ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەک بە ناوی عەینی قادرنژاد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری “گادەر”ی شاری شنۆ کوژراوە و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی محەممەدلەتیف خالیدی و تەمەن ۵١ ساڵ کە لەگەڵ ناوبراو بووە، بریندار کراوە.
شایانی باسە، تەرمی “عەینی قادرنژاد” بۆ پزیشکی دادوەریی شاری نەغەدە گواستراوەتەوە و “محەممەدلەتیف خالیدی”ش کە هەردوو پێ و دەستێکی بریندار بووە، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و براوەتە ژووری نەشتەرگەری. ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی “چریکئاوا”ی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێیەن و لە کاتی تێپەڕاندنی مەڕوماڵات لە ناوچەی سنووریی شاری شنۆ دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیم. جێگەی ئاماژەیە، هەر لەو پەیوەندییەدا دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی “محەممەدسدیق خالیدی”، تەمەن ٣٢ ساڵ و “شەهرام ساڵح محەممەدی”، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.