ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی گەلاوێژ ئیراهیم ڕەئیسیی قاتڵ لە کۆبوونەوەیەکی کۆنەپەرستانە و خۆرافیدا لەژێرناوی “ڕێزگرتن لە شوهەدای مودافعی حەرەم” بەڵێنی دا کە “حەتمەن بیساتی لابردنی حیجاب کۆدەکاتەوە”. ئەو گۆیا ئەم قسە بێ ناوەرۆکەی لە وڵام بە نیگەرانیی بنەماڵەی “شوهەدا” لەئاست بێ حیجابی لە ئێران بەیان کردووە. ڕەئیسی هەڵیت و پڵیتەکانی ڕێبەرەکەی خامنەیی دووپاتکردەوە و ژنانی ئازادیخواز و خەباتکار، کە بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە سووتاندنی حیجابی ئیجباری پایەکانی دەسەڵاتی جەهل و تاوانی ئیسلامییان خستووەتە لەرزە، بە نەزان و غافڵ وەسفی کردن کە گۆیا بەرنامەی دوژمن بەڕێوەدەبەن. ڕەئیسی خۆی لە گێلی دا و فریوکارانە وتی: ژمارەیان ئەم ژنانە کەمە و “بەشێوەی ڕێکخراو هاوئاراستە لەگەڵ بێگانەکان حەرەکەت دەکەن و لە داهاتوودا حەتمەن بەریان پێ دەگیرێ”.
وتەکانی ڕەئیسی سەبارەت بە حیجاب لە بارودۆخێکدایە کە باڵەکانی حکوومەتی ئیسلامی و بەتایبەت باڵی ڕێفۆرمخوازانی توندئاژۆ لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنانی تێکۆشەر یەکجار ترساون. لەبەرئەوەیکە هەموو کردەوەیەکی سەرکوتگەرانەی ڕژیم دژبە ژنان بەرەوڕووی دیواری پۆڵایینی موقاومەتیان بووەتەوە و شکستی هێناوە. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هیچ کام لە ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەوانە ڕەئیسی نەیوێراوە بەرپرسایەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریی ژنان بگرنە ئەستۆ. نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی “ژینا” و دەسپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری لە بارودۆخێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتیی گشتی دژبە ئەوزاعی فەلاکەتباری ئابووری بەرەوڕوویە، نیگەرانی و ئاڵۆزیی سەرانی ڕژیمی چەند هێندە کردووە. ساغکردنەوەی بەنهێنیی “لایەحەی حیجاب و عیفاف” لە مەجلیسی کۆنەپەرست و ژێرپێخستنی ڕەواڵی پەسندکردنی یاسا لە مەجلیس، نیشانەی ئەم ئاڵۆزی و نیگەرانییەی سەرانی حکوومەتی ئیسلامییە.
”ئیلنا” هەواڵێنریی کاری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی مانگی گەلاوێژ، لەسەر زاری نوێنەرێکی مەجلیس ڕایگەیاند کە مەجلیس ئەمڕۆ لە دەنگدانی “ئیستمزاجی”دا (واتە دەنگدان لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕەواڵی یاسایی) بڕیاری داوە تەرحی حیجاب و عیفاف بەبێ گەڵاڵەکردن لە مەجلیس و دەنگی نوێنەران، لە کۆبوونەوەیەکی غەیری عەلەنی و سنوورداری کۆمیسیۆنێکدا، پەسند بکرێت. بۆ پاساوکردنی زەروورەتی ئەم بڕیارە، چەند ڕۆژێک ژمارەیەک لە دەست و پێوەندەکانی ڕژیمیان لەژێرناوی “لایەنگرانی حیجابی ئیجباری” لە بەرامبەر مەجلیسی کۆنەپەرست و دەزگای قەزایی بەڕیزکرد کە گۆیا ئەم گەڵاڵەیە دەست و باڵی ئەوان لە بەڕێوەبردنی “ئەمری بە مەعڕووف” دەبەستێ و خوازیاری هەڵسووکەوتی توندتر لەگەڵ ژنانی بێ حیجابن. ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی گەلاوێژیش ئەندامێکی کۆمیسیۆنی مەجلیس بۆ دیفاع لە شێوازی بەنهێنیی پەسندکردنی لایەحەی حجاب بەبێ دەنگدان ڕایگەیاند: ”لە ئەگەری گەڵاڵەکردنی ئەم لایەحەیە لە سەحنی عەلەنیی مەجلیس، باسکردن و لێکدانەوەی سێ مانگ دەخایەنێ بەڵام ئێستا دوای جەمعبەندییەکی یەک دوو ڕۆژە بۆ شووڕای نیگەهبان دەنێردرێ.” بێگومان ئەم بابەتە نیشانەی شڵەژاوی و ئاڵۆزیی ناو حکوومەت و نیگەرانیی دەسەڵاتە لە سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی ئیعتڕازاتی خەیابانی. حەسەن نەورۆز ئەندامی کۆمیسیۆنی یاسایی و قەزایی مەجلیسی ڕژیم لەمبارەوە بە هەواڵنێری دانشجوی وت: ”پێویست ناکا هەموو نوێنەران نەزەر بدەن و خەڵک لە ڕەوتی لێکدانەوەی ئەم گەڵاڵەیە ئاگادار بن. ئەمە یاسایەکی “ئامێرە” و حاکمیەتییە و خەڵک پێویستە عەمەلی پێ بکەن”. بەڵام لەلایەکی ترەوە موحسین بۆرهانی، مامۆستای یاسا لە زانکۆی تاران کە گەلێک جار ڕەخنەی لە گەڵاڵەی حیجابی ئیجباری و هەڵسووکەوتی حکوومەتی ئیسلامیی گرتووە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گەڵاڵەی حیجابی ئیجباریی بێشەرمانە وەسفکرد و ئەم شێوەیە لە یاسادانانی مەجلیسی ئیسلامیی شەرمەزاری ناولێنا و بە لاتبازیی ناو کۆڵانی خەڵوەت تەشبیهی کرد و وتی سەردەمی ئەم لاتبازاڕییانە بەسەرچووە. بەڕێوەبردنی ئەم شێوازانە لەلایەن ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامییەوە تەنها بەخاتری زەمان نییە بەڵکوو دەزانن کە عەلەنی کردنەوەی پیلانی سەرکوتگەرانەیان دژبە ژنان دەبێتە هۆی هەڵچوونی تووڕەیی و نەفرەتی جەماوەری خەڵک. پرسیار ئەوەی کە وەها یاسایەکی ئیسلامی کە حکوومەت خۆی ناوێرێ بەئاشکرا لە مەجلیسدا باسی بکات و پەسندکردنی بە ژمارەیەک بەکرێگیراوی خۆی دەسپێرێ، بەڕاستی چۆن دەتوانێ لە کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت؟
دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بەئامانجی سەرکوتی شۆڕش و بردنەوە ناوماڵی ژنان و زەوتکردنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، بەرەنگاری ژنان بووەوە و حیجاب ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژنانی بە هێرشی وەحشیانە بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند. بەڵام ژنانی خەباتکار هەرگیز تەسلیمی ئەم سووکایەتی و کۆنەپەرستییەی یاسای ئیسلامی نەبوون. بزووتنەوەی ژنان بەتایبەت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە ستوونە قایمەکانی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا بووە کە لە ئاخێزی سەرانسەریی “ژن – ژیان – ئازادی”دا خۆی بە هەموو جیهان ناساند و حکوومەتی ئیسلامیی داماو و زەبوونتر کرد. دەسەڵاتی ئیسلامی هەر لەو کاتەوە هەوڵی دا لەڕێگەی پەسندکردنی یاسای کۆنەپەرستانەی “حیجاب و عیفاف”ەوە بەرەنگاری ئەم بزووتنەوە ڕەسەنە کۆمەڵایەتییە بێتەوە. سەرەتا دەزگای قەزایی ڕژیم گەڵاڵەیەکی ٩ مادەیی ئامادەکرد. دەوڵەتی ڕەئیسی کردی بە ١٥ مادە و بۆ مەجلیسی نارد و کۆمیسیۆنی بەناو یاسایی و قەزایی ئەم گەڵاڵە دژەژنەی کرد بە ٧٠ مادە. ناوەرۆکی هەموو بڕگەکانی ئەم گەڵاڵەی دژەئینسانییەی کە ڕژیم نەیوێراوە لە مەجلیس بەئاشکرا باسی لێبکات و خەڵک لێی ئاگادار بێتەوە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری سەرکوتی ئەو جەماوەرەیە کە دەمێکە یاسای کۆنەپەرستانە و پرتووکاوی ئیسلامییان خستووەتە ژێر پێ. ئەم گەڵاڵەیە بەجۆرێک ئامادەکراوە کە خەڵک بخاتە بەرامبەر یەکتر و بەمجۆرە بە خەیاڵی خۆیان دەیانهەوێ لە نێوانیاندا تەفرەقە و دوژمنایەتی دروست بکەن تا توانای ناڕەزایەتی و مانگرتنیان بەرامبەر بە ڕژیم کەم بێتەوە.
لە گەڵاڵەی سەرەتایی “حیجاب و عیفاف”دا تەنها هێزی ئینتزامی دەیتوانی بەکردەوە بەرەنگاری ژنانی “بێ حیجاب” بێتەوە. بەڵام لە دەقی نیهایی ئەم گەڵاڵەیەدا بێجگەلە هیزی ئینتزامی، بە ناوەندەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات، سازمانی ئیتلاعاتی سپا و سازمانی ئیتلاعاتی فراجا و هەروەها فەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکان، بەسیج و ستادی ئەمری بە مەعڕووف و نەهی لە مونکەر و باقیی ناوەندەکانی تەحمیق و سەرکوت، ئیجازەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنان دراوە.
ڕژیمی ئیفلاسی ئیسلامی لە بارودۆخێکدا دەیهەوێ بەنهێنی دەست بداتە ئەم کردەوە زەبوونانە و پێشگرانەیە کە بەرەوووڕی ناڕەزایەتیی جەماوەری و مانگرتنی کرێکارییە. قەیرانی ئاو، قەیرانی نان، قەیرانی هەوا، قەیرانی قووڵی ئابووری کە خەڵکی بەرەوڕووی هەژاری و تەنگدەستی کردووە، هێڵی هەژاریی ٣٠ ملیۆن تمەن لە بارودۆخێکدا کە حەقدەست و حقوقی کرێکاران، موعەلیمان، کارمەندان، خانەنشینان و پەرستاران چوار بەرابەر خوارتر لەم ئاستەیە، دابەزینی بەهای ڕیاڵ، سەرکوت و ئێعدام و زیندانیکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نەیارانی سیاسی، کۆمەڵگای کردووەتە هاوشێوەی بۆمبێکی ساعەتی کە هەردەم ئەگەری تەقینەوەی لەئارادایە. لە وەها بارودۆخێکدا و لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری، حاکمانی ڕژیم بەخەیاڵی خۆیان بە پەسندکردنی وەها گەڵاڵەیەک و بە سازماندانی هێرشی بەرگرانە دەتوانن فەزای وەحشەت و ترس بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکەن و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، ژنان و پیاوانی بەرابەریتەڵەب و ئازادیخواز لە داخوازییەکانیان پاشگەز بکەن. بەڵام بێگومان ئەم هەوڵە سەرشۆڕانەیەی سەرانی حکوومەت لەگەڵ درێژەی خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، حیجاب دەکاتە ئەو تەنافەی کە لە گەردنی ڕژیمی ئیسلامی دەهاڵێ.