کردووەتەوە. ڕووسیە و ئۆکراین زیاتر لە ٨٥ لەسەدی هاوردەی گەنمی سوودان دابین دەکەن. ئەم شەڕە نرخی خۆراک و سووتەمەنیی لەم وڵاتە بردووەتە سەرێ و باروودۆخەکەی خراپتر کردووە. هەواڵنێریی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ڕابردوودا نرخی نان لە هێندێک شوێنی سوودان تا ٥٠ لەسەد چووەتە سەرێ و هاوکات لەگەڵ چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی سووتەمەنی، خەرجی هاتووچۆ لەم وڵاتەش ٥٠ لەسەد چووەتە سەرێ.

سریلانکای هەڵکەوتوو لە باشووری ئاسیاش لە یەکێک لە مەترسیدارترین قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی مێژووی خۆیدا گرفتارە. لە کاردانەوە بەم باروودۆخە، لە زۆرێک لە شارەکانی سریلانکا خۆپیشاندانی بەرین دژبە باروودۆخی نالەباری ئابووری و ماڵی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. کەمبوونی بێوینەی خۆراک و سووتەمەنی و دەرمان لەگەڵ تەوەرۆمی بێوێنە و قەتعیی بەردەوامی بەرق، سریلانکای لە کاتی سەربەخۆیی لە بریتانیا لە ساڵی ١٩٤٨ەوە  خستووەتە ناو توندترین ڕکوودی ئابوورییەوە. سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە دوای دەستپێکی ناڕەزایەتییە بەرینەکان و گەڵاڵەکرانی دەست لە کارکێشانەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، باری نائاسایی ڕاگەیاند. ئەم فەرمانە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەگەڵ توندبوونەوەی نائارامیی سیاسی و لەدەست دەرچوونی کۆنتڕۆڵی زیاتر حزبی دەسەڵاتدار، هەڵوەشایەوە. توندبوونەوەی قەیرانی خزمەتگوزاریی پزیشکی باروودۆخی نالەباری ئابووریی سریلانکای زیاتر پەرەپێداوە. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، یەکیەتیی ئەفسەرانی پزیشکیی دەوڵەتی (GMOA)، لەحاڵێکدا کە پزیشکان و نەخۆشخانەکان کەمبوونی بەرینی دەرمانیان گوزاریش دا، “باروودۆخی نائاسایی تەندرووستیی نەتەوەیی” ڕاگەیاند. زیاتر لە ٨٥ لەسەدی بەرهەمی دەرمانیی ئەم وڵاتە هاوردە دەکرێت و هەزینەکەشی بە دۆلاری ئەمریکا دەدرێت. لەگەڵ هاتنەخوارەوەی بەرچاوی بەهای پارەی نەتەوەیی ئەم وڵاتە و کەمبوونی دراوی بیانی، دابینکردنی دەرمان لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو بووەتەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرووسی کۆرۆنا لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی خۆراک و سووتەمەنی بەهۆی شەڕ لە ئۆکراین، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لە سریلانکاش قووڵتر و بەرینتر کردووەتەوە.

بەڵێ! لە جەرگەی شەڕی ئیمپریالیستی و کێبەرکێی تەسلیحاتیی دەوڵەتانی سەرمایەداری، ناڕەزایەتی و موقاومەتی جەماوەری دژبە نابەرابەری و گرانی و بێسەرەوبەرەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەری هەڵداوە و ڕێگای خەبات دژبە باروودۆخی زاڵ و بەربەریەتی سەرمایەداریی گرتووەتە بەر. بێگومان چارەنووسی زۆربەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش جیهان، بە داسەپاندنی شەڕ و گرانی و بێبەشی دیاری ناکرێت. هاوتەریب لەگەڵ قووڵبوونەوەی دواهاتەکانی شەڕ و کێبەرکێی ئیمپریالیستی، ڕاپەڕین و ئاخێزە جەماوەرییەکانیش لە قووڵایی کۆمەڵگاوە وەحەرەکەت دەکەون و سەرهەڵدەدەن و پەرە دەستێنن. کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانیش ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژە و بەرین و سەرانسەری کردنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان و هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەم شەپۆلە جیهانییە و خۆڕاگری و خەباتی جەماوەری لەسەر شەقامەکان و شوێنی کار و ژیانیان لەبەر نییە.