جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە زیندانی قزڵحیسار
پێنجشەممە ۳۰-۰۱-۱۴۰۳   |  18-04-2024
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، سزای سێدارەی سێ بەندکراو، کە یەک کەسیان بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بەناوی سادق تاجیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
هاوکات بەندکراوێکی دیکەش بەناوی فەرامەرز تەیب بەخشە تەمەن ٣٤ ساڵ، کە پێشتر بە تۆمەتی “دەستدرێژی سێکسی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە سێدارە درا.
هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی حکومەتیی ڕۆکنا، هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی تارانیش بە ناوی حوسێن کە ٤ ساڵ پێشتر سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی لە گەڕەکی باغی فەیزی تاران کوشتبوو، جێبەجێ کراوە. لە ڕاپۆرتی ڕۆکنادا ئاماژە بە شوێنی لە سێدارەدرانی ناوبراو نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوەش لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.