توندوتیژی دژی ژنان بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ڕووبەنایی و کلتووریی کۆمەڵگاکانی سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهانە و سنوورەکانی نەتەوە، ڕەگەز و ئایینی تێپەڕاندووە. ئەم دیاردەیە لە کاتی قەیرانی سەرمایەداری و پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری و شەڕ و ئاوارەیی و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ژنان دەکاتە یەکەمین قوربانیانی خۆی. هەر ئەندازە هەژاری و بێکاری زیاتر پەرە بستێنێ، بە هەمان ئەندازەش ژنانی کرێکار هەروەک توێژە هەژار و کەم داهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕووی هەموو جۆرە بێبەشی و ستەم و توندوتیژییەک دەبنەوە. ژنان لە کۆمەڵگا ناپێشکەوتووەکاندا بە کەمترین ئیمکانات گەورە دەبن، لە خوێندن بێبەش دەبن، هەر لە منداڵییەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکانی خێزان هاوسەرگیرییان پێدەکرێت و لە دونیای منداڵی بێبەری دەکرێن. ئەم منداڵ هاوسەرانە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی جەستەیی و کەلامی و سەرکوت و ژێردەستەیی بەرەوڕوو دەبنەوە و یان لەلایەن نزیکترین پیاوانی بنەماڵەی خۆیانەوە لەژێرناوی دیفاع لە نامووس دەکوژرێن. لە سەردەمی گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنادا ئەگەرچی پەرستارەکان بە قیمەتی گیانیان ئاگادارییان لە نەخۆشەکان دەکرد، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە یەکەمین قوربانیانی شەپۆلەکانی دەرکردن لەلایەن دەوڵەت و شیرکەتەکانی سەرمایەدارییەوە بوون. لە ناوچەکان و ناوەندە قەیراناوییەکان، لە کاتی ئاوارەیی، لە تێکهەڵچوونی نیزامی و شەڕدا، کە لەم ڕۆژانەدا وەحشیانەترین نموونەی لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە لەئارادایە، ژنان نەتەنها بەشێکی بەرین لە کوژراوەکان پێکدەهێنن، بەڵکوو زیاتر له هەمووانیش بەرەوڕووی فشاری دەروونی و ئەزیەت و ئازار دەبنەوە. ژنان نەتەنها لە حکوومەتەکانی سەرمایەداری مەزهەبی و دیکتاتۆریی وەک ئێران و ئەفغانستان و عەرەبستانی سعوودی قوربانییانی نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزین، بەڵکوو لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریش لەژێر فشاری ڕەوتە ڕاستڕەوەکاندا، دەستکەوتی سەد ساڵەیان بۆ نموونە مافی لەباربردنی منداڵیان لێ دەستێندرێتەوە و ڕۆڵی ژنان وەک ژنی ناوماڵ بەرجەستە دەکەنەوە و لەم ڕاستایەدا پێوەرە ئایینییەکان دووبارە تەبلیغ و زیندوو دەکەنەوە.
ئەگەرچی دەوڵەتانی سەرمایەداری تەبلیغی ئەوە دەکەن کە پێگەی ژنان باشتر و بەهێزتر بووە. بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی ئەوان دانانی ژنانی زیاترە لە پۆستی بەڕێوەبەریی کۆمپانیاکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان. ڕاپۆرتە ئامارییەکان باس لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ستەم و چەوساندنەوەی ژنان هاوکات لەگەڵ زیاتربوونی هەژاری و ئاوارەیی لەئاستی جیهاندا دەکەن. بەپێی ئاماری خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا لە هەر سێ ژن، یەک ژن لە توندوتیژی بەدست هاوژینەکەی ڕەنج دەبات. بەر لە گشتگیربوونی قەیرانی کۆرۆنا، ٢٤٣ ملیۆن ژن و کچ قوربانیی توندوتیژیی سێکسی و جەستەیی بوون بەڵام دوای قۆناغی کۆرۆنا ئەم ژمارەیە بۆ ٧٣٧ ملیۆن بەرز بووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە هەر ١٠ قوربانیی قاچاغی مرۆڤ لە جیهان، شەش کەسیان ژنان و کچان بوون و ٩١ لەسەدی قوربانییانی چەوساندنەوەی سێکسی ژنان بوون. لە ئاستی جیهاندا هەموو ڕۆژێ تەقریبەن ١٣٧ ژن لەلایەن بنەماڵەی خۆیانەوە دەکوژرێن. ٣٨ لەسەدی قەتڵی ژنان لەلایەن هاوژینەکەیانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم ئامارانە ئەگەرچی دڵتەزێنن بەڵام هەموو ڕاستییەکان باس ناکەن و تەنیا گۆشەیەک لە بەرینایی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئاشکرا دەکەن. بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستا جیهان کە شەڕ، نائارامی، قەیرانی ئابووری و ژینگەیی و هەژاری و نابەرابەری و ئاوارەیی بەردەوام لەئارادایە، ئاماری توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەتایبەت لە توێژە فەقیر و کەمداهاتەکانی کۆمەڵگادا زیاتر پەرەدەستێنێت.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی سەرمایە، لە پەنا هەژاری و بێکاری و بێبەشی بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ئەم ڕژیمە زیاتر لە چل ساڵە کە بەشێوەی سیستماتیک و بەپێی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و دژی ژن، و بە سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوت هەموو جۆرە توندوتیژی و ستەمێکی بەرامبەر ژنان ئەنجام داوە و خۆی سەرچاوەی توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاری ژنانە. کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی یاسا و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دژی ژن، بە تەبلیغ و پەرەەپێدانی بیر و باوەڕی پرتووکاوی مەزهەبی و دژەئینسانی، هاوکات لەگەڵ داسەپاندنی هەژاری و بێکاری و هەمووجۆرە مەحروومیەتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری، زەمینەی بۆ زۆرێک لە کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بۆ بموونە بێبەریبوونی کچان لە چوون بۆ مەدرەسە و بازاڕی کار، بەشوودانی کچانی کەم تەمەن و قەتڵی نامووسیی فەراهەم کردووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بەهۆی ئەوەیکە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی کردووەتە یاسا، هۆکاری سەرەکیی زۆرێک لە قەتڵە نامووسییەکانە کە نموونەی دڵتەزێنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانە لەئاستی کۆمەڵگادا. ئەم پێکهاتە و سیاسەت و پەروەردە و شوێنە ناسالمانەی کە لەلایەن ئەم نیزامەوە فەراهەم کراوە لەسەر فکر و ڕەفتاری تاکەکان کاریگەریی داناوە و ئەم کارەساتانەی لێدەکەوێتەوە.
ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش وەک نیوەی چینی کرێکار، لە قوربانییانی سەرەکیی توندوتیژی جنسی، قەیران، شەڕ، ئاوارەیی و باقیی کێشە و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانن. پێویستە لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردانە کە ڕەگ و ڕیشەیان نیزامی چەوسێنەری سەماریەدارییە، دەورونەخشی سەرەکی و چالاکیان بێت. لەم ڕۆژانەدا لەئاستی جیهان ژنان لە بزووتنەوەی جەماوەری دژبە جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. ژنان هەروەها لە هیدایەتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران کە لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئورووپا و ئەمریکا و شوێنەکانی تری جیهان بەدژی بێمافیی کرێکاران و بەدژی دەوڵەتانی بورژوا بەڕێوە دەچێت نەخشێکی بەرجەستەیان هەیە. لە ئێران ژنان کە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی هەموو بەدبەختی و بێبەشی و بێمافییەکانی خۆیان دەزاننن بە ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، یاسا و سیاسەتە دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامییان لێبڕاوانە بردە ژێر پرسیارەوە. ژنان لە جەرەیانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا دروشمی ستراتێژیک و سەرکوتگەرانەی ڕژیمی ئیسلامی “یان ڕووسەری یان تووسەری”یان بە دروشمە ڕەسا و بەهێزەکانی “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وڵام دایەوە. ژنانی تێکۆشەر بە بوێرییەکی بێوێنەوە بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی ڕووسەری لەسەر شەقامەکان و سووتاندیان و بە سەما و ڕێپێوان بەدەوری ئاگر جوانترین دیمەنەکانیان دژبە ئاپارتایدی ڕەگەزی خوڵقاند و پایەکانی حکوومەتی ئیسلامییان تێکشکاند. ئەم ڕاستی و ئەزموونانە دەریدەخەن کە بزووتنەوەی ژنان بۆ ڕزگاری لە توندوتیژی و هۆکارەکانی، ڕێگایەکی بێجگەلە خەباتی کارا و ڕێکخراو بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەدژی سەرمایەداری نییە.