فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی سیاسی لە دیوانی باڵای ڕژیمدا پشتڕاست کرایەوە
پێنجشەممە ۰۵-۱۱-۱۴۰۲   |  25-01-2024

سزای ئێعدامی یووسف ئەحمەدی، زیندانی سیاسیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لەم دوایییانەدا لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ڕژیمەوە پەسەند کرا.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە، بە تۆمەتی “بغی” لە ڕێگەی ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
هاوکات لەگەڵ یووسف ئەحمەدی، سێ هاودۆسیەی دیکەی ناوبراو لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای ٦٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. محەممەد کەریمی بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی بغی” سزای ٢٥ ساڵ زیندان، باست کەریمی و محەممەد فەیزی بە هەمان تۆمەتی “هاوکاریکردنی بغی”، هەرکام سزای ٢٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم سزا قورسانەی دەزگای دادوەریی ڕژیم لەسەر ئەو چوار هاووڵاتییە، لە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵدا بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە. ئەم بەندکراوە سیاسییانە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” دراوەتە پاڵیان.
یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی، لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون و لە مافە سەرەتایییەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.
یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی گوڵانی ١٣٩٩ بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە و پاش تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش بووە.