مەسموومکردنی ژنان و منداڵانی کچ لە مەدرەسەکان تاوان دژبە مرۆڤایەتییە
لە سەروبەندی ٨ی مارسی ١٤٠١دا تیرۆری دەوڵەتی دژبە ژنان و کچانی خوێندکار لە مەدرەسە و زانکۆکان لەئاستێکی بەریندا پەرەی سەندووە.
شەپۆلی مەسموومکردنی خوێندکارانی کچ تەنیا لە یەک ڕۆژ واتە لە ئەوەڵی مانگی مارسدا، ٢٦ ناوەندی گرتەوە. لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە شەپۆلی تیرۆریسمی ئیسلامی لەڕێگەی گازی شیمیایی دژبە ژنان و کچان کەوتووەتە ڕێ، هەتا ئێستا لە حەوت ئۆستانی ئێران سەدان کچ مەسمووم بوون. و ژمارەیەکی زۆریش هێستا بەستەرین. بەداخەوە هەتا ئێستا خوێندکارێکی کچ بەهۆی مەسموومیەتەوە گیانی لەدەست داوە و سیەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی کچیش زیانی بەرکەوتووە. ئەم هێرشانە لە قۆمەوە دەستیان پێکردووە و لە شارەکانی تر لەوانە ئەردەبیل، برووجێرد، تاران، کرماشان درێژەی هەیە و هەموو ڕۆژێ سەدان کچ مەسمووم دەبن و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن.
بەکارهێنانی گازی شیمیایی، بەئامانجی مەسموومکردنی ژنان و کچانی خوێندکار کردەوەیەکی موجرمانە و تاوان دژبە مرۆڤایەتییە. بەکارهێنانی گازی شیمیایی دژبە منداڵانی کچ و ژنان و خوێندکارانی ئێران ئیقدامێکی حکوومەتییە کە لەلایەن عەواملی غەیری ڕەسمی و تیرۆریستی ئەم ڕژیمەوە بەکردەوە دەرهاتووە.
کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنان و کچانی ناڕازی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەدان کەسی کوشتووە و هەزاران کەسی تریشی بریندار کردووە. سەدان کەس چاویان بەهۆی تەقەی تفەنگی ساچمەییەوە لەدەست داوە. ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنان و بۆ تۆڵەکردنەوە لێیان دەستی داوەتە کردەوەیەکی مەترسیدار و تیرۆریستی و دەیهەوێ لەڕێگەی بەکارهێنانی گازی شیمیایی و کردنە ئامانجی کچانی خوێندکار ناچاریان بکات دەست لە خوێندن هەڵگرن. ئەم سیاسەتە داعشی و تاڵەبانییە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی داعشیانی شیعە، پێویستە وڵامێکی توند و هەمەلایەنەی پێ بدرێتەوە.
خەڵکی ئێران و هەموو ئازادیخوازانی جیهان پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەم تیرۆرە ئیسلامییە بهێنن. ئەم کردەوە تاوان دژی مرۆڤایەتییە و نابێ جیهان تەماشاچیی ئەم تەوەحوشە ئیسلامییە بێت. پێویستە ژنان و کچانی ئێران پشتوانییان لێ بکرێت و ئەم دڕندە ئیسلامییانە بەریان پێ بگیرێت.
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، تەنیا ڕێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم وەحشیگەرییە ئیسلامییە و ئەم کلتوورە دژەژنە ئسیلامییە، گرتنەوەی شەقام و ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە هار و دڕندەیە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی شۆرایی
٢ی مارسی ٢٠٢٣
١١ی ڕەشەممەی ١٤٠١