فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

توندبوونەوەی قەیرانی مەسکەن لە ئێران
شەممە ۱۱-۱۰-۱۴۰۰   |  01-01-2022

کێشەی مەسکەن دەیان ساڵە لە ئێران بووەتە قەیرانێکی بەرین بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. چوونەسەرەوەی هەژاری و بێکاری لە چەند ساڵی ڕابردوودا ملیۆنان کەس لە خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەی لە هەبوونی چوار دیواری و سەرپەنایەک بۆ ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان بێبەری کردووە. بەپێی ئاماری ناوەندەکانی دەسەڵات، کە زۆربەیان بە تێبینیی ئەمنییەوە بڵاو دەکرێنەوە، خەڵکی ئێران ناچارن ٦٠ تا ٧٠ لەسەدی داهاتی خۆیان بۆ خەرجی شوێنی نیشتەجێبوون تەرخان بکەن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە مامناوەندی ئەم ڕێژەیە لەئاستی جیهاندا ١٨ لەسەدە. بەلەبەرچاوگرتنی چوونەسەرەوەی خێرای قیمەتی ماڵ، کرێکاران و باقیی توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا دەمێکە توانای کڕینی مەسکەنێکی گونجاویان  بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان لەدەست داوە. بۆ نموونە قیمەتی هەر میترێکی سێجا ماڵ لە هەرزانترین شوێنی تاران، بەشێوەی مامناوەند ١٥ ملیۆن تمەنە. هەر بەم دەلیلە نەتەنیا کرێکاران بەڵکوو توێژی مامناوەندی کۆمەڵگاش توانای کڕینی ماڵیان لەدەست داوە.  بەڵام بە سەرەنجدان بە چوونەسەرەوەی پتر لە ٦٠ لەسەدی کرێی ماڵ، زۆربەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ئیمکانی کرێی ماڵی گونجاویان نییە و هێندێکیان بە کڕینی کارتۆنی یەخچاڵ بۆ خەوتن کیفایەت دەکەن. بە پێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕژیم، ڕێژەی کرێی ماڵ لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو لە ناوچە شارنشینەکانی گشت ئێران لە ٥٤ لەسەد چووەتە سەرتر.

بە پێی ڕاپۆرتی هەمشەهری ڕۆژی سێشەممە ٧ی مانگی بەفرانبار، بەڕێوەبەری دامەزراوەیەکی غەیرە دەوڵەتیی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوە کردووە کە “لەگەڵ ساردبوونی هەوا زۆرێک لەو بنەماڵانەی کە بێ سەرپەنا بوون و لە هەژاریی ماڵیدا بەسەریان بردووە، ڕوویان کردووەتە گەرمخانە و ناوەندەکانی ڕاگرتنی موعتادان و هەموو ڕۆژێش بە ژمارەیان زیاد دەبێت. تا جێگایەک کە لەئێستادا زەرفییەتی هەموو گەرمخانە و خابگای باقیی ئازارەکانی دیکەش پڕ بووە”. پێویستە بوترێت کە یاسای کۆنەپەرستانە و خورافیی کۆماری ئیسلامی لەوێش بە کێشە و گرفتی بنەماڵەکان بەتایبەت منداڵان زیاد بووە. ژنان و پیاوان ناتوانن لە یەک شوێن بمێننەوە، هەم دایک و باوک و هەم منداڵانی کچ و کوڕ دەبێ لێک جیا ببنەوە و هەر کامیان بڕۆنە جێگایەک. ئەم بابەتە کێشەی زۆری بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵە بەتایبەت بۆ منداڵان خوڵقاندووە. بێگومان باروودۆخێکی بەمجۆرە قێزەون، کاریگەریی دەروونی زیانبار لەسەر منداڵان و دایکان و باوکانیان دادەنێت و گەلێک دواهاتی نەرێنیی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت.

سەرۆکی “ناوەندی باڵای لێکۆڵینەوەی تەئمینی ئیجتماعیی ئێران” مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ڕایگەیاند کە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی قانوونی، ئێران لەگەڵ چوونەسەرەوەی ٣٥ لەسەدیی خوکوژی بەهۆی هەژاری و برسییەتی بەرەوڕووە. هەواڵنێرییەکانی ناوخۆ و ناوەندە مەدەنییەکانیش لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر چوونەسەرەوەی ئاماری خۆکوژی و یان هەڵاتنی سەرپەرستی بنەماڵەکان بەهۆی هەژاری و برسییەتی و نەبوونی توانای دابین کردنی هەزینەی ژیان تەئکیدیان کروودە. نموونەیەکی دڵتەزێنی ئەم دوایانە، خوکوژیی بەکۆمەڵی بنەماڵەیەک لەوانە باوک، دایک و کوڕی ١٩ ساڵەیان لە یەکێک لە گوندەکانی مەهاباد لە ڕێکەوتی دووی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا بوو.

پەرەسەندنی کارتۆنخەوی، گۆڕخەوی، سەربانخەوی، پەراوێزنشینی و پەنابردنی بەرینی هەژاران بۆ ئەو گەرمخانانەی کە زۆربەیان بۆ موعتادان درووست کراون، داغێکی نەنگی دیکەیە بە ناوچاوانی ڕێبەرانی دز و گەندەڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. دەسەڵاتێک کە هەتا ئێستا بێجگەلە هەژاری و برسییەتی و سەرکوت و کوشتار هیچ قازانجێکی دیکەی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە و سەروەت و سامانی خەڵکی کردووەتە خەرجی سیاسەتی زێدەخوازانە و یارمەتی گەیاندن بە ڕەوتە تیرۆریستە ئسیلامییەکان لە وڵاتانی دیکە و یان بۆ ڕووحانییەتی مفتەخۆر و دەزگای بەرینی نیزامی و ئەمنیی بە ئامانجی پاراستنی خۆی، تەرخانی کردووە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سەرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەحمەدی نەژاد و ڕووحانییەوە تا ڕەئیسیی قاتڵ بەردەوام بە درۆ، کە یەکێک لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامییە، بەڵێنی درووست کردنی “چوار ملیۆن خانووبەرە”یان بە خەڵک داوە. ئەحمەدی نەژاد پڕۆژەی “مەسکەنی مێهر”ی بە قەرز وەرگرتن لە بانکی ناوەندی دەستپێکرد. بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە بەدەر لە دزی و کەڵکی نابەجێ وەرگرتنی بەرینی بەرپرسانی حکوومەتی، دەستبەجێ تەوەرۆم و گرانییەکی بەربڵاوی بەسەر بازاڕدا سەپاند. دەوڵەتی ئیفلاسهێناوی ڕەئیسیش ئێستا بەتەمایە وادەی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکان واتە “درووست کردنی مەسکەنی بەرین”، بۆ درووستکردنی مەسکەن بە هەزینەی وەرگرتنی ماڵیات لە ماڵە بەتاڵەکان حەواڵە بکات. وادەیەک کە حەسەن ڕووحانیش بۆ ڕێکخستنی بازاڕی مەسکەن چاوی هێوای تێبڕیبوو بەڵام هەرگیز وەدی نەهات. ئاکامەکەی بوو بەوەیکە ئەمڕۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی هەژاری ئێران یان بێ ماڵ بن و یان لە ماڵی قەدیمی و نائەمندا بژین.

ئاشکرایە کە لە بازاڕی سەرمایەدا قیمەتی مەسکەن و کرێکەشی لەژێر کاریگەریی چوونەسەرەوەی ڕێژەی تەوەرۆم و هاتنە خوارەوەی بەهای تمەن دایە. کاتێک کە حکوومەتی ئیسلامی مەسەلەی مەسکەنی خەڵک لەژێرناوی “کەڵک وەرگرتن لە زەرفییەتی سەمایەدارانی بەشی خسووسی” ڕادەستی ئەوان دەکات، مەسکنیش دەبێتە کاڵایەک بۆ قازانجپەرستیی سەرمایە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی سەرمایەدارانی بۆ سازکردن و فرۆشتن و ڕانتخوری و ئیحتکاری مەسکەن و دزینی سەروەتی خەڵک ئاواڵە هێشتووەتەوە و هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک بە گولـلە وڵام دەداتەوە. لەو جێگەوە کە توندبوونەوەی قەیرانی مەسکەنیش ڕیشەی لە قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری و بشێویی هەمەلایەنە و گەندەڵیی جێکەوتووی ناو هەموو ئۆرگانەکانی کۆماری ئیسلامی دایە، تا کاتێک نیزامی سەرمایەداری و کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت کێشەی مەسکەنیش لە ئێران بەشێوەی ڕیشەیی چارەسەر نابێت. چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونی مەسکن تەنیا دەتوانێ ئاکام و بەرهەمی ڕاستەوخۆی خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگا بێت. هەبوونی سەرپەنا و بەهرەمەندبوون لە کەرەستەی ئیمەنی و ڕێفاهی و فەرهەنگی، مافی بێئەملاوئەولای هەموو ئینسانێکە. کاتێک کە کرێکاران بەشێوەی ڕێکخراو لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا بن و بۆ خواست و داخوازییەکانی خۆیان و لەوانە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو خەبات بکەن و بە خەباتی خۆیان دەوڵەتانی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار بخەنە ژێر گوشارەوە، دەتوانن ڕێگایەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی مەسکەن بدرۆزنەوە.