پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر دەس پێکردنی زنجیرەیی ژەهراوی کردنی کچانی قوتابی، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندورستی ڕژیم دانیپێدانا کە ئەم ژەهراوی بوونانە بە ئەنقەست کراوە و بە مەبەستی داخستنی قوتابخانەی کچان ئەنجام دراوە. “یونس پەناهی”، جێگری توێژینەوە و تەکنۆلۆجیای وەزیری تەندورستی ڕۆژی یەکشەمە ٧ی ڕەشەمە لەسەر ئەم بابەتە وتی: “دوای زنجیرەیەک لە ژەهراوی بوونی قوتابیان لە قوتابخانەکانی قۆم، ئاشکرا بوو کەسانێک دەیانەوێت سەرجەم قوتابخانەکان، بە تایبەت قوتابخانەی کچان دابخرێن. هاوکات، “عەلیڕەزا مونادی”، سەرۆکی کۆمسیۆنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕژیم وتی: ژهراوی کردنی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی قۆم و بروجێرد بە ئەنقەست کراوە و بۆ ئەوە بووە کە ڕێگری لە خوێندنی کچان بکەن.لە دوایین بابەتدا، لانیکەم ٥٠ قوتابی کچ لە قوتابخانەی ئەحمەدییەی بروجێرد سەر بە پارێزگای لۆرستان، ژەهراوی بوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.