فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تۆمار کرانی زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی تووش بوون بە ئایدز لە هەرێمی کوردستان
شەممە ۱۱-۰۹-۱۴۰۲   |  02-12-2023

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئایدز لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەداوە: “لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵ کردندا، لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی پێنج سەد و ٩٨ هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە کە لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنیا ٧٢ حاڵەتی نوێ دەستنیشان کراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتییانی بیانی و هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن”. راشیگەیاندووە: “کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجام دراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان، کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت”. وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: “خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمترین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کولتووری و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان. رۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبووانی نەخۆشی ئەیدز”.
بەپێی ئامارەکان، لە جیهاندا نزیکەی ٤٠ ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئەیدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی.