به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له سوودان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەهۆی جه‌نگی نێوان دوو گه‌وره‌ترین گرووپ و هێزی چه‌كداری سوودان لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣وە هەتا ئێستا، بە سه‌دان و هه‌زاران حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر ژنان و كچان و توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه و هه‌مووان ده‌چنه خانه‌ی تاوانه‌كانی دژ به مافه‌كانی مرۆڤ.
هاوكات راپۆرته‌كان ئاماژه به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ن له‌و وڵاته كه نه‌وه‌یه‌ك له‌دایك ده‌بێت زۆربه‌یان به‌رهه‌می ده‌ستدرێژی سێكسین. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و حاڵه‌تانه له هه‌ردوو لای شه‌ڕه‌كه روویان داوه و تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژیان ئه‌نجام داوه. كچان و ژنان له راپۆرته ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، خێزان هه‌بووه پیاوه‌كانیان به ته‌واوه‌تی كوژراون و كچ و ژنەكانیش رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی بوونه‌ته‌وه. كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، به رێژه‌ی ٧٠ لەسەدی ده‌ستدرێژییه‌كان له لایه‌ن چه‌كدارانی هێزه‌كانی خێراوه ئه‌نجام دراوه. جێگای ئاماژەیە، بەهۆی ئەم شەڕە ناوخۆییەوە زیاتر له ١٠ هه‌زار كه‌س كوژراون و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كات، شه‌ش ملیۆن و ٣٠٠ هه‌زار کەسیش له شوێنه‌كانی خۆیان ئاواره بوون.