بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، سزای سێدارەی ٣ بەندکراو بە ناوەکانی سیامەک حەیاتبینی و موسلیم هەواسی کە هەردووکیان کورد و خەڵکی شاری کۆیەشت و هەروەها مەنسوور سەیدی، خەڵکی شاری تاران کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم ٣ بەندکراوە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو و لەگەڵ بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی “شەبەخش” بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە، بەندکراوی چوارەم گەڕێندرایەوە بۆ ژووری گشتیی بەندیخانە. سەرچاوەکانی هەواڵ لە شاری کۆیەشتەوە لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاند؛ سیامەک حەیاتبینی تەمەن ٣٥ ساڵ، ٧ ساڵ لەمەوبەر و موسلیم هەواسی ١١ ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر کراون و ڕەوانەی بەندیخانە کراون. هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو ٣ بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە ڕاگەیاندنەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت میدیای نزیک لە دەزگای دادوەریی ڕژیم بڵاو نەکراونەتەوە.